کە دەمرین و شەهید نابین

ڕەخنەی چاودێر 15/06/2019

کە دەمرین و شەهید نابین
ئەحمەد حاجى سامى

بارانێک پڕ لە عەترى خودا، پڕ لە عەترى جەننەت، پڕتر لە عەترى فریشتەکان، بە ئەندازەیی ناشرینیەکانى ئێرە؛ جوانیەکانى خۆیی، بە ئێمەیی زیندانى شەو نیشان دەدات. بارانێکە لە پایزێکى زەردا، گەڵاکان دەکاتە دوژمنى با، وەک شەستەیەک بە لێوارى مەرگیان دەبات. بارانێکە هەرگیز لە نمایشەکانى خۆیی ناوەستێت و تا ئەبەد دەبارێت.

ئەو دەبارێت و نازانێت، لە شەوێکى درەنگدا، سەربازێکى تووڕە، بە ماشێنێکى تووکنەوە؛ کە لاشەیی سەدان سەربازیی خەسێندراوى هەڵگرتووە، لە وەهمەوە دێت. دێت و بە گوێى نیشتیماندا دەچرپێنێت: ئێمە دۆڕاین .. دۆڕاین و لە جەنگێکى تردا، تەرمى هاوڕێکانى ترمان دەهێنینەوە، کە ئێستا لە ژێر تەپوتۆزى جەنگى تۆدا نیشتوون و گۆرانى مەرگ دەچڕن. دێت و باوەش بە پیرەژنێکى نەخوێندەوار دەکات، کە تەرمى سەدان سەربازیی عاشقى کفن کردوە. بەڵام ئەوان هەرگیز بۆ دایکیان نەدەگریان، کاتێ تفیان لە یەکتر دەکرد و فیشەکدانەکانیان هەڵدەگرتەوە. باوەش بە بێوەژنێکى خۆڕاگر دەکات، کە تەرمى سەدان سەربازیی گرینۆکى ناشتوە، بەڵام ئەوان هەرگیز بڕوایان نەدەکرد، گۆڕهەڵکەنەکان لە جنسى ئافرەتە کافرەکان بن و لە ناو گۆڕستانەکان تەپڵى گومڕابوونى خۆیان لێ بدەن.

جەنگێکە لە ترسى جەنگێکى تر. جەنگێکە بۆ تۆڵەکردنەوەى مەرگى سەربازێکى تر. لێرەدا، لە نیشتیمانى خوداکان، هەڵپەیی زانینى ئێوارەیەکى خەمگین دەکات، کە دەزانێت جەنگ تەواو نابێت و ئەوان بۆ جەنگێکى تر دەڕۆن. بەڵام دەزانێت ئەو جەنگە باشترە لە جەنگێکى تر .. باشترە لە وەهمێکى تر .. کە پڕە لە نەمرى ئەو سەربازانەى بوونە تفەنگ. بوونە فیشەک. بۆ گیانى ئەو سەربازانەى ڕایانکرد.

جەنگێک کە لێرە کۆتایی نایەت، هەرگیز ڕێگە بە جوتیارە پیرەکانى نادات کێڵگەکانى بە تووتن داپۆشن. ڕێگە بە نووسەرە دۆڕاوەکانى نادات باسى خۆشەویستى بۆ بکەن. ڕێگە بە موسافیرە بێ ناسنامەکانى نادات لە کۆڵانەکانى بخەون. چونکە ئەو جەنگە؛ جەنگێگە دژ بە خۆیی. دژ بە عەقڵى خۆیی. دژ بە رووخسارى خۆیی. بەڵام جەنگێکە لە پێناو ئەوانەى کە نازانن بژین .. لە پێناو ئەو ڕۆحانەى کە زووتر لە وادەیی خۆیان کێشران ..

