لەسەر فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقامەكان قایمقامیەتی سلێمانی هۆشداری دەدات

تەندروستی 16/06/2019

 

چاودێر

قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی سەربڕینیان لە شەقام و كۆڵانەكان، و بەدەر لە ڕێنماییە ڤێترنەری و تەندروستیەكان، لیژنە هاوبەشەكانیان دەستیان بەسەر بڕێك گۆشتی سوردا گرتوە.
قایمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندوە، لە دو رۆژی رابردودا، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە دەست بەسەر چەند ئاژەڵێكی سەربراودا گیراوە، كە خاوەنەكانیان بەدەر لە رێنماییە ڤێترنەری و تەندروستیەكان سەریاندەبڕن و لە شەقام و شارێكان، بەهاوڵاتیانی دەفرۆشن. 
ئاماژەی بەوشەكردوە، ئەو ئاژەڵانەی لەسەر شەقام و شارێكاندا دەفرۆشرێت، پشكنینان بۆ ئەنجام نەدراوە دور لە رێنماییەكانیان سەردەبرێن، هەروەها گۆشتەكەی گومانی گواستنەوەی نەخۆشییە هاوبەشەكانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵی لێدەكرێت كە مەترسی بۆسەر تەندروستی بەكارهێنەرانی دروست دەكات.
قایمقامیەتی سلێمانی دەشڵێت، "داوا لە هاوڵاتیان دەكەین، ئەو جۆرە گۆشتە نەكڕن لەشەقام و شاڕێكاندا دەفرۆشرێت هەروەها لە دوكانی گۆشفرۆشەكاندا پێش ‌كڕین لەو مۆرەی بەسەر گۆشتەكەوەیە دڵنیابنەوە و لەكاتی هەبونی گۆشتی مۆرنەكراو لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەت ئاگادار بكەنەوە".