رەخنەی چاودێر

نیگاکانی ناو کەمپ

پێش 2 هەفتە

ئیسماعیل سابیر

 

بۆ هەموو ئەو نیگایانەی لە کەمپە ساردەکاندا ڕەق بوونەوە
پێشکەشە...

غەریبی سەکۆی دڕکە فەرامۆشکراوەکانە، بۆیە هەڵکوڕمانت لەژێر خێمەکاندا خەویان لێدەکەوێت، شوێنەکان نامۆن بە نمایشی جل و بەرگەکان، ئاسمان جێی بێشومار خەونە نەک پیاسەی چۆلەکە، لە زەویدا خەوەکانت تژین لە دڕک، دڕکێک خۆی بە تاریکایی کەمپەکاندا دەکێشێت، لە دیلبوونی نێو کەمپەکاندا میلی کاتژمێر شەکەتە بە پشوودان، شادی ڕۆژەکانت نامۆن بە "کەرنەڤاڵی قووڕگرتنەوەکانتەوە" لەوێوە ئایدیاکانت کۆکەوە و لە بەردەم نشوستی نیگا و شاراوەیی شکستەکانت بدوێ.

شەکەتی دەبێت بە دوورگەیەک، دوورگەیەک دەبێت بە چاوەڕوانی، چاوەڕوانی دەبێت بە بەستەڵەک، بەستەڵەک دەبێت بە ژەهری مار، ژەهری مار دەبێت بە زەقنەبووت، زەقنەبووتی ناو یادگاریەکان دەبێت بە ئۆتۆمبێلێکی قایم و خۆی بە پشوودانی قاچەکانمدا دەکشێت، کەللەسەرم وەک ڕژانی ناوەوەی هەنار لەسەر شەقامەکە بەردەبێتەوە. ناسکیم دەکەوێتە ژێر هەنگاوی ڕێبوارەکان، زیاتر ناکڕوزێمەوە چونکە دەزانم ئەڤین لە ژێر پێی حوشترەکانی بیابان بۆتە تۆز .

پێش گرژبوونی نیگا
قووڕگی وشە  دارستانێکی چۆڵ بوو لە تێڕامان.
دەبێت ئەوە بڵێم؛ زمان خۆی نائومێدیەکی درێژە، درێژتر لە ژیان، درێژ دەبێتەوە.
پێش ڕژانی ڕووبار، مۆسیقا مەستی کردین
پێش سەمای مۆسیقا، دارستانە ماکیاژکراوەکان ونیان کردین
پێش پێکەنینی دارستان، مرۆڤەکان بە عاتیفەوە ڕاویان کردین
با خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین پێش مرۆڤیش، ئەوین له عاتیفەماندا دەستخەرۆی باوەش و ڕووتبوونەوەی ناو پێخەف بوو.
سەردەمانێک ئەوینم  بەدەستێک هەڵگرتبوو، دەستەکەی ترم مناڵێکی لاساری ناو کەمپەکان بوو، بەردی لە لایلۆن و خێمەکان دەدا. کەچی کەمپەکان قریشکەیان لە بێدەنگیم داو خەندی تەڕ و پڕ شەهوەتیان کەڵبەی گورگێکی هار بوو لە ڕووخساری ڕۆژەکانم .

بینووسەوە؛
هیچ شەقامێک نیە ڕۆژێک پێیدا تێپەڕیبی و تۆی بیرچووبێتەوە
هیچ شۆشتەیەک نیە بەسەریدا پێکەنیبی و تۆی بیرچووبێتەوە
هیچ ئۆتۆمبێلێک نیە تێدا سەرکەوتووبی و تۆی بیرچووبێتەوە
هیچ کورسیەک نیە ڕۆژێک لەسەری دانیشتبی و تۆی بیرچووبێتەوە
هیچ دیوارێک نیە لەتەنیشیا وێنەت گرتبێ و تۆی بیرچووبێتەوە
هیچ کتێبێک نیە ڕۆژێک لە باوشت نابێ و تۆی بیرچووبێتەوە
هیچ ملوانەکەیەک نیە ڕۆژێک لەناو بۆنی مەمکت جۆلانەی کردبێ و تۆی بیرچووبێتەوە
هیچ مرۆڤێک نیە شەوێک لە پاڵتا خەوتبێ و تۆی بیرچووبێتەوە.

لە بیرچوونەوەش تۆی بیرچێتەوە، شیزۆفیرۆنیا تۆی لە بیرناچێتەوە...

هەموو ئەو شەقامانەی پیاندا تێپەریی، غەمباریان لێنیشت.
هەموو ئەو شۆستانەی لە سەریان پێکەنیی، سەرما ڕەقی کردنەوە
هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەناویان سەرکەوتیی،  سیکڕابوون.
کورسی،
دیوار،
کتێب،
بە ملوانکەشەوە،
هەموویان؛
لە ژووری مرۆڤێکدا پرسە دەگێڕن و یادی ئەو ڕۆژانە دەکەنەوە، کە نەبوون...

