ئه‌دۆنيس: نامەیەکى کراوە بۆ سەرۆک بەشار ئەسەد

ڕەخنەی چاودێر 10/06/2019

مرۆڤ و ماف و ئازادییەکانى 
یان هەڵدێر

( نامەیەکى کراوە بۆ سەرۆک بەشار ئەسەد )

ن : ئەدۆنیس

وه‌رگێرانى : ته‌لعه‌ت تاهير

1
جەنابى سەرۆک ،

نە عەقڵ و نە واقیع ئەوە دەسەلمێنن کە دیموکراسى لە سوریادا راستەوخۆ دواى روخانى دەسەڵات دێتە کایەوە ، بەڵام لە بەرابەردا ، نە عەقڵ و نە واقیع باوەڕمان بەوە دێنن ، کە رژێمى داپڵۆسین و ئەمنییەت لە سوریادا بتوانن بمێننەوە ، ئەمەش : تەنگژەکەیە .
لە لایەکەوە ، دیموکراسیەت لە سوریادا نایەتەکایەوە ، تەنیا پاش تێکۆشانێکى درێژ نەبێت ، ئەویش لە چوارچێوەى کۆمەڵێک مەرج و بنەما کە پەیوەستن پێیەوە ، بەڵام پێویستە بناغەیان بۆ دابنرێت ، لە سەرەتاوە ، ئەویش ئێستا ، نەک سبەینێ .
لەلایەکیترەوە، بە بێ دیموکراسى ، بێجگە لە پاشەکشە هیچتر نابێ ، پاشەکشێ تا دەگا بە هەڵدێر . 
2
لە ئێستادا بۆتە سوننەت کەوا لەبارەى دیموکراسیەوە بڵێین لە رووى سیاسیەوە ، عەرەب لە مێژووى هاوچەرخیدا نەیناسیوە ، هەروەها لە مێژووى کۆنیشیدا نەیناسیوە ، دیموکراسى : لە رووى رۆشنبیریەوە ، لە دەرەوەى کەلتورى روناکبیریى عەرەبدایە .
ئەمەش بە هیچ شێوەیەک ئەوە ناگەیەنێت ، کە بنیادنانى مەحاڵە ، ئەم کارى بنیادنانەش لەگەڵ سەرەتاکانى سەربەخۆبوونەوە دەستى پێکرد ، کە ئازایانە و بنیادنەرانە بوو .. بەڵکو ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو کارە پێویستى بە چەند مەرجێکى سەرەکى هەیە ، سوودیشى نابێت گەر ئەو مەرجانە لە سەرەتاوە بە دەست نەیەن ، لە نێوانیشیاندا ئەوەیە کە بۆتە رابردوو ، بە بێ ئەوەى عه‌رەب لە ئەویدیکەى وەرگرێت و پراکتیکى بکات ، پراکتیکیان کرد و دەیکەن ، لێزان بوون تیایدا و لێزانن . یەکەم مەرج لەو مەرجانە بردنە دەرەوەى کۆمەڵگەیە لە رووى سیاسى و رۆشنبیریەوە لە ( زەمانى ئاسمانەوە ، دەستەجەمعى و خواوەندانە ) بۆ ( زەمانى زەمینەوە ، تاکانە و مرۆییانە ) کە ئەمەش بە زمانى سیاسەتى هاوچەرخانە پێى دەگوترێت : جودا کردەنەوى تەواوى نێوان ئەوەى ئاینییە و ئەوەیش سیاسى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییە .. لەو پێناوەشدا زۆر لە بیرمەند و شاعیرانى عەرەب لە سەدەکانى یەکەمى دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسلامى / عەرەبیەوە ، تێکۆشاون ، بەڵام نەک هەر لەو هەوڵانەیان شکستیان هەێنا ، بەڵکو داپڵۆسێنران و بە کافر لە قەڵەمدراون و بگرە کوژراشن ، بە پێى بار و قۆناخە مێژوویەکان ، ئاینى دامەزراوەیى بەردەوام و ئێستایشى لەگەڵدا بێت براوە و سەرکەوتوو بووە لە ئاوێتە کردنى ئاین و سیاسەت ،کە ئێستاش بنەماى تیۆر و کارە ، لە ژیانى ئیسلامى / عەربیدا . ئەم ئاوێتەکردنەش جێگیربوونى و ئاسەوارە وێرانکارییەکیمان بینیوە و دەیبینین ، رۆژانە ، لە هەموو بوارەکاندا . بۆتە پێگەیەک تیایدا مرۆڤ بە شەرعى دەکوژرێت ، هەندێ جار لە رووى فیکریەوە دەکوژرێت ، هەندێ جاریش لە رووى جەستەییەوە دەکوژرێت ، ئەمەش لە پێناوى ( تێکست ) یان رامانێکى تایبەت بۆ ( تێکست ) ،
چۆن دەکرێت دیموکراسى لە کەشێکدا بنیاد بنرێت کە هیچ بارستاییەک بۆ ئازادى تاک و ئەزموونى مرۆیى دانانێت ؟ یان بەرانبەرى جیاواز رەتدەکاتەوە / لە رێى نابووتکردەنەوە ، یان بە کافر کردنەوە ، یان کوشتنەوە ؟ ژیان و رۆشنبیرى و کات و شوێن و شارستانییە مرۆییەکان تەنیا لە رێى ئاوێنەى خوێندنەوەى( تێکست ) ەوە دەبینێت ! لە کاتێکدا دەزانین کە ئەو ( تێکست ) ە هەڵگرى فرەیى مانایە ، تا رادەى جیاوازبوون ؟ بە تایبەتى کە ( تێکست ) هەرچەندى مەزن بێت ، بچووک دەبێتەوە ، کاتێک بە عەقڵێکى بچووک دەخوێنرێتەوە ، وەک ئەوەى لە ئێستادا زۆربەى جار روودەدا . دیموکراسیەت لە بنەڕەتدا لە ئایندا نییە ، بەو واتایەى کە لەبارەیەوە کۆکین و مامەڵەى پێدەکەین لە چوارچێوەى رۆشنبیرى یۆنانى / خۆرئاواییەوە . ئاین بە سروشتى خۆى لایەنگیرى ئاسمانە و زەوى بە ئاسمانەوە دەلکێنێ ، مرۆڤیش بە تێکستەکانیەوە . 
ئاین لەسەر ئاستى مامەڵەکردن لەگەڵ بەرانبەرە جیاوازەکەیدا ناتوانێت لە بیرى ( لێبوردەیى ) ەوە بترازێ ، بەڵام لێبوردەیى پێچەوانەى دیموکراسیەتە : تاقمێک لێبوردەیى دەنوێنێ بەرانبەر تاقمێکى لەخۆى جیاواز ، بەڵام بەو هەنجەتەى کە خۆى تەندروستتر و راسترە ، لێبوردەییەکەیشى دەبێتە جۆرێک لە پیاوەیەتى و جوامێرى و گەورەیى ، بەو پێیەش دەبێتە شێوەیەک لە شێوەکانى داگیرکردنى راستى . شێوەیەک لە شێوەکانى لووتبەرزى و ئاستبەرزى و رەگەزپەرستى . ئەمەش لە هەموو بارەکاندا دژى یەکسانییە ، مرۆڤیش لێبوردەیى ناوێت ، بەڵکو پێویستى بە یەکسانى هەیە . بە بێ یەکسانیش : ماف نییە ، دانپیانان بە بەرانبەر نییە ، دیموکراسى نییە . لە کۆمەڵگەى عەرەبیدا بەم شێوەیە دیموکراسى خۆى دەنوێنێ ، تەنیا وشەیەکە و دەمى بۆ دەکەینەوە .