ئەى خودای جەنگەکان .. ئەى ڕەشکەرەوەیی ئینسانەکان .. سەردەمێک بۆ ئێمە دەگریایت و سەردەمێک بۆ خۆت. سەردەمێک عاشقى ئێمە و سەردەمێک دژى ئێمە بوویت. سەردەمێک هێزت دەدایە کوڕەکانت و سەردەمێک لەناوت دەبرد. سەردەمێک تاجت دەخستە سەرى قاچاغچیەکان و سەردەمێک پەیکەرت بۆ درووست دەکرد. سەردەمێک بەرقاپى دەروێشەکان و سەردەمێک پەناگەیەکى ساردوسڕی ئیمامەکان بوویت. چۆن دەستت تێ چوو؛ خیانەت لە ئێمەیی کڕنوشبەرت بکەیت. کە دەتزانى لەو قەرنە ئەلیکترۆنیەدا، هیچ غوبارێک نەماوە تەرمى ئێمە بگرێتە خۆ. هیچ گۆرانیەک نەماوە بۆ مەرگى ئێمە لێ بدرێت. کە ئاگرەکان تەنها دەزانن، باغەکان ڕاوبکەن. کە شاعیرەکان تەنها دەزانن، وشە خامۆشەکان بخەنە ناو دێرى قەسیدەکان. تۆش هێندە لە ئاوێنەوە سەیرى برینەکانى خۆت مەکە، چونکە کەشتیەکان بە شەپۆلى خۆت گەیشتنە بەندەرەکان. تارماییەکان بە جادوویی ڕەشى خۆت، هاتنەوە دارستانەکان.

ئەى هەتاوێک کە لە ڕۆژێکى گەرمى جەنگدا، رق و کینەى ئێمە هەڵدەمژى. چۆن ئێمەیی لەناوبەرى تاغوتەکانت فەرامۆشکرد، کە دەتزانى گەوهەرەکان چیدى نادرەوشێنەوە. دەعباکان چیدى منداڵیمان نادزنەوە. کە دەتزانى ئێمە پیشەمان ڕەنگکردنى تابوتەکان بوو. کە دەتزانى تابلۆ ڕەونەقدارەکان، لە بڕى خەڵوزەکان گڕ دەگرن. پەنجەرە داخراوەکان، لە بڕى شەو وڕێنە دەکەن. خۆت حەشاردا، چونکە ئێمە تەنها دەمانزانى بمرین .. تەنها دەمزانى برینەکان بژمێرین ..

ئێمەیی ڵاڵ .. ئێمەیی نەخۆش .. کە لە مەیدانى جەنگدا مردنى براکانمان دەبینین. مردنى ئاڵا بە دەستەکان دەبینین. مردنى ئەسپسوارەکان دەبینین. بەڵام هەرگیز نەمانبینى سەرکردەیەکى ترسنۆک بمرێت. وەزیرێکى گەندەڵ هەتک بکرێت. سەرۆکێکى نەبینراو هەڵبواسرێت. ئەو جەنگە لە ئەزەلەوە؛ بۆ گیانى ئێمەیی پەناهەندە هاتوە، کە جەنگێکە ئێمە دەمرین و شەهید نابین ..

ئێمە لە ناو تابوتێکى شیندا، دەگەڕێینەوە ئاسمان. کە هێشتا جەنگەکان بڕیارى مانەوە لە ژیان دەدەن. کە هێشتا جەنگەکان خەونەکانى ئێمە دیاری دەکەن. ئێمەیی منداڵى تۆ، کە گوێمان بە مۆسیقاکانى هەقیقەت ئاخنراوە، لە گەردوونى تۆدا، دەستمان لە ئەستێرەکانت ترازا و کەوتینە ناو جەنگەوە. ئێمە کە نەمانتوانى درزى نێوان دەقەکان بەیەکەوە بگەیەنین، وەک کارەکتەرێکى درۆینە؛ مردنى قەلەڕەشەکانمان بینى، کە دواهەمین نامەکانى خۆیان دەدایە جنۆکەکانى قەدەر. مردنى گوێدریژە دەنگخۆشەکانمان بینى، کە بە زەڕینەکانى سەربازەکانى هاندەدا. مردنى مەلە فێڵبازەکانمان بینى، کە باڵەکانى خۆیی دەکردەوە و ڕیقنەیی بەسەر سەربازەکان فرێدەدا. مردنى تیمساحە مەشقدەرەکانمان بینى، کە بە قامچى سەربازەکانى دەشێلا. بەڵام ئەو جەنگە؛ جەنگى ئێمەیە .. ئێمەیی شاهێد بە مەرگى سەربازەکان. ئێمەیی گومڕا بە پیرۆزیەکان. ئێمەیی پاسەوانى دەرگە داخراوەکان. ئێمەیی سێبەرى کتێبە ڕەشەکان.

