كتێبی "حەسەن زیرەك.. چریكەیەك بۆ شادی" بڵاودەكرێتەوە

رۆشنبیری 12/06/2019

چاودێر:
ئەمڕۆ چوار شەممە كتێبی ( حەسەن زیرەك.. چریكەیەك بۆ شادی) بەچاپ گەیشت، كە پێكدێت لە 1080 لاپەڕە، بڕیارە لە یادی حەسەن زیرەكدا لەشاری سلێمانی بڵاوبكرێتەوە.

كتێبی ( حەسەن زیرەك.. چریكەیەك بۆ شادی) لەئامادەكردن و سەرپەرشتیكردنی ڕۆژنامەنوس مەریوان مەسعود، ماوەی ساڵێكە كاری تێدا دەكرێت و سود لە حەوت كتێبی دیكە وەرگیراوە كە لەساڵانی 1960 تاكو ئێستا لەبارەی حەسەن زیرەكەوە نوسراون.

سەرپەرشتیاری كتێبەكە بە(چاودێر)ی ڕاگەیاند، یەكەمینجارە كتێبێكی لەم جۆرە لەسەر حەسەن زیرەك یان هەر هونەرمەندێكی كورد ئامادەبكرێت، بۆیە بە كتێبێكی گرنگی سەرچاوەی زانستی دادەنرێت و هەموو لایەنە جیاوازەكانی وەك ژیان و بەرهەمە جیاوازەكان و شعر و ئاوازەكان و وێنە دەگمەنەكانی حەسەن زیرەكی تێدایە.
 
ئەوەشی خستەڕوو، كتێبەكە لەسەر ئەركی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بەچاپگەیشتووە و بیرۆكەی كتێبەكەش ساڵێك لەمەوبەر لەگەڵ بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی دانا.

ئەم كتێبە سودی لە حەوت كتێبی دیكە وەرگرتووە، كە نوسرەكانیان بریتین لە (میدیای زەندی، میرزا كەریم خۆشناو(دوو كتێب)، د.هیوا عومەر ئەحمەد، د.مەولود ئیبراهیم حەسەن، زۆزك ئەحمەد قەرەداغی و زاهیر محەمەد عەزیز، عادل محەمەد كەریم ).