3
جەنابى سەرۆک ،
بنیادنانى دیموکراسى ، کەواتە ، لەوەوە دەستپێدەکا ، کە جیاکارییەکى تەواو بکرێت لە نێوان ، لەلایەکەوە ئەوەى ئاینییە ، لە لایەکیترەوە ئەوەى سیاسى و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییە .
ئەمەش ئەو کارە بوو کە حزبى بەعسى عەرەبى ئیشتیراکى ، نەیکرد . وەک لێى چاوەڕوان دەکرا ، ئەو حزبەى نزیکەى نیو سەدە وڵاتى بەڕێوە برد ، بە پێچەوانەوە ، پۆشاکە کۆنەکەى لەبەر کرد ، دەستى بەسەر یاریگا کۆنەکەدا گرت ، سیاسەتى کرد و فەرمانڕەوایى بە عەقلیەتە کۆنەکە کرد ، رێڕەوە رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتییە کۆنەى پەیڕەو کرد . بەم شێوەیە و بە پراکتیک گەیشتە ئەوەى ببێتە حزبێکى نیمچە ( رەگەزپەرست ) بەرانبەر هەموو ئەو کەمینانەى عەرەب نەبوون ، بە تایبەتى کوردەکان ، بەو هەموو شتەوە بووە حزبێکى ( ئاینى ) و کە بونیادێکى ئاینیانەى هەبێت ، لە هزرى سەلەفیدا  ئینتیما بوون بۆ ئیسلام کراوە بە ئیمتیازێکى فیکرى و مرۆیى ، هەروەها ئینتیما کردن بۆ حزبى بەعس ئەویش کرایە ئیمتیازێکى فیکرى و مرۆیى ، ئەمە لە رووى تیۆرییەوە ، بەڵام لە رووى پرکاتیکییەوە ئەو ئینتیمایە کرا بە ئیمتیازێکى سیاسى و وەزیفى و بازرگانى . بەم شێوەیە حزب تێدەکۆشا تاوەکو کۆمەڵگە بچێتە ناو ئاینەکەى ئەوەوە ، دوور لەوەى تێبکۆشێ تاوەکو کۆمەڵگە لە دامەزراوەکانى ئاین رزگار بکا و کۆمەڵگەیەکى هاوڵاتیبوون دابمەزرێنێ ، کە تیایدا کەس لە کەس باشتر نەبێ بە ئاینەکەى یان بە حزبیبوونیەوە ، بەڵکو بە کار و لێزانینیەوە .

