زۆر بەکارهێنانی ئینتەرنێت مێشک دەپوکێنێتەوە

تەندروستی 16/06/2019


چاودێر
نوێترین توێژینەوەی زانستی دەریخستوە، زۆر بەكارهێنانی ئینتەرنێت دەبێتە هۆی لاوازكردن و پوكانەوەی مێشك و لەسەر چۆنیەتی كاركردنی مێشك كاریگەری دروستدەكات.
ژمارەیەك زانای ئەمریكی و ئوسترالی و ئەوروپی لە نوێترین توێژینەوەیاندا بۆیان دەركەوتوە، ئەو كەسانەی بە شێوەیەكی زۆر و بەردەوام ئینتەرنێت بەكاردەهێنن بە بەراورد بەو كەسانەی كەمتر ئینتەرنێت بەكاردەهێنن لە چالاكیە هزریەكاندا لاوازترن و بە ئاسانی یادگەیان پەرتدەبێت.
لە توێژینەوەكەدا سەدان بەشداربو تاقیكردنەوەی یادەوەری و ژیریان ئەنجامداوە و دواتریش پشكنینی مێشكیان بۆ كراوە، پاش ئەوەی توێژینەوەكە كۆتاییهاتوە، ئەنجامەكەیان لە رۆژنامەی " World Psychiatry" بڵاوكردوەتەوە.
جۆزێف فیرس، ئەو زانایەی بەڕێوەبەری توێژینەوەكە بوە دەڵێت "ئەو زانیاری و ئاگاداركردنەوە بێسنورانەی كە لە ئینتەرنێتەوە بەردەستە، دەبێتە هۆی پەرتبونی ئاگایی و هزری بەكارهێنەرانی، ئەوەش وادەكات نەتوانین بە تەواوەتی هزرمان لەسەر یەك بابەت چڕبكەینەوە". 
ئاماژە بەوەشدەكات "لەكاتێكدا دەتوانین بە شێوەیەكی ئاسان و هەر كاتێك بمانەوێت زانیاریە پێویستەكان لە ئینتەرنێتەوە وەربگرین، كاریگەری لەسەر چالاكیەكانی بەشی خەزنكردنی زانیاری مێشك دروستدەكات و ئەو هەستە دەبەخشێت كە پێویست ناكات زانیاریەكان لە یادماندا بمێننەوە".
بە وتەی ئەو زانایانە "ئەنجامەكانی ئەو توێژینەوەیە ئاماژەیەكی مەترسیدارە، كە پیشانی دەدات نەوەكانی ئینتەرنێت بەهۆی تەكنەلۆژیاوە زیانێكی زۆریان پێدەگات و دابڕینیان لەو داهێنانە كێشەیەكی گەورە دروستدەكات".