ئەى پینەدۆزى زەمەن .. ئەى تاعونى مەملەکەت .. وشەیەک بۆ زمانفرۆشەکانى ئێرە بهێڵەوە، کە ئێمەیی تۆمەتبارى قیامەت دەچەوسێننەوە. رەهبەت بخە دڵى خانەدانەکانى ئێرە، کە ئێمەیی کوێرکراوى جەنگ دەکەنە قوربانى جەژنە گڵاوەکانىخۆیان. ئێمە لە جەنگدا، هەگبەیی بە تاڵى خۆمان پینە دەکرد. تەنهایی خۆمان ڕاڤە دەکرد. کە چەندە بوێرانە؛ لە تاریکیەکان هەڵدەهاتین وتەلبەندەکانى غروورمان دەبەزاند. کەچى جەنگ، نەغمەیەک بوو هەرگیز نەمانبیستبوو. بەڵام دیوارە پۆڵاینەکان بە دەنگى ئەو شکان. پەردەى ژوورە پیسەکان لە ترسى ئەو خۆیان بۆ نەگیرا و دڕان. کەچى ئێمە هەرگیز ناتوانین ئاوازەکانى جەنگ بژەنین ..

ئێمەیی خزمەتکارى تۆ، لە حەنجەتێک دەگەڕاین، تا گەڕیدەکان لە زەمینت وەدەرنێین. کە ئەوان بە دەستنووسێکى بێ ناو؛ بەو ناوە دەسوڕانەوە. ئەى کوژراویی دەستى قەدەر. سەیرکە ئەو جەنگە، جەنگێکە لە پێناو سڕینەوەى مێژوویی خواجەکان .. جەنگێکە لە پێناو تاڵانکردنى زێرابەکان .. جەنگێکە سەرخۆشە بە بۆنى ئێواران؛ بەڵام هەرگیز حەزى بە پیاسەکرنى شەو نەکردوە. چونکە لە شەودا بۆ مەرجانە کلسەکانى ناخى خۆیی دەگەڕا و بۆیی نەدۆزراوە. چونکە ئەو تەنها لە تاریکى ڕاهاتبوو. ئەو تەنها تاریکى دەویست.

جەنگێک من دەمرم و تۆش لە لێوارى دەریایەکى تەنگدا؛ هەست بە تەنهایی ناکەیت. چونکە من لە ئێوارەیەکى جوان، دەستە سڕبووەکانى تۆم نەگرت، کە لە دەریادا نقووم دەبوویت. پیاسەم بە جلە تەڕبووەکانى تۆ نەکرد، کە هێواش هێواش خوێنتى دەگوشى. ئایەتەکانم بۆ نەخوێندییەوە، کە منى ئاڵودەبوو دەستى خۆمم بۆ نەدەگیرا و دەکەوتم.

ئەى بۆشاییە گەورەکەى دامێنى هەورەکانم .. ئەى ڕێبوارە ماندووەکەى بیابانم .. ئەى تارژەنە خەمبارەکەى ناو شیعرکانم .. کە بەیانییەک لە دووبارەبوونەوەی خەونەکانت بێزار بوویت، داوایی چیڕۆکى تازەم لێ مەکە. چونکە من لە سپێدەیەکى زوودا، دەروازەیی قەڵاکەى تۆم شکاند و گەڕامەوە باوەشى تەنهایەکەمەوە. تۆیەک کە لە حۆریە لێ خۆشبووەکانى ئێرەی، هەرگیز دووعا بۆ منى گومڕا مەکە. کە من دەمرم، بەختى ڕەشى ئەو کچە قەیرانە دەکرێتەوە؛ کە سەدەیەکە چاوەڕیی کۆتایهاتنى جەنگەکان دەکەن. سەدەیەکە خەون بە شەوێک دەبینن، تەنها نەبن. چونکە زەمەنێکە چێژیان لە جنسى ئێمە وەرنەگرتوە. بەڵام من گومڕام و دەخرێمە دۆزەخەوە، چونکە لە جەنگدا بەرسڤى پەیامبەرێکى ترم داوە. لە جەنگدا بتەکانم شکاند و لە خواوەندەکان هەڵگەڕامەوە ..