4
جەنابى سەرۆک ،

هەموو تایبەتمەندانى بوارەکە ، کۆکن لەسەر ئەو بۆچوونەى کە ئەزموونى حزبیى ئایدۆلۆژیى لەسەر هەموو ئاستەکان و لە هەموو بوارەکاندا شکستى هێنا ، وەک چۆن نمونەى شیوعى بوون شکستى هێنا ، حزبى بەعسیش بەشێکە لەو ئەزموونە ، کەواتە ئەویش بەشێکە لەو شکستە ، گەر هەیمەنەیشى بەسەر سوریادا ماوەتەوە ، ئەوا بە هێزى ئایۆلۆژیا نەبووە ، بەڵکو بە هێزى مشتى ئاسن و ئاسایش بووە ، کە بارودۆخێکى زۆر و هەمەچەشنە دەستیان هەبووە لە رەخساندن و جێگیربوونیاندا .
ئەزموونى مێژوویى ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەو مشتە ، کە چەندەش بە تاو و بەهێز بێت ، ناتوانێت دەسەڵات مسۆگەر بکات ، تەنیا بۆ ماوەیەکى کورت نەبێت ، ئەوەیش پەیوەستە بە هۆکارە ناوخۆیى و دەرەکیەکانەوە ، ئەو مشتەش هیچ پێشکەش بەو گەلە ناکات کە لە ژێر ئەو دەسەڵاتەدایە بێجکە لە پەرتەوازەیى و دواکەوتوویى ، ئەمە وێڕاى زەلیلکردن و شکاندنى کەرامەتى مرۆیى .
هیچ دەسەڵاتێک نییە لە کۆتاییدا ، تەنیا بۆ ئازادى نەبێت ، هیچ ئاسایشێک نییە تەنیا بە ئازادییەوە نەبێت .
ئەمەش ئەو لێکدژییەى ئەمرۆمانە / حزبێک بە ناوى پێشکەوتنەوە فەرمانڕەوایى کرد ، بەناوى دەرپەڕاندنى کۆمەڵگە لە بارە دواکەوتووەکەیەوە بۆ بارەکانى گەشەسەندن . ئەو حزبە ئەمڕۆ خۆى دەبینێتەوە کە تاوانبارە وەک ئەو تاقمانەى ئۆپۆزسیۆنى ئەون ، بەوەى بەرپرسە لەو داڕمانەى رۆژ دواى رۆژ پەرەدەسێنێ ، داڕمانى سوریا و شێواندنى وێنە شارستانیەکەى بە قوڕى ( تایەفەگەرى ) و ( هۆزگەرى ) و ( مەزهەبگەرى ) ، هەروەها بە قوڕى دەستێوەردانى دەرەکى و قوڕى ئەشکەنجە و کوشتن و شێواندنى تەرمى کوژراوەکان .. ئەمەیان گاڵتەجارییەکى کارەساتبارە کە حزبى بەعس خۆى بەشدار بوو لە بەدیهێنانیدا ، کارەساتى ئەوەى ، لەمڕۆدا رووداوەکانى سوریا ( لەسەر زارى فەرمانڕەوا خۆرئاواییەکانەوە ) کەواى بەرگرى لە مافەکانى مرۆڤى بە شان دادەن ، ئەو کەوایەش هێندە فراوان بێت ، تیایدا جێگەى هەموو عەرەب ببێتەوە لە ئۆقیانووسەوە تا کەنداو ، لە توێژێکى عەرەبى بترازێ ( فەڵەستینیەکان ) کە ئەوان هیچ مافێکیان نییە  لە گۆشەنیگاى بەرگریکارە ئەمریکایى و خۆرئاواییەکانەوە ، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە کە عەرەب خودى خۆیان ، هەموویان و بەبێ لێدەرکردن ، بەشدارن ، بەشێوەیەک لە شێوەکان ، کەم و زۆر : لە نووسینى ئەو گاڵتەجاڕییە کارەساتبارە ، لە نواندن و بەرجەستەکردنەوە .