وەک ماینێکی تەڕ بەسەر زەویەکی وشکدا  ڕاتکرد، لە دواوەی ئۆتۆمبیلەکانەوە وەک بارمتەیەک سەیرت دەکردین کاتێک ڕامان دەکرد و دەکەوتین بەسەر قاچەکانمادا. ماندوو لە تووڕەییاندا تەقەمان بە تێپەڕینەکانتەوە وەدەنا. وەک سەربازێکی خاین لەسەر ڕاخەری جەنگەکان ڕادەکشاین و سەیری هەورەکانمان دەکرد، بیرمان لە ڕەشایی ڕۆژەکان دەکردەوە. کاتێک بینیمان داهاتوو ئایندەی سەردەمێکی داگیرکردووە، خەڵک کاڵای دەبردەوە کەچی من پڕ بەعەقڵی خۆم دەستەکانم پڕ کردبوون لە نیگای کورت، هەر شەوەی نیگایەکم دەبردە ژووروە، دیلێک بووم لە شەڕی ئەڤیندا گیرفانەکانم بەتاڵ کردەوە، هەرزوو چەکم فڕێدایە ناو ڕووبارەکانەوە، بەپێ پەتی وەک مناڵێک لە کۆڵانە قووڕاویەکان غار غارانێم دەکرد. کاتێ سەری کاتژمێرەکانم خوێنیان لێ دەچۆڕا، پێیەکانم لەناو سەرمدا چەقیبوون، دڵشکانم تفی دەکردە نێو چەوانی عاموودەکان. بە دارلاستیکێکی حیزەوە شەڕی ئەو هەموو جانەوەرەی ناوەوە چۆن دەکرێ؟ شەقامەکانی ناو سەرم پڕ بوون لە چۆلەکەی قەحبە. ئەی ئەو هەموو گۆرانیانە چیە لە پێم ڕادەچێت؟
بیرم ماوە ئۆتۆمبێڵێک لە یەکێک لە کەمپەکاندا خۆی بە پیاسەکانمدا کێشاو و چاوەکانمی لەسەر شەقامەکە ڕژاند، بیرمە بیرم لە قاچێکی تر دەکردەوە کە بتوانێ بە وەهمی ئیدیالەوە نیگاکانی ناو دڵم تێپەڕێنێت.

لە گۆڕستان عاتیفەی ناو گۆرانیەکان لە گۆڕ دەنێین، لەناو جەنگەڵەکان نیگایەک شوێن بزر دەکەین. ڕادەکەین و نیگایەک لە ناوماندا ڕاکشاوە دەڵێی پۆلیسە لە شەقامەکاندا وەک ئەوەی تاوانبارێکی ئەبەدی بین بەدوامانەوەیە. دەیەوێت تێڕامانمان لە چرکەیەکدا قۆڵبەستکات.

گەر کۆتا جار ژوان لەگەڵ "با "دا نەفڕیبا. ماچێک هەر دەبوو بە گۆرانی، گەر کۆلارەیەک بە ئاسماندا نەفڕیبا، یادەوەریەک لەسەر قەدی دارێک هەر دەڕژا.
تا قاسیدەکانی یادگاری لە سووڕانەوەی ژیان نەوەستاون، وەک ماسۆشیزمێک لەبەردەم کارەساتی ناز و و کۆکوژی چاوە جەلادەکان دەوەستین، تا لە حەشەمتا پرد و باڵەخانەکان دەڕووخێن. تا وەک "با "بەسەر گەڵاکاندا تێپەڕدەبین، دەبین بە چۆلەکەو لە ئاسماندا چاوشارکێ دەکەین، سێبەرەکانمان دەنووک لە خۆری ڕۆژەکان دەدەن. بێڕەحمی بێ خاوەن لە کۆلانەکان دەسووڕێتەوە، گۆرانیەکان لە ناو ڕووباردا نووقووم دەکەین، کەشتیوانێکی سەرەڕۆ بوویت درەنگ سەوڵت لێدا تا پانتایی عەقڵ نیگاکانی ناوەوەی خنکاند. تیژی کەشتیەکانیش هیچان پێناکرا...شەوەزەنگ چاوی شەپۆڵەکانی بەستا. ئۆتۆمبێلێک لە دوورەووە خۆی بە لادیوارێکی پەیوەندیەکان کێشا، دیوار عەینەن پیاوێکی عاشقبوو کە ڕووخا و چاک نەبۆوە...