جەنگێک هەست بە ڕەشبوونى ئێرە ناکات، هەست بە تاریکبوونى ڕۆژەکانمان ناکات، چونکە دەزانێت مردنى ئێمە، تەڵخبوونى وێنەى کاهینێکى ڕووتە لە بەرگى دەفتەرێکى ئیلاهیدا. لێکبوونەوەى قوفڵێکى ڕەشە، بە پردە تەنگ و باریکەکانى مەنفادا. مردنى ئێمە، ئاوەڕدانەوەیەکى ترە بۆ ئایەتە شێواوەکانى ئێرە. جەنگێکە منى ژەنیار دەمرم، تۆش کە لە نەوەى شاژنە بە ویقارەکانى حەننەتى؛ هەرگیز هەست بە تەنهایی ناکەیت .. چونکە من شەهید نابم و نابرێمە بەهەشتەوە ..

ئەى راوچى مۆسیقارەکان .. ئەى کۆکەرەوەیی برینەکان .. تۆ پشتت لەو ڕۆژانە کرد، کە تاریکى چراکانى خۆیی پێ هەڵدەواسى. تۆیی زیندوو؛ پشتت لەو شەوانە کرد، کە ڕووناکى ئیرەیی بە گەرداوەکانت دەبرد. تۆ کە نازانى مردن چییە و بریندار چ ئازارێکى هەیە، بێ ئەوەى خۆت نیشان بدەیت، پشتت لەو ژیانە سەرمەدییە کرد، کە دەیەها خەونى گەورەیی تێدابوو. پشتت لەو ئەکتەرە درۆزنانە کرد، کە زەردەخەنەیان بۆ دوژمنەکانت دەکرد. پشتت لەو منداڵە چکۆلانە کرد، پێش ئەوەى بمرن، هاواریان بۆ تۆ دەکرد، کە چەندە زاڵمانە ئەوانت جێهێشت. پشتت لەو کۆچەریانە کرد، کە بە هەڵە ڕێیان کەوتە سەر ڕێى دژوارى تۆ، بە تفەنگ پێشوازیت لێ کردن، تا لە دواوە تەقە لەو کوڕانەت بکەن، کە سەدەیەکە تۆیان پاراستوە. ئەوان دەمردن و ئێوەش بزەیی سەرکەوتنتان دەکرد. بەڵام ئەو کۆیلانەت نازانن جەنگ هیچ نییە، جگە لە مردنى سەربازە بیریارەکان و مانەوەى ئاغازادە خۆپەرستەکان. ئەوان نازانن، جەنگ مردنى لاوە وجاغکوێرەکان و لە دایکبوونەوەیی بەچکە بەرپرسەکانە. کە جەنگ هیچ نییە و قەت نابێت بە هیچ.

درەنگ لەوە گەیشتین، خۆنیشاندانەکان تەنها بۆ گۆڕینى دەستەواژەیەکى پووچە. کە ئێمە پێشبینى جیهانێکى ترمان بۆ خۆمان دەکرد.مردنیش ڕووداوێک بوو؛ بۆ زامنکردنى وشە قۆڕ و قەبەکان. کە ئێمەیی شۆڕشگێڕ، بێ ئەوەى لە ماناکانی بگەین، هەژارەکانمان پێ سەرخۆشکرد. لەسەر تەختە ڕەقەکانى کۆشک، سەمامان بە کچەکانى ئەوان دەکرد. جەنگ هیچى لە ناشرینیەکان نەگۆڕى؛ تەنها ڕووخسارى پیرۆزى ئێمەیی ئادەمخۆر نەبێت، کە بووینە عەزازیلێکى گەڕۆک و بۆ هەمیشە تەرازوویی گوناهەکانى خۆمان لەنگ کرد.

