بۆچی ئەمەریکا دوو بۆمبی بە ژاپۆنەوە نا؟

ڕەخنەی چاودێر 14/06/2019

شەماڵ وەلی

 

ـ بۆچی ئەمەریکا دوو بۆمبی بە ژاپۆنەوە نا؟
ـ چونکە تەنیا دوو بۆمبیان هەبوو.


قورساییی ڕازەکان پێنجینەیەکە دەربارەی ڕازێک کە هێند قورسایی لە دەروونت دەکات، چیتر ناتوانیت هەڵی بگریت. هەندێکمان بەم ڕازەوە جیهان بەجێ دەهێڵین، هەندێکیشمان پێمان وایە ژیانی ئێمە هێند سەربەخۆ نییە کە ڕازێک تەنیا هیی خۆمان بێت. لە ڕۆمانەکەدا چەند ئەمەریکا بە بۆمبەکانی دەتوانێت کارەسات بخولقێنێت، هێندەیش ڕازەکان کارەساتخولقێنن.

کەسەکان یان دوای مەرگیان، بە نامەیەک، یان لە سەرەمەرگدا ڕازەکان دەدرکێنن، چونکە بە زیندوویی ناتوانن بە ڕازێکی ئاشکراوە بژین، یان چونکە لەوەی کە ڕووی داوە، هیچ وەڵامێکی دیکەیان پێ نییە و توانای ڕوونکردنەوەی زیاتریان نییە. ڕۆمانەکەیش زۆر بە خێرایی ڕووداوەکان تێدەپەڕێنێت، چونکە نایەوێت ببێتە ڕۆمانێکی هەستورووژێن و ڕووکەشانە، کە تەنیا بایەخ بە هەستیارکردنی خوێنەرەکەی بدات. سەرەڕای ئەوەیش خوێنەر ئەو کارەسات و ڕووداوە دەروونییانە دەبینێت کە بە خێرایی تێدەپەڕن.

ڕوومانەکە لە دوو شوێندا ڕوو دەدات، شوێنێک کە ژاپۆنە و یان تووشی بوومەلەزە دەبێت یان بۆمبی ئەتۆمیی پێوە دەنێن، شوێنێک کە دەروونی کارەکتەرەکانە و بە ڕازەکان دەهەژێت.

نووسەر دەیەوێت لەناو دڵی ڕووداوێکی مێژووییدا، دەروونی چەند ئینسانێکمان سەبارەت بە ڕق، خۆشەویستی، خیانەت، هاوڕێیەتی و نهێنی، بۆ هەڵماڵێت.

گفتوگۆی کەسەکان سەبارەت بە کارەساتەکەی هێرۆشیما و ناگاساکی هێند هۆشیارانەیە، کە تەنانەت لەم نێوانەدا ژاپۆنیش تاوانبار دەکرێت. هەرچەند ئەمە تەنیا لە چەند دایەلۆگ و دیمەنێکدا بە کەمی دەرکەوتووە، بەڵام وەک ڕازێک- ئەمجار لە نووسەرەوە بۆ خوێنەر- قورسایی دەکات.

 

قورساییی ڕازەکان هاوکات ئاوێنەیەکە بۆ دەروونی خوێنەرەکەی، کە تۆیش بێگومان ڕازەکەت بووەتە قورسایییەک لە ژیانتدا.

 

 

سەرنج: پێنجینەکە ئاکی شیمازاکی نووسیویە و سەلاحەدین بایەزیدی کردوویە بە کوردی