5
جەنابى سەرۆک ،

بێگومان ، ئەمەش زۆربەى کەسە کاراکانى ناو حزب دانیپیادەنێن ، کە کارى ئەو دەسەڵاتدارانەى  بە ناویەوە فەرمانڕەواییان دەکرد ، لە ئاستى بنەماکانى نەبوون ، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە ، بە تایبەتى ئەوەى پەیوەستە بە ژیانى مەدەنیانە و مافەکانى مرۆڤ و ئازادییەکانیەوە ، ئەمەش پێویستە لە رووى ئەخلاقیەوە دانیپێدا بنرێت ، بە راستى ئەو حزبە هیچ شتێکى دانەمەزراندووە بە باش و داهێنەرانەى ناو ببەین ، گرنگ بێت ، لە هیچ بوارێکدا . بەڵکو لە مامەڵەیدا بە تایبەت لە بوارى رۆشنبیریدا ، بۆ نمونە : حزبێکى باو بووە ، لە زۆر حاڵەتدا : حزبێکى ئاینیی دواکەوتووخواز بووە / بە تایبەتى لە بوارەکانى پەروەردە و فێرکارى ، قوتابخانەکان ، زانکۆکان . هیچ شوێنێکى نەبەخشیە مرۆڤ ، بەو وەسفەى مرۆڤ بێت ، تەنیا لە پشت ئینتیماکانیەوە نەبێت ،
یان بۆ خودى راستى خۆى ، ئەو حزبە یەک زانکۆى نمونەیى نەکردەوە ، یان یەک دەزگاى مەعریفى ، یان یەک دەزگاى هونەریى نمونەیى . زیاتر بە کۆمەڵەیەکى ( ئاینى ) دەچوو : رێگر بوو لەبەردەم گەشەى رۆشەنبیریى مەدەنیانەى ئازادەوە ، ئەخلاقى مرۆڤەکانى تێکشکاند ، رۆشنبیریەکى دامەزراند کە لایەنگیرى بۆ ئەو هەبێت ، تەنیا لە پشت دوژمنایەتى دوژمنەکانیەوە بێت ، تەنیا لە پشت دروشم و راگەیەندنەکانیەوە بێت ، کە زۆربەیان کەم عەقڵانە و رووکەشانە بوون .
ئەمە کارەساتە بۆ ئەو حزبە ( کارەساتى ناوەکى لە پەیوەندیەکانى بە بونیادى کۆمەڵگە و عەقڵى کۆمەڵگە ) ( ئەو حزبەى بۆ یەکێتى نەتەوەیى و عەلمانیەت و هتد .. دامەزراوە ) کەوا نەیارەکانى دژایەتى بکەن لە ژێر دروشمەکانى ( تایەفەرگەرى ) و ( هەینى عەشیرەتەکان ) ، پاش ئەو هەموو ماوە زۆرەى کە تیایدا بە ناوى عەلمانیەت و پێشکەوتنخوازیەوە دەسەڵاتدار بووە .
بە راستیش ئەوەى دەسەڵاتداران پێى هەڵساون و پەیڕەویان کردووە و بە ناوى حزبى بەعسى عەرەبى ئیشتراکیەوە فەرمانڕوا بوون ، دواى ئەو ماوە درێژە ، بە سروشتى دەگاتە ئەوەى ئەمڕۆ لە سوریادا روودەدا ، هەڵە سەرەکیەکەى ئەو دەسەڵاتە لە بنەڕەتدا ئەوەیە ، کە بە هەمان رێڕەوى باوى کۆندا فەرمانڕەوایى نواند ، هەمان لۆژیک و شێوازەکانى چەسپاند ، بووە بەشێک لە دەقى سیاسەت و ئاین ، کە هەموو ئەوانەى قوتدەدا کە دەچوونە ناویەوە ، بەم شێوەیە رۆشنبیرى سازشکردن چەسپا ، رۆشەنبیرى رازیکردن ، داپاچین ، داگیرکردن ، لادان ، بە کافرکردن ، بە خیانەت لە قەڵەمدان ، ئەمە وێڕاى رۆشنبیرى تاقمەکان و تایەفەکان و هۆزەکان و مەزهەبەکان .
حزب هەموو ئەمانەى گرتەخۆ ( وەک چۆن کردەوەکان دەیسەلمێنن ) لە پێناو یەک ئامانجدا : مانەوە لە دەسەڵات ، زیاتر دەسەڵاتى پێ گرنگتر بوو لەوەى ئاراستەى کۆمەڵگە بگۆڕێت و دایمەزرێنێ بەرەو گۆڕان و بردنى بۆ ژیانێکى نوێ ، کۆمەڵگەیەکى نوێ ، رۆشنبیریەکى نوێ ، ملرۆڤێکى نوێ . لێرەوە دەسەڵاتى بە پراکتیک گۆڕا بۆ دەسەڵاتێکى دواکەوتوو ، پێویست بە شۆڕشێک ناکات بۆ روخاندنى ، بەڵکو خۆى تۆوى روخانى لەناو خۆیدا هەڵگرتووە ، لە رووى بابەتیشەوە ئەمە حوکمێکى بڕاوەیە لەسەر حزبى بەعس بەو پێیەى دەسەڵاتدارە . تەواو شکستى هێنا لەوەى بناغە کۆنەکە هەڵوەشێنێتەوە و کۆمەڵگە بە ئاراستەى پێشکەوتنەوە ببات .لەمەشدا بەڵگەیەکى پراکتیزەیى هەیە ، لەوەى پێویستە ماددەى هەشتەم*( ئەو ماددەیە بریتییە لەوەى کە دەڵێت / حزبى بەعس ، رابەرایەتى کۆمەڵگە و دەوڵەت دەکا _ وەرگێڕ ) لە دەستوردا بسڕێتەوە و پێش هەموو شتێک ، چونکە سۆمبۆلێکى راستەوخۆیە بۆ داپڵۆسین و گاڵتەکردن بە مرۆڤ و عەقڵ و ئازادییەکانى .  
ئەوەى لەمڕۆدا ، لە سەرکردەکانى حزبى بەعس داوا دەکرێت ، ئەوەیە ، جورئەتى ئەخلاقى و مێژوییان هەبێت ، لەوەى دانیپێدا بنێن ئەو ئەزموونەى رابەرایەتیان دەکرد هەڵە بوو ، کاریش بکەن لەسەر رەخنەلێگرتنى و تێپەڕاندنى ، کردەنەوى لاپەڕەیەکى نوێ ى دیموکراسیانە بۆ بنیادنانى دەسەڵاتێکى نوێ ، هەموو هێزە سیاسی و فیکرییە کاراکان بەشداربن تیایدا ، بە تایبەتى ژنانە و گەنجانە ، تاوەکو بگەینە دەرچوون لەو رێڕەوە باوەى کە هەیە ، بە ئاراستەى کۆمەڵگەیەکى مەدەنى و دیموکراسیانە .