من کە دواهەمین سەربازى تۆم؛ هەرگیز بیر لە تۆ ناکەمەوە. بیر لە وەهمى شۆڕشەکان ناکەمەوە. چونکە فرمێسکم بۆ فریشتە جوانەمەرگەکانى عەدەم نەڕشت. یادەوەرى ئەو شەوانەم ناشت؛ کە مەرگى خۆمان تەفسیر دەکرد. بەڵام ئەوە تاقیکردنەوەى واقیعە، کە نازانێت ئێمە چەپۆشین بە بۆنى تاڵیەکانى ئێرە. پڕین لە خوێن. پڕین لە فەرموودەکان. پڕین لە برین و مۆسیقاکانى غوربەت. کە هەمیشە لە کەلێنى بەردەکان خۆمان خاڵى دەکردەوە. کە هەمیشە لە بەرزایی چیاکان ئازارەکانى خۆمان دەژەنى.

ئاگر کە مەزنى خۆیی بۆ ئەربابەکان سەلماندوو. تاریکى کە ئاسمانى ئێمەیی تەنیوە. جەنگ کە تەختى شانۆکانى ئێرەی داگیرکردوە. هیچ بۆ ئێمە ناهێڵێتەوە، بڵێسەیەکى بەتین نەبێت، بۆ خنکاندنى خۆڵەمێشیەکانى ناوەوەمان. چەقۆیەکى تیژ نەبێت، بۆ مل پەڕاندنى شەیتانەکانىناخمان. کەچى ئەو جەنگە؛ تاعونێکە ئێمەیی سەرباز، تەنها دەتوانین لێی دوورکەوینەوە. وێرانەیەکە ئێمەیی سەرباز، تەنها دەتوانین لێی بنۆڕین. بەڵام جەنگ شەڕابێکى پێنەگەیشتوبوو، ناچاریانە نۆشیمان. کەچى ئێمە بووینە حەشیش .. بووینە تلیاک .. بووینە مەیی و جگەرەیەکى وشک؛ بۆ شەوێک کە سەربازەکان چیدی نەتوانن ببنەوە سەرباز. چیدى نەتوانن ببنەوە بکوژى سەربازەکانى تر.

ئەو جەنگە، جەنگێکە وەهمى جەنگێکى ترمان بە دیارى پێ دەبەخشێ. کەچى منەت بەسەر ئێوارەکانمان دەکات و دەمانکاتە دوژمنى شەو. ئەو جەنگە، جەنگێکە تاڵیەکانى خۆیی، لە پێناو خۆیی، بە ئێمە دەفرۆشێت. کەچى لەتێک نانى بە شەکرمان، بە ژەهرى سپى خۆیی دەداتێ.

ئەى کۆتا قەڵغانى ماندوو، کە ناز بەسەر برینەکانەوە دەکەیت. قەتماغەیی برینەکانمان، درەنگتر لە وادەیی خۆیان وشکبوون، کە من چاوەڕێى ژەنگبوونى فیشەکەکانى تۆم دەکرد. شەوەکانت زووتر لە وادەیی خۆیان ئاوابوون، کە من دەمویست ڕۆژ چیدى هەڵنێتەوە. بێ ئەوەى یەک چرکەش خۆیی بخزێنێتە نێوانمان، تاریکى ون دەبێ و جەنگ دەستپێدەکاتەوە. کە جەنگ تەواو نابێت؛ خۆر لە ئاسۆدا خۆیی دەسووتێنێ، چونکە دەزانێت خوتبەکان نەخۆشنبە فەتوا ڕەقەکان. شاشەکان بێزارن لە ڕووخسارە ساختەکان. کەچى ئێمە نازانین، ئەو جەنگە پڕە پرسیار، بەڵام ئێمە دەممان بەستراوە. پڕە لە میهر، بەڵام ئێمە دەمێکە ژانمان گرتوە. پڕە لە دابڕان، بەڵام ئێمەیی باڵشکاو؛ وا غەریبیمان لێ دەچۆڕێت.

