یەکێتیی و پارتی ڕێککەوتنێکی نوێیان بۆ کەرکوک و بەغدا کردووە

کوردستان 12/06/2019

چاودێر


پارتی و یەكێتیی بۆ جاری دووەم لەسەر پرسی كەركوك و بەغدا ڕێكکەوتن، بەو هۆیەشەوە یەكێتیی بەشداری كرد لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و پەرلەمانتارەكانیشیان دەنگیان دا بە مەسرور بارزانی وەك كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە بەرانبەر ڕێكکەوتنێكی نوێدا بۆ ئەوەی هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت پارێزگاری نوێ بۆ كەركوك و كاندیدی یەكێتییش بۆ پۆستی وەزارەتی دادی عێراق دابندرێن.

 

 ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، ئەمڕۆ چوارشەممە بە ڕۆژنامەی "ئاژانس"ی وتووە: "بەشداریی یەكێتیی لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی لە بەرامبەر ڕێكکەوتنی یەكێتیی و پارتییە بۆ ڕازیبوون لەسەر كاندیدەكانی یەكێتی بۆ هەردوو پۆستی پارێزگاری كەركوك و وەزارەتی دادی عێراق."


وتوشیەتی: "بە شێوەیەكی زارەكی ڕێکكەوتن كراوە و پارتی ڕەزامەندیی لەسەر كاندیدی یەكێتیی بۆ پۆستی بارێزگاری كەركوك كە لیوا جەمال تاهیر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی كەركوكە كردووە، بەڵام تا ئێستا بڕیار لەسەر پۆستی وەزارەتی داد نەدراوە".


هاوکات مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی ڕایگەیاندووە: "برادەرانی مەكتەبی سیاسیی هەردوولا لە كۆبوونەوەی ڕابردوودا ڕێک كەوتوون لەسەر پرسی وەزارەتی داد و پارێزگاری كەركوك كە ئەمەش دووەم ڕێكکەوتنی نێوانمانە لەسەر هەمان پرس."


بە پێی ڕێكکەوتنە نوێكە كە بە شێوەیەكی زارەكی لەسەر ئاستی بەرپرسانی باڵای یەكێتیی و پارتیدا كراوە هەڵبژادرنی پارێزگاری كەركوك و دەنگدان بە پاڵێوراوی یەكێتیی بۆ پۆستی وەزارەتی دادی عێراق هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتدا ئەنجام دەدرێت.


ڕێواس فایەق، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە ڕۆژنامەکەی وتووە: "بە پێی نووسراوی ڕێکكەوتنی نێوانمان لەگەڵ پارتی، هاوتەریب لەگەڵ درووستكردنی حكومەتی هەرێم دەست بە گفتوگۆ لەسەر پرسی پارێزگای كەركوك دەكرێت، هەر بۆیە ئێمەش وەك فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ تەكلیفی پێكهێنانی حكومەت دەنگمان دا بە پارتی، بەمەش بۆ نیشاندان و دەربڕینی نیەتپاكیی ئێمەیە لە جێبەجێكردنی ڕێکكەوتنەكە، ئێستاش ڕێکكەوتنەكە بەرەو قۆناغی دووەم هەنگاوی ناوە و لەگەڵ درووستبوونی حكومەتی هەرێم چاوەڕوانین هاوشانی یەكتری و بە شێوەی هاوتەریب هەردوو پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و كێشەی پارێزگای كەركوك و بەغدا پێكەوە چارەسەر بكرێن."