6
جەنابى سەرۆک ،

کەس گومانى لەوە نییە ، کە داواکردنى دیموکراسى لە دووتوێیدا ئەوە لەخۆدەگرێت ، کە مەرج نییە ئەوانەى داواى دیموکراسى دەکەن ، بە راستى کەسانى دیموکراسخواز بن .
دیموکراسى بە جێ نایەت ، تەنیا بە دوو شت نەبێت :
1 . ئینتیمام هەبێت بەو پێیەى هاوڵاتیم ( ژن بێت ، یان پیاو ) بۆ کۆمەڵگە بەو وەسفەى یەکەیەکى دانەبەشکراوە ، پێش ئەوەى ئینتیمام هەبێت بۆ ئاینێک ، یان قەبیلەیەک ، یان تایەفەیەک ، یان کەمینەیەک .
2 . دانبنێم بە بەرانبەرە جیاوازەکەم ( ژن بێت ، یان پیاو ) بەو پێیەى ئەویش وەکو من ئەندامێکى کۆمەڵگەیە و هەمان ماف و ئازدییەکانى منى هەیە .
راستە فیکر ئاراستە دەکا ، یان رەنگە ئاراستە بکا ، بەڵام دەسەڵات ناگرێتە دەست ، بۆیە دەبێت فیکرى ئۆپۆزسیۆن ، ئەویش هەروەها ، روون و سەراپاگیر و ورد بێت ، لەگەڵ ئەوەى کە ئۆپۆزسیۆن بوون مافێکى  خەڵکە و مەرجێکى سەرەکییە بۆ دیموکراسیبوون . ئەویش پێویستە لەسەرى رەخنەى خۆى ئاشکرا بکات ، گەر رەخنەکانى بەشێکى بچووک بوون ، یان یرۆژەکانى و پلانە ئەلتەرناتیفەکانى ئاشکرا بکات ، گەر رەخەنکانى سەراپاگیر بوون . بەو پێیەش کە لە سوریا ئۆپۆزسیۆن ، یان بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن داواى روخانى رژێم دەکەن ، کەواتە پێویستە ئەوانیش بۆ دواى روخانى رژێم لە سوریا  پلان و ئامانجەکانیان ئاشکرا بکەن ، هەروەها پێویستە لە سەریان بڵێن تا چ مەودایەک ؟ بۆ گەیشتن بە کامە رەگ : دەیانەوێت بگەن بە پرۆژەکانى گۆڕان ؟