ئەو جەنگە .. بایەکە بەناو پێستمدا دەچێت و منى تەژى لە برین چاکناکاتەوە. پایزێکە لە سەرى مندا دەوەرێت و منى نقووبوویی فرمێسک ژیر ناکاتەوە. ئەى جەنگێک جەسوورتر لە خوێن .. ئەى جەنگێک بەدتر لە ئەهریمەن . کە تۆ غەنیمەکانت بۆ خۆت چنییەوە و ئێمەت لە گورگەکان بەردا، بووینە گۆشتخۆر. کە تۆ کەنیزەکەکانت بۆ شەوەکانى خۆت برد، ئێمە بووینە دوو مارى ڕەش، ژەهرمان کردە ناو پێکى دەرگاوانەکانت. کەچى تۆیەک، کە نە ریتم نە سەدات نییە، لە دورەوە دەنۆڕایی، لە بڕی ئەوەى شیوەن بۆ سەربازەکانت بکەیت، چاوشارکانێت لەگەڵ دەکردین. ئەى جەنگ .. تۆ هەرگیز نابیت بە کڵاوێنەیی ژیان. هەرگیز نابیت بە ئاواتى ئێمەیی داماو. چونکە ڕۆلەکانى خۆت، بە دەستى پیسى خۆت، زیندەبەچاڵ کرد. بە ئارەزوویی خۆت، ڕووت لە لاشەیی ڕەشى ڕۆلەکانت وەرگێڕا. کە دەتگوت: ئیدى کاتى هاتوە، با ئەو تەرمە کۆنانە بنێژین ..

کێ تیمارى ئەو برینانەمان دەکات، کە جەنگ لە جەستەیی ئێمەدا هەڵیکۆڵى. کێ لە بڕی ئێمە سەوزاییەکان ئاو دەدات، کە بۆنى بارووتەکان لەناوى بردن. ئەو دەنگانە دوور دەڕۆن، کە هاوارى جەنگێکى تر دەکەن. ئەو بۆمبانە ترسناک دیارن، کە هاوارى جەنگێکى تر دەکەن. چونکە برسین بە خوێنى ئێمە و هەرگیز تێر نابن .. کەچى ئێمەیی گاوانى جەنگ. ئێمەیی شاگردى جەنگ. دەبێ گوێ لەو ئاوازانە بگرین، کە هەرگیز نەژەنران. دەبێ دەست بخەینە ناو ئەو گۆمانەیی، کە هەرگیز قەوزەکانى خۆیان خۆشنەویست. دەبێ بەرەوو ئەو جەنگەڵە بڕۆین، کە هەرگیز ئێسکى سنەوبەرەکانى خۆیی، نەخستە ژێر خاک. کەچى من خەمى گوڵێکمە کە بە خوێن ئاودراوە و خونچە ناکات. ماتەم بۆ چۆلەکەیەک دەگێرم کە پووشى هێلانەکەى خۆیی، وەک ژەمێکى گەرم، دەدایە بێچوەکانى خۆیی. ئەو جەنگە .. جەنگى ئێمەیی گیرۆدەیی قەڵەمە. ئێمەیی ترساو لە ئایەتەکانە.ئەو جەنگە، جەنگى ئێمەیە، کە لە ناو ئازار و برین و خەمدا؛ لە دایکبووین. لە ناو مرۆڤ و خوێن و جەنگدا؛ گەورەبووین.

جەنگێک کە لە قیامەتەوە ڕایکردوە، هێرش بۆ قرتاندنى تەسبێحى مزگەوتەکانى خۆیی دەکات. خێڵە دەشتەکیەکانى خۆیی، دەکاتە قوربانى چێژى شەوێک، کە لەشفرۆشەکان خوێنى دەمژن. ئەویش بە لێوە بڕاوەکانى وێردى بەیانییان دەڵێتەوە. کەچى ئێمە لە حەجاجە تۆبەکارەکانى ئەو بووین. لە هۆزانڤانە شێتەکانى ئەو بووین. بە زمانى ئەو کوژراین و شەهید نەبووین ..

ئێمەیی نەمر، تاریکى ڕاستەقینەیی شەوێکى جەنگین کە پڕە لە بانگخوازەکانى خۆیی، بەڵام ئەو موریدەکانى خۆیی خۆشناوێت، چونکە پڕە لە مەزهەبى دووبارە. جەنگێکە مەڕەکانى خۆیی، وەک مڕیاعێک؛ تێکەڵ بە مەزراکانى ئێرە دەکات. جەنگێکە ژنە سۆزانیەکانى خۆیی، لە پێناو پیاوە سۆزانیەکانى خۆیی، قۆڕغ دەکات. ئەى جەنگى دڕندە .. چۆن وێرات، دەستى هەوەسبازیی خۆت، بگەیەنیتەپاکیزەیی کچەکانى خۆت، کە ئەوان زەردەخە ئەفسوناویەکانى ئێرە بوون، وەک یاسەمینەکانى ئەوێ، نێرگزەکانیان دەگەشاندەوە.

ئێمەیی هەڵاتوو لە ئاین .. بۆیە هەوڵى خۆکوستنماندا؛ چونکە نەمانویست ڕووبەرووى هیچ شتێک ببینەوە. ئێمە بێزاربووین لە ڕوودانى بوومەلەرزەکان. بێزاربووین لە کێشانى وێنەیی مافیامان. بێزاربووین لە بینینى مەرگى کەروێشکەکان. بێزاربووین لە هەڵواسینى لافیتەى پرسەکان. کە جەنگ سپیکردنەوە ڕوویی فەرمانڕەواکان بوو، ئێمەیی خۆکوژ .. ئێمەیی قەرزاریی دونیا .. لە ئەشکەوتەکانى عەدەن، برینى هەڵۆکانمان دەپێچاوە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان، بوونە کۆنە بریندارێکى ئازا. کە بە ئاسمانەوە دەفڕین و ئێمەیان ڕزگار دەکرد.

جەنگێک ترسى لە شکستى خۆیی هەیە، بەڵام شکست دەهێنێت. ترسى لە ڕژانى مەرەکەبى سەر تابلۆکانى خۆیی هەیە، بەڵام بە خێرایی ڕێچکەیی دەربازبوون دەگرن. جەنگێک بانگى ئێمەیی تەلقیندراو دەکات، تا بانگى نوێژێکى تر بدەین، بەڵام نازانێت، ئێمە ماڵئاوایمان لە هەموو ئەو شەڕانە کردوە، کە نەمردین. ئێمە حاشامان لە بڵندگۆ زۆڕەوەکانى ئەوان کردوە، کە هاواریان دەکرد: ئەوانەى لە شەڕى نێوان بنەماڵەکان کوژران، شەهید نین ..

ئەى جەنگ .. دەتەوێت بە زۆر خۆت بکەیتە پاڵەوانى داستانە ئەفسانەییەکانى ئێرە، کە ئێمە باجى گومڕایبوونمان بە شاعیرەکاندا. تۆش کە جەنگێکى خوێناوی؛ یادداشتەکانى خۆت، بە ئێمەیی تێکۆشەر دەنووسیەوە، کە ئێمە لە کەرنەڤاڵى تارماییەکان، بە فانۆس ڕێگەکانمان بەسەردەکردەوە. ئەو ڕێگەیانەى پڕ بوون لە بۆسەى مەرگ، بۆ ئەو شۆڕشگێڕانەى لە خوانێکى شاهانەى تۆدا دەگەڕانەوە. کەچى دەستى سوورى خۆت، بەسەر جەللادەکان دادەهێنا و بە خوێنى ئێمە مەستت دەکردن.

ئێمە کە لە حەکیمەکانى شارین، ناتوانین قەناعەت بە ڕیش سپییەکانى ئێرە بکەین، کە جەنگ لرفەلرفى خوێنى ئێمە، بەڵام ئێوە گوێچکەکانتان گرتوە. ویزەویزى هەنگێکى بچووکە، بەڵام ئێوە مانتان لە خواردن گرتوە. منگەمنگى پیرەپیاوێکى شکاوە، بەڵام ئێوە سۆزتان فەرامۆشکردوە. خشبەخشبى پێڵاوێکى ونبووە، بەڵام ئێوە چاوەکانتان گرتوە. جەنگێک ئێوە، خۆتان ئاخنیوەتە قژى تەڕى ئافرەتێک و ئاسمان دەنگى لێوە دێت. ئێوەش مژدەیی هاتنەوەى شەڕێکى ترمان بۆ دەهێنن. ئەو جەنگە تاریکییە و هەرگیز ڕووناک نابێتەوە. ئەو جەنگە سەرخۆشە بۆ خوێنى ئێمە و هەرگیز هێور نابێتەوە.

ئێمەیی بریندار . شەوێک تا مەستبوون دەخۆینەوە. چونکە تیرەکانى ناو ئاین؛ چیدى ناتوانن جیاببنەوە. بە هیچ پاساوێکى تر، ناتوانن جاڕی هیچ شەڕێکى تر بدەن. کە ئێمەیی گومڕا .. پشتمان لە نووسراو فۆڕمەکانیان کرد. جەنگێک ئەوان دەستیان پێ کرد. ئەوان بوونە هۆی ونبوونی قافڵە تێنوەکانى بیابان. ئەوان بوونە هۆی ساڕێژنەبوونى خەمە کوشندەکان. ئەوان بوونە هۆى درووستبوونى سەرابێکى درۆ، بۆ کاروانە هەرە دوورەکان.

ئێمە کە لە نەوەى ڕەشەبا و تۆفانەکانین، مەچەکەکانى خۆمان لە گەردەنى ئەو دەئاڵێنین. چونکە جەنگ وەسیەتە شەڕانگێزیەکانى خۆیی، بە ئێمەیی کپکراو سپارد. کەچى مێروولەیەک لەسەر پشتى مەیمونێکى تێر؛ ئەو تاریکیەدا دێت  و هەوڵى دۆزینەوەمان دەدات. چونکە دەزانێت ئێمەیی تارمایی، لە ناو ئازارەکانى ئێرەدا ونبووینە. کە دەزانێت تەنها تاریکییە گوێ بۆ ئازارەکانمان دەگرێت. دەزانێت تەنها تاریکییە ماڵى ئێمەیە، چونکە لە کاتى نوێژدا جێمانناهێڵێت. لە کاتى تێلاوەتکردنى برینەکان؛ پارێزگاریمان لێ دەکات. تەنها تاریکییە لێ ناگەڕێت هەست بە تەنهایی بکەین. تەنها تاریکییە هاودەمى ئێمە. ئێمەیی بریندار .. ئێمەیی گومڕا ..

کە ئاژاوەچییەکان و نەژادپەرستەکانى تۆ، هاتنەوە زەویە خاپوورکراوەکانى ئێمە. ئێمەیی دەمارگیر، ئێمەیی شوشتراو بە ئاوى گومان؛ ماڕشى جەنگێکى تر لێ دەدەین، با سەربازەکان لە ناو پێخەفەکانى خۆیان، شەوە بێ برینەکان بژمێرن. با نەفرەت لە یەهوداکانى ناخیان بکەن. ئێمەش کە دەرخواردراوى شەڕابێکى مەیوون، لە گەدەیەکى برسیدا، کچێک دەنێژین، کە بە دەستَک موروو؛ لە ناوەڕاستى جەنگدا، تەنهایی خۆیی دەپێوا. منیش نزایی عەبدە زەلیلەکانى ئێرە بۆ ئەوێ دەبەم. کە جەنگیش تەواو بوو، پێکەوە ئەو تەنهاییە دەپڕوشێنین. پێکەوە ئەو تاریکییە دەسووتێنین.

لە زیهنى پیاوێکى ترەوە، خۆم گرمۆلە دەکەم و خەیاڵى خۆشیەکانى ئەوبەر سنور دەکەم. ئاخر منى خشۆک .. منى مردوو .. لە ناو زەڵکاوە کۆن و زەردباوەکانى ئێرەدا، خەونم بە نیشتیمانێکى بێ چەکدرا دەبینى. خەونمبە نیشتیمانێکى خاڵى لە سەرباز دەبینى. کەچى کرێکارەکانى بەهەشت، ناتوانن بە زمانى فریشتەکان بپەیڤن، کە گەردوون پڕیەتى لە شەیتان. ئافرەتەکانى بەهەشت، توانایی پۆشینى سەرپۆشە ئاوریشمیەکانى فیردەوسیان نییە، کە بەهەشت هیچ پیاوێکى تێدا نییە.