وەک چۆلەکەیەکى شین لە ئایندەدا بەجێماوم

ڕەخنەی چاودێر 12/06/2019

وەک چۆلەکەیەکى شین لە ئایندەدا بەجێماوم
داستان بەرزان


سوێند بە برین، کە هەڵهات ئاوابوونى بۆ نییە، ئەم دڵۆپە خوێنانە نامۆنین بە من، هەرکات دەگەڕێمەوە بۆ ناو شکست، بەشتێک خۆمى لێ دەرباز دەکەم، من ژیانم کێشەى گەورەى نییە، من ژیانم ژانى گەورەى هەیە، لەگەڵ هەندێک خواریدا، ئەمجارە بەنیازم بە کۆدائین ئەو ژان و خوارییانە  چارەسەر بکەم، واتە شکست بە شکست.




 باشبوو نەمردم
هاتنە قسە ئەو برینانەى بەدەستى ئێوە
لەسەر گیانم ڕووێنراون و
شاهیدن بەسەر خراپی ئەم ڕۆژانەمەوە.

من هاتووم پێتان بڵێم: ڕێزى برینى خۆتان بگرن
برینەکانتان گەنجینەتانن.
مرۆڤە بریندارەکان شوێنیان بەرزاییەکانە
لە برینەکانتانەوە سەیری دونیا بکەن
کە توانیتان ئەوە بکەن
خەم بۆ شادى ناخۆن کە نیتانە.
بڕۆن سەیری دەرگاکانتان بکەن
دڵۆپە خوێنى شینى منە ڕەنگى کردوون
ئێستا تاقەتم نییە بۆتانى باس بکەم 
مچوڕکەیەکى کۆدائین لە گیانمدایە و 
دەمەوێت بۆ هەمیشە تێمدابێت
دەچمە سەر پەڵەیەک هەور و
خەون بە ڕۆژانێکەوە دەبینم
کە منیش باسی دونیام دەکرد.

بۆ خۆشیی مەگەڕێن لە هیچ کوێ نییە
بەهەشتیش تەنیا وشەیەکە بە هەموو زمانەکان دەنووسرێت و دەگوترێت
خوداش دوورە 
خودا زۆر زۆر دوورە
بەوەدا بزانن کە مرۆڤ تەنیایی خواردوویەتى
تەنیایی سواری مرۆڤ بووە
تەنیایی ئاژدادى مرۆڤى گاوە.

شادییەکانتان بشارنەوە
ڕۆژگارێک تێکەوتووین شادییمان خەڵکى توڕە دەکات
برینەکانتان نمایش بکەن
بۆ ئەوەى خەڵکى دەست بەسەرتاندا بهێنن و 
دڵسۆزانە خوێ بە برینەکانتاندا بکەن
ئەمەیە مرۆڤى ئەم ڕۆژگارە.

ئەگەر لە بارەى شێواندنى ژیانەوە زانیاریت نییە
واز لە خوێندنەوەى ئەم شیعرە بێنە، باشترە لەوەى تەواوى بکەیت
تەنیا سەرئێشەت بۆ دروست دەکات
چون ئەم شیعرە بۆ ئەوانەیە ژیانیان دەڕشێنەوە
بە قورسی خۆیان لە پەتاکەى ڕزگار دەکەن و 
بە ژەهری ڕۆژەکانیان شەربەتى نائومێدى دەگرنەوە.

 ئەگەر تەمەنت بیست و پێنج ساڵە و پێت وایە گومان نەخۆشییە
ئەگەر تەمەنت سی ساڵە و خەون بەوەوە دەبینى گۆمەڵگا لێت ڕازی بن
ئەگەر تەمەنت چل ساڵە و تاکو ئێستاش کەسێک هەیە لە سەروتەوە دادەنیشێت
ئەگەر تەمەنت پەنجا ساڵە و ئومێد بە ساڵانى ڕابردووت دەخوازى
ئەگەر تەمەنت شەست ساڵە و بەنیازى زیاتری
ئەگەر تەمەنت حەفتا ساڵە و سەما بۆ مردن ناکەیت
ئێستا واز لە خوێندنەوەى ئەم شیعرە بێنیت باشترە لەوەى تەواوى بکەیت
چون تۆ پێویستت بە کەسێکە ئیش لە بیرکردنەوەکانتدا بکات
پرسیار مەکە بۆچی؟
تۆ بیرکردنەوەکانت لەسەر عەرەبانە دەڕۆن
بە دارشەق ڕێدەکەن خەیاڵەکانت
هیچیان لێ سەوز نابێت ئەندێشەکانت
یەعنى ئەمەوێت پێت بڵێم: تۆ بەجێماوى فاریزە تۆ فەوتاوى.

مرۆڤ زیاد لە هەر سەردەمێک پێویستى شینایی ئاسمانە
بە بریقانەوەى گەڵای سەوز لەبەر تیشکى خۆردا
بە دەنگى خوڕەى ئاو لە شاخێکى بەرزەوە
بە باران و بەفر و تەرزە
بە بەرد و گیا و ئەستێرە
بە دارستان و 
ڕێگا چێنراوەکان بە ئەڤین
بە گوڵی گەنم و 
تامی هەنگوین
تامى تووى وشک و 
تامى قەزوانى تەڕ
بۆنى نارنج 
بۆنى کاڵەک و 
بۆنى خەیار
ڕەنگى کەلەرمى مۆر و
ڕەنگى سێوى سەوز و
ڕەنگى شەرابی سور.

دەستت لەسەر پارچەیەک سەهۆڵ دابینێ و
بیر لە چیا سەهۆڵینەکان بکەرەوە
دەست بخەرە ناو جامێک ئاو و 
بیر لە قوڵپدانى کانى بکەرەوە
دەستت بخەرە سەر ڕووى گەڵایەک و
بیر لە باغەکان بکەرەوە
دەستت بخەرە سەر مێزێکى تەختە و 
بیر لە درەختێکى ناو جەنگەڵەکان بکەرەوە
دەست بخەرە بەر دڵۆپە بارانەکان و 
بیر لە زەریاکان بکەرەوە
دەستت بخەرە سەر دەنکێک لم و
بیر لە بیابانەکان 
بیر لە تەقینى دڵی تۆوەکان 
لە درزبردنى هێلکە و 
هاوار و ناڵەى ساتى زاین بکەرەوە
(بیکەرەوە بیرت وەکو زنجیری پانتۆڵەکەت)

بە کۆدائین ئەم ڕۆژانەم بزمار ڕێژ دەکەم
بە تەنافی شەوەکانى سلێمانیدا هەڵیان دەواسم
من دەمەوێت بڕۆم و پشت بکەمە ئەم شارە
من دەمەوێت بڕۆم و تف بکەمە ئەم هەوارە.
2016

Philippe Charles Jacquet