7
بەڵام ، ئەم ئۆپۆزسیۆنەى ئەمڕۆ ، کێن ؟
دەنگ هەیە / دەنگى : بیرمەندان ، نووسەران ، هونەرمەندان ، رۆشنبیران ، کچ و کوڕ لاو ، هەن .. کە بۆچوون و دنیابینى یەکسانخواز و جوامێرانەیان هەیە ، بەڵام دیکۆمێنتێک ( راگەیەنراوێک ) کۆیان ناکاتەوە ، تەنانەت لە رووى سۆمبۆلێتى مێژوویشەوە ، راگەیەنراوێک فیکریان هەڵگرێ ، ئامانجەکانیان لە دواى روخانى رژێمى ئێستا روونبکاتەوە . دەنگ : ئەگەر شتێک لەخۆى نەگرت ، هەر بە دەنگ دەمێنێتەوە ، بەڵام مەرج نییە بچێتە تۆڕى واقیعى پراکتیکیەوە ، لە سەرەوەى دەبێت ، یان لە خوارەوەى .
کردەوە هەیە / کردەى خۆپیشاندان ، بە یەکدادان ، هاندەران ، هەڵگرانى ئاڵا و دروشمەکان ، کوژراوەکان ، شەڕکەران ، ئەمانەش ئەوەى کۆیان دەکاتەوە بریتییە لە ئایدیاى ئەخلاقى و بنەما و پەند و نیشتمان پەروەریى دڵسۆزانە . 
 بەڵام پێدەچێت هەندێک هەبن ( یەکانگیریى ) توندوتیژى کۆیان بکاتەوە ، ورتەى هەڵایسانى ( کەفوکوڵ ) و ( تۆڵەسەندنەوە ) و ئاینى تایەفەگەرى و سەلەفیەتیان لێوە دێت . 
زیاتر ، بە پێى ئەزموونە مێژوویەکان بێت ، لەم جۆرە یاخیبوونانەدا کە مۆرکى شۆرششى پێوەیە ، سەرکەوتن و براوەیى بۆ بۆ ئەوانە دەبێت کە رێکخراو ترن ، بەو واتایەى کە ( کردەوە ) رابەرایەتى دەکات و سەردەکەوێت ، ئاستى ئەو کردەوەش لە ئاستى ئەو هزرە دەبێ کەوا ئاراستەى دەکا .
بەم شێوەش بانگهێشتى دەسەڵات بۆ دیالۆگ لەگەل ئۆپۆزسیۆندا بەس نییە .
پێویستە چەمکى حوکمڕانى بخرێتە روو ، هەرەوها ئامرازەکانى گەیشتنە دەسەڵات و جێگۆڕکێى دەسەڵاتیش بخرێتە روو ، ئەو ئامرازانەیش کە تیایدا هاوڵاتى بە هۆیەوە بتوانێت بۆچوونى خۆى لەبارەى حوکمڕان و ئەداى دەسەڵات بخاتە روو ، بە شێوەیەک دەسەڵات بکرێتە ئەوەى هەموو کەسێک دەستى پێبگا کە گەل هەڵیدەبژێرێ . پێویستە بانگهێشت بۆ پرۆژەى روون بکرێت : لە سیاسەتدا ، لە پەروەردەدا ، لە فێرکاریدا ، لە ئابوریدا ، لە رۆشنبیرى و هونەردا ، بە تایبەتیش لە هەموو شتێک کە پەیوەندى بە ژن و ماف و ئازادییەکانیەوە هەیە .

8
جەنابى سەرۆک ،

ئەو بەرەنگارییەى رووبەڕوو تۆ بوونەتەوە / دووانەن : 
یەکەم ئەوەیە ئەمڕۆ چالاکیت بنوێنى نەک بەو پێیەى سەرۆکى حزبیت ، بەڵکو بەو پێیەى ، پێش هەموو شتێک سەرۆکى وڵات و گەلیت . هەر دەشبێ ، بە تایبەتى ، بەو وەسفەى سەرۆکێکى هەڵبژێردراویت کە پێشینە بۆ دەستاودەستکردنى دەسەڵات بکەیت ، بە هۆى راپرسییەکى ئازادانە و بە بێ هیچ پێش مەرجیەک ، ئەمەشە کە شەرعیەتى حوکمڕانى دووپاتدەکاتەوە . 
چونکە گەلیش سەرچاوەى دەسەڵاتەکانە ، هیچ حزب و هیچ رابەرێک ناتوانێت گەل و ویستەکانى ، قسە و کردەوەکانى لە خیدا کورت بکاتەوە و لە جیاتى ئەودا خۆى بنوێنێ ، تەنیا لە بە پێى رێگەپێدانێکى دەسنیشانکراو نەبێت .
دووەم ، ئەوەیە کە لە بارودۆخى سوریا بڕوانیت ، بە دیدێک کە سنوورەکانى ئاسایش و حوکمڕانى تێپەڕێنێت ، ببینیت کە مانەوەى سەرکردایەتى حزب بە پێى ماددەى هەشتەمى دەستور ، لە ئێستادا زۆرینەى سوریەکان رازى ناکات ، هیچ پاساوێکیش بۆ خۆهەڵواسن بەو ماددەیەوە نەماوە ، بێجگە لە توندوتیژى ، ