نەوتەكەی هەرێم، گۆڕان دەكات بە دوو بەشەوە

ڕاپۆرت 17/06/2019

سكاڵای چەند پەرلەمانتارێكی گۆڕان لەبەغداد دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوە كە نەوت رادەستی بەغداد بكات، كێشەی لەنێوان پارتی و گۆڕان لەلایەك و خودی گۆڕان لەناوخۆدا دروستكردوە.
غالب محەمەد و هۆشیار عەبدوڵڵا لەو پەرلەمانتارانەی گۆڕانن كە لە بەغداد دژی حكومەتی هەرێمی سكاڵایان تۆماركردوە بۆ ئەوەی چارەنوسی سێ موچەی 2019ی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرابكرێت. هاوكات ئەوان جەخت لەوەدەكەنەوە، كە پێویستە حكومەتی هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات.
بەڵام سیاسەتی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان دژی ئەم هەوڵی پەرلەمانتارەكانیەتی و هەرزوو چالاك موهەندیس هەڵسوڕاوی گۆڕأن، رایگەیاند: سكاڵاكەی غالب محەمەد بەتاڵە.
لەلایەكی دیكەوە، مەجید ساڵح، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان، لەنوسینێكدا لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك، ئاماژە بەوەدەكات كە نەوشیروان مستەفا دژی ئەوەبوە هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات.
دەقی نوسینەكەی مەجید ساڵح:


ئایا نەوشیروان مستەفا رازی بوو بەوەی نەوت رادەستی بەغدا بکرێت؟ 
ئەمە پرسیارێکی گرنگە و هەم خەڵک و هەم گۆڕانخوازان وڵامی جیاجیان بۆی هەیە، لێ، کاک نەوشیروان وەڵامێکی کورت و روونی پرسیارەکەی داوەتەوە و نووسیویەتی:
"دەربارەی گرێبەستەکانی نەوت:
یەکەم، سامانی سروشتی، سەرزەوی و ژێرزەوی، هەرێم لە ژێر دەسەڵاتی هەرێم خۆی دا بێ.
دوەم، هەرێم دەسەڵاتی هەبێ، بانک و کۆمپانیای بێگانە، بانگ بکا و هانیان بدا بۆ کارکردن و سەرمایەگوزاری لە کوردستان دا.
بەڵام:
سێیەم، هەرێم هەر گرێبەستێ بکا، پێویستە مەرجەکانی هەردولای گرێبەستەکە و ناوەرۆکەکەی رون و ئاشکرا بێ.
چوارەم، داهاتەکەی بخرێتە سندوقێکی تایبەتیەوە، بە موافەقەتی پارلەمان، تەنیا بۆ دو مەبەست بە کار بهێنرێ:
چوارەم – ١: بنیاتنانی ژێرخانی ئابوری.
چوارەم – ٢: بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەرانی دانیشتوان."

هەر گۆڕانخوازێک و پەرلەمانتارێکی گۆڕان پێچەوانەی ئەم وڵامە لێدوان بدات نەیاری ستراتیژی و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕانە...