کاتێک وەشانخانەیەکی چکۆلانە دەبێتە ناوکی هەموو جیهان

ڕەخنەی چاودێر 11/06/2019

کاتێک وەشانخانەیەکی چکۆلانە دەبێتە ناوکی هەموو جیهان
ئالان پەری

لەم ڕۆژانەی دواییدا خاوەن وەشانخەنەیەکی دانیمارکی ''ئاریڵد باتزار'' خەڵاتی کارلن بلیکسن ی ساڵی ٢٠١٩ بۆ باشترین ئیدیتۆری وەرگرت، ئەویش لە دوای پاڵاوتنی بۆ دوو ساڵی یەک لەدوایەک. ئەو بڵاوکارەی بە بێدەنگییەکی (دەنگبڵند) کاری خۆی دەکات، پێویستی بە خەڵاتێک نییە هەتا شایەتی کارەکانی بۆ بدرێتێ، تەنانەت پێویستی بە ناودارێتی نییە، چونکە لە ڕێی ئەزموونی خۆی ناوی بۆ خۆی کردۆتەوە، نەک تەنها لەبەر بڵاوکراوەکانی کە مۆری جنێڤیان لەسەربێت وەک گەرەنتی کاتژمێرەکان، بەڵکو لەبەر سەرگەرمی ئامادەکردنی کتێبە بڵاوکراوەکانی، و لەبەر جۆشی خۆی بۆ ڕەواجکردنی کتێبەکانیش، هەروەها ئاگایی کردنی بۆ کتێبە نوێکان. باتزار بەوە ناسراوە کە جەنگاوەرێکی سەر سەختە لە پێناو نووسەرەکانی وەشانخانەکەی  و بۆ نووسینەکانیشیان.
لە میانەی وتارەکەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە وتی: عادەت وایە کە نووسەرەکان خەڵات وەردەگرن، بەڵام وەک پەندی پێشینان وتوویانە ''ئەو کاتەی باران بەسەر قەشە دەبارێت چەند دڵۆپێکیش بەر شوانەکە دەکەوێت''، هەر بۆیە لە خودا بەزیاد بێت ئەو بڵاوکارەی کە لە سەرخۆ و نەناسراوانە ئەو کارە دەکات هەر ڕۆژێک دێت ڕووناکییەکی بچێتە سەر.
باتزار لە تەمەنی بیست ساڵاندا دەستی بە وەرگێڕان کردووە، بە کارێکی ئەدەبی ''نامەیەک بۆ شاعیرێکی لاو'' ی ''ڕیلکە'' دەستی پێکرد و بەردەوام بۆ وەشانخانەیەکەی نەرویژ کاری دەکرد. دواتر بۆ ماوەی بیست ساڵ  قاوەخانەیەکی کتێبی هەبوو کە تیایدا چەندین چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری تیا ئەنجام دەدرا. هەتا ئەو ڕۆژەی گەیشتە سەر بەدیهێنانی خەونە مەزنەکەی ئەویش کردنەوەی وەشانخانەیەکی کتێب بوو لە ساڵی ٢٠٠٠ دا. وەک خۆی دەڵێت: ''خەونێکی هەمیشەییە کە ببپرژێتە سەر بڵاوکردنەوەی کتێب!'' لە سەرەتادا دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانەی لە تافی لاوێتیدا خوێندبوونی، وەک کتێبەکانی ولیام بلیک و ڕامبۆ و دیستۆفسکی و هێرمان هیسە. ئەو نووسەرە کلاسیکییانە توانیان ئابڕویەکی باش بۆ وەشانخانەکەی درووست بکەن.
''کاتێک کتێب بڵاودەکەیتەوە یان بە دڵ یان بە خۆشەویستی بیکە!'' ناونیشانی وتارێکی بوو کە تیایدا باس لە ژیانی خۆی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی وەشانخانەکەی دەکرد لە ماوەی چل ساڵی تەمەنیدا. ئا لەو کاتە ئەو هاوکێشەیە بەدەر کەوت لە نێوان زەمینسازییەکەوە بۆ وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی هانس ماگنووس و ئاینسبێرگ، کە لەسەرەتاکانیدا هەستا بە بڵاوکردنەوەیان؛ بڵاوکاری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە ئەو کتیبانە چاپ دەکات کە ئاواتەخوازە خۆی بیانخوێنێتەوە.
ئەو وەشانخانە بچکۆلانەیە لە ماوەی دە ساڵی تەمەنیدا توانی بەرگە بگرێت بە هۆى ره‌هنى خشتی خانووەکەی خۆی، لە درێژەی وتەکانیدا نکۆڵی لەو هەقیقەتە نەکرد کە بڵاوکردنەوەی کتێب کارێکی سەخەتە. هەتا ئەو ڕۆژەی هات کە نووسەرێکی نەرویژی کتێبێکی لەلای ئەو وەشانخانەیە بە زمانی دانیمارکی بڵاوکردەوە کە لە تەواوی دانیمارک و ئەمریکا ئێستا لە ڕیزبەندی پڕفرۆشترین کتێبەکانە، ئەویش نووسەری ڕۆمانی ''ئه‌و پياوانه‌ى له‌ حاڵه‌تى مندان '' ی نووسەر ''پییر پیتەرسۆن'' بوو.