دەمەوێ باوەش بە نیگاکانی ناوەوە بکەم و هاوارکەم. دەمەوێت بڕشێمەوە بەسەر دەنگەکاندا، کەچی نیگا  لە دەنگەکان رزگاری نابێت !
کەللەسەرەکان پڕدەبن لە نامەی خەواڵوو، شەوان ئەستێرەکان بە کرچوکاڵی بەخەبەردێن، وەک دزێک خەنجەرت لە پڕی گیرفانەکانم دا. موعتادیت لەناو یادەوەری کۆڵانەکاندا پەرتکرد. قەتماغەیەک کەئابەی ڕۆژەکانمی هەراسانکرد. ئەستێرەیەک عەبەسی کاتەکانمی گا. وەهمی سەرجێیکردن لە پاڵ ئاسکێکدا خورافی دەرچوو، لە تاریکایی ئاسماندا غەریزە دڕەکان وەک نەیزەکێک بێڕەحمانە  هەڵکشان .


ئۆتۆمبێلێک بەسەر بەردێکی دڵ نەرم دەکەوێت، یادەوەرییەکانی ئەو بەردە وەک هەویر دەشێلێت...

پێکەنینەکان لە ناو هەفتەکان پەلەقاژە دەکەن، ڕۆژێک دێت ئێستاکانت قۆڵبەست دەکرێن بە داهاتوو. خەوەکان دەبن بەمار و زریکەی شەوەکان بێ خاوەن دەمێننەوە.
وەک دووکەڵێک لە ئاسماندا وندەبی.  فڕۆکەیەکی جەنگی بەرەو ئەستێرە و نەیزەکەکان دەتبات. جیهان لەو حەشاماتی غرورەدا جێگای بۆ ئێمە نەماوە.
ڕۆژێک دێت کەزیەکانت غەمبار بەدیار ڕۆیشتنمەوە پرسە دەگێڕن. پرسە دەگێڕن و کەسیش پێت ناڵێت ؛" با کەزیەکانت لەملم کەوێ "
کەسیش ئیدی  " لەچکی ڕەش و مانتۆی ڕەش "  بۆ ژوانەکانمان ناپۆشێ...

نیگای ڕابروو دەیەوێت بە خەنجەری نۆستالژیاوە ماسوولکەکانم بکرۆژێت، ئیقاعی ناو ملوولەکانی خوێن غەمبارن، سادیزمانە چێژ لە قوورسی هەناسەکانم وەردەگرن . دەڕۆم لە شەقامێکی چۆڵدا ئۆتۆمبێلێکی هار خۆی بە ڕۆیشتنم دەکێشێت، ڕۆیشتنم خوێنی وەک جۆگەڵە لە کۆڵانەکان دەڕژێت...

هێواش هێواش ڕستە پڕ دەبێ لە وشە. دارستان پڕ دەبێت لە دەنگ، خەوتووەکانی ناوە بەخەبەردێن. گڵۆپی شەقامەکان دادەگیرسێن، باخچەکان پڕ دەکەین لە ئاژەڵی دڕندە، دەستی باخەوانەکان پیس دەکەین بە گوڵی پەژمودە، تاعوون لە کۆڵانەکان بڵاودەکەینەوە. جەنگێک لە یادەوەری و نیگا هەڵدەگیرسێنین. دەستی زمان دەگرین و بە بێدەنگی لە دارستان ڕادەکەین.
دەڕۆین بەرە و عەدەم و باوەشی زمان. لە وێدا زمان دەبێت بە ڕاوچیەکی زۆرزان و ڕۆژانە دەنگەکان ڕاودەنێ.
لە عەدەم جوانتر دەتوانی لە زماندا ڕۆبچی و بێدەنگی تەفسیر بکەی.
بەو هەموو هاتووچۆیەی دەنگەوە نیگا چۆن تەفسیر دەکرێ؟ نا ژیان خۆی کەمپێکی قەرەباڵغە و مرۆڤیش تاراوگەیەکی بەردەوام.

ئۆتۆمبێلێکی بێڕەحم بێ سەیریکردنی داهاتوو، بێ  سەیرکردنی کات لەو قەرەباڵغیەدا دەڵێی گایەکی ئیسپانیە بەناو ڕێزمانی بیرکردنەوە وەردەبێت، لەوێدا ناوەکەمم بیردەچێتەوە، بیرکردنەوە دەبێت بە ئەسپێکی ماندوو، بەدەست برینەکانیەوە دەحیلێنێت...


نیگاکانیان وەک قەقنەس لە کەمپەکانی عەدەمدا دەسووتێنین، سێبەرەکانیان مۆمیا دەکەین و ماچەکانیان لە ناو زماناندا شوێنبزر دەکەین.
پشوودانی کات دەرژێنەوە ناو ئاوێنەوە، ئاوێنە لەبەر خۆیەوە پێت دەڵێت:
ئاگاداری شیکپۆشی کەمپەکانتبە، لێرە چەقەڵەکان ڕۆژانە دێن بۆ ناو نیگاکان و سەیرکردنەکانت دەکرۆژن، دوایش هەر بۆ پرسەکەیشت ناهێن !