چی لەبارەی نەخۆشی گەنمەوە دەزانیت، چۆن نیشانەكانی دەناسیتەوە؟

تەندروستی 16/06/2019


چاودێر: تابان رەزا
نەخۆشی گەنم  بریتیە لەدروستبونی  هەستیاری بەپرۆتینی گلووتین  كە ئەم پرۆتینە لە گەنم و جۆ دا هەیە، كەسی توشبو بەنەخۆشیەكە نابێت ئەو خواردنانە بخوات كە گەنم و جۆی تێدایە، ئاوسانی سك و ڕشانەوە و تێكچونی باری دەرونی كەسەكە، بەیەكێك لەنیشانەكان دادەنرێت،  پزیشكێكی پسپۆڕ لە گەشەی منداڵ، دەڵێت"  بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە دەبێت بۆ ماوەی ٣-٦ مانگ ئەو خواردنانەی لە گەنم و جۆ دروست كراون نەدرێت بە منداڵەكە، تا بزانرێت منداڵەكە توشی نەخۆشی گەنم بوە یان نا"
نەخۆشی گەنم (celiac disease) چییە ؟
د.ئـاكــــۆ كـــریــم جـــــلال، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و خۆراك و گەشەی منداڵ، ئاماژەبەوەدەكات، نەخۆشی گەنم یان نەخۆشی سیلیەك بریتیە لە دروست بوونی هەستیاری بە پرۆتینی گلووتین، ئەم پرۆتینە لە هەندێ خواردن هەن بە زۆری لەو خواردنانەی كە لە گەنم و جۆ دروست دەكرێن، هەروەها  ئەو دژە تەنانە هێرش دەكەنە سەر خانەكانی ریخۆڵە باریكە وە دەبنە هۆی تێكشكانی خانەكانی ریخۆڵە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ریخۆڵە كاری ئاسایی خۆی نەكات كە ئەویش كە هەرس كردن و هەڵمژینی خواردنە.
هۆكارەكانی  نەخۆشیەكە
 ئەو پزیشكە پسپۆڕە، باس لەوەدەكات،  توشبون بەم نەخۆشیە فرە هۆكارە، بەڵام لەلای زۆربەی نەخۆش هۆكارەكەی بۆماوەییە واتا جیناتی ئەو كەسە هەستیارە بەو پرۆتینە بۆیە دژە تەنی بۆ دروست دەكات كاتێ ئەو كەسە پرۆتینی گلووتین بخوات.
كەی نەخۆشی گەنم دەردەكەوێت؟
‎د.ئـاكــــۆ كـــریــم جـــــلال، رونیدەكاتەوە، منداڵ دوای ئەوەی خواردنی پێی دەدرێ لە شەش مانگییەوە نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە ئەگەری هەیە وردە وردە دەركەوێ واتا پێش شەش مانگی تەمەن منداڵ، لەبەرئەوەی تەنها شیر دەخوات نەخۆشی گەنم گەر هەبێت نیشانەكانی دەرناكەوێ.
‎ وتیشی، بەزۆری لە ٩ -٢٤ مانگی تەمەن نیشانەكانی دەردەكەوێ، بەڵام هەندێ جار تا تەمەنی گەورەش نیشانەكانی دەرناكەوێ  واتا ئەم نەخۆشییە سێ جۆری هەیە : ئەوانەش
‎١. لە تەمەنی ٩-٢٤ مانگی نیشانەكانی دەردەكەوێت( بە زۆری وایە)
‎٢. ئەگەری هەیە كەسەكە نەخۆشیەكەی هەبێت لە هەر تەمەنێكدا بێت نیشانەكانی دەركەوێت .
‎٣. ئەگەری هەیە كەسەكە نەخۆشییەكەی هەبێت، بەڵام دەرنەكەوێت.