بەڵام باتزار تکای هەیە کە شتەکان هەر وا بە ئاسانی نایەنە دی، چونکە زۆربەی کتێبە باشەکان بە تیراژی کەم و لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ دانە دێنە فرۆشتن، وەک خۆی دەڵێ: ''ئەگەر بتەوێ قازانج بکەیت ئەوا پیشەی بڵاوکار خراپترین بژاردەی پیشەت دەبێت'' هەر کاتێک کە بتەوێ کتێبێک چاپ بکەیت وەک ئەوە وایە کە بچیتە قومارخانە و فیشەکەت لەسەر ١٠٠.٠٠٠ هەزار کرۆن یان ١٥٠،٠٠٠ کڕۆن دانابێت. بەڵام ئەگەر بەخت یاوەرت بێت و توانای بۆن کردنی کتێبی چاکت هەبێت، و چاوت بکەوێتە نووسەر و نووسینی باش، ڕێک پێش ئەوەی گەورە بن و ناویان دەربکەێت ئەوا ئەگرێکی هەیە لە زەمەنی مەحاڵدا دەرکەوتەیەکی باشت بۆ بڕەخسێت بۆ فرۆشتنی ئەو کتێبانە.
''بڵاوکار پێش هەموو شتێک دەبێت خوێنەرێکی باش بێت، دەبێت خوێنەرێکی باش بێت هەتا بتوانێ جیاوازی بکات لە نێوان کتێبی باش و خراپ؛ کە ببیتە بڵاوکار دەبێت بە چەند گەشتێکی پشکنین و گەڕان هاتبیت لە گەنیجینە جوان و شاراوەکەی دونیای نووسین!''
بە ڕای ئەو کتێبی باش تەنها لە وشەیەکی پڕ بایەخ پێکنایەت، کە دەبیتە بڵاوکار دەبێت ببیتە پەیکەرتاش و لە کۆتاییدا ئەو زیادانەی ناو کتێب دابتاشی، زمانیش گرنگە بەڵام هەرگیز بە تەنیا هەموو شتێک نییە، کاتێک لە خوێندنەوەی کتێبێک دەبیتەوە بێ ئەوەی هیچ ڕاچڵەکین و کاردانەوە نەتگرێ، بەڕای ئەو کتێبێکی باش نییە.
لە کۆتاییدا باتزار باوەڕی وایە کە داهاتووی وەشانخە بچکۆلەکان پەیوەستە بە چەند مانۆڕیکی زیرەکانە، ئەو وەشانخانانەی بە سۆز و غیرەتێکی زۆرەوە بەڕێوە دەبرێن، هەر ڕۆژێک دێت سەردەکەون و دێنە نێو مەیدانی بڵاوکردنەوەی کتێبە باشەکان. چونکە کاتە زۆرەکانی ئیشکردن لە سەر هەر کتێبێک بە هەموو سەختی و ناخۆشییەکانییەوە بەو ڕادیە ئەوە دەهێنێت کە قوماری لەسەر بکرێت.
باتزار دەڵێت: ''بەردەوام ڕاچێتەی من بۆ ئەو کارە ئەوە بووە: هەموو شتێک خۆت ئەنجامی بدە، ئیدیتۆرکردن، پێداچوونەوە و وردەکارییەکانی، بەرهەمێنان و تەنانەت کارکردن لەسەر بەرگی کتێبەکانیش، بەڵام لەگەڵ ئەوەش من بە تەنیا کارەکانم نە دەکرد. لەو بارەیەوە بەختێکی باشم هەبوو کە چەند کارمەندێکی پەرۆش و دڵ گەرم بە ئیشەکە لەدەورمەوە بوون، چ ئەو کارمەندانەی کە لە تەمەنی خۆمدا بوون و چ ئەو گەنجانەی لەگەڵم بوون لە ماوەی کارکردنیان بە شێوەیەکی کاتی کاریان بۆ کردووم. هەر بۆیە ڕۆژێکمان تەرخان کردووە بۆ ئەنجومەنی پێداچوونەوە و ئیدیتۆرکردنی کتێبەکان بۆیە لەو ڕۆژە دەرگای وەشانخانەکە کراویە بۆ عاشقانی ئەو کارە بۆ وەرگرتنی ئەزموون و برەودان بەم پیشەیە. لەو کارە توانیمان نیمەچە قوتابخانەیەک دابمەزرێنین لە بواری بڵاوکردنەوەی کتێب، سێ کەس لەو گەنجانە لە دوای کۆتایی هێنان بە کارەکانیان ئێستا خاوەنی وەشناخانەی خۆیانن.
لە کۆتایی قسەکانیدا و بەبۆنەی خەڵاتەکەی پێشنیاری بۆ بەڕێوبەرانی ئەو خەڵاتە ئەوە بوو کە خۆی لەگەڵ  یەکێتی نووسەرانی دانیمارکی، خەڵاتێکی تایبەت بە وەشناخانەکان دابین بکرێت و ببێتە هاندانێک بۆ وەشانخانە بچوکەکان بۆ ئەوەی ئیشەکانیان ئەگەرچی لە سەرتا دا ڕابپەڕینن، بەو هیوایەی ڕۆژێک بێت وەک خۆی بەخت یاوەریان بێت و ئەو خەڵاتە وەربگرن.
لێرەوە سڵاوێک بۆ باتزار بۆ ئەو پەرۆشییەی کە بە گڕ و تینێکی زۆرەوە دەورەدراوە بۆ وەشانی کتێبە باشەکان، سڵاوێک بۆ ئەو ئەمەکییەی هەێتی بۆ کتێب، کە لە ئێستادا چۆتە تەمەنی ٧٢ ساڵی و هەر بەهەمان گڕ و تینەوە کارەکانی بۆ نووسەر وخوێنەر بە بێ جیاوازی دەبزوێنێت.