‎ نیشانەكانی نەخۆشی گەنم 
ئەو پزیشكە پسپۆڕە لەبارەی نیشانەكانی نەخۆشیەكەوە، باس لەوەدەكات، كەسی توشبو بەگشتی ئەم نیشانانەی لای خوارەوەی تێدا دەردەكەوێت: 
1. بەزۆری ئەو نیشانانەی دەبێت كە پەیوەندی بە كۆئەندامی هەرسەوە هەیە وەك سك چوونی درێژ خایەن، ئاوسانی سك، ئازاری سك، ڕشانەوە، حەزی  بۆ خواردن نامێنێت و  كێشی زیاد ناكات یان كێشی كەم دەكات.
2. منداڵەكە باڵای زیاد ناكات.
3. منداڵ باڵغ بوونی دووا دەكەوێ.
4. كەم خوێنی بەهۆی كەمی مادەی ئاسن وفۆلیك ئەسید و ڤیتامین B12.
5. ئێسكە نەرمە بەهۆی كەمی ڤیتامین دی و كالیسیوم.
6. تێكچونی دەروونی منداڵەكە وەك خەمۆكی و قەلەقی، هەندێ جار نیشانەكانی نەخۆشی ئۆتیزم دروست دەبێت لە منداڵەكە.
7. درەنگ ددان دەرهاتن یان خراپ دروست بوونی ددان.
8. لە هەندێ حاڵەتی دەگمەن گەشكە دروست دەبێت لە كەسی توش بوو.
9. هەندێ جار گەر چارەسەر نەكرێ دەبێتە هۆی شێرپەنجەی ریخۆڵە بۆیە زۆر گرنگە ئەم نەخۆشییە زوو دەستنیشان بكرێت و چارەسەر بكرێت.

دەستنیشان كردنی نەخۆشی گەنم 
د.ئـاكــــۆ كـــریــم جـــــلال، لەبارەی دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكەوە دەڵێت" گەر نیشانەكانی زۆر ئاشكرا بوو دەتوانی بۆ ماوەی ٣-٦ مانگ ئەو خواردنانەی لە گەنم و جۆ دروست كراون نەیدەیت بە منداڵەكە بە تەواوی پاشان چاودێرییەكی بەردەوامی منداڵەكە بكەیت تا بزانرێ نیشانەكانی نەخۆشییەكە نامێنێت دوای ئەو ماوەیە ئینجا جارێكی تر ئەو خواردنانەی بدەیتەوە گەر جارێكیتر نیشانەكانی دەركەوتەوە ئەوە دەوترێ منداڵەكەت نەخۆشی گەنمی هەیە"
ناوبراو وتیشی، پشكنینی خوێن بۆ دیاری كردنی دژە تەنی گلووتین، هەندێ جار بەزۆری لە منداڵی ژیر تەمەن ٢ ساڵ ئەم پشكنینە نەخۆشییەكە دەست نیشان ناكات، نازووری ریخۆڵە كە زۆربەی جار بەم نازوورە نەخۆشییە دەست نیشان دەكرێت.
چارەسەرەكان
ئەو پزیشكە،  باسی لەوەشكرد، ئەم نەخۆشییە بۆماوەییە(وراپیە) پەیوەندی بە جیناتەوە هەیە بۆیە چارەسەری نییە، تەنها چارەسەر ئەوەیە ئەو منداڵە دەبێت بۆ هەموو تەمەنی ئەو خواردنانەی كە لە گەنم و جۆ دروست كراون نەیخوات.
*دەتوانی نان و سەموون و كێكی لە ئاردی دانەوێلەی گەنمە شامی بۆ دروست بكەیت، چونكە پرۆتینی گلوتینی تێدا نییە.
*  لەسەرەتای چارەسەر دەبێت شەكری لاكتۆز كە لە شیردا هەیە نەیخوات یان كەمی بكاتەوە.
* وەرگرتنی ڤیتامینات بە زۆری ڤیتامینE, B12, D, B9, لەگەڵ كالیسیوم و مادەی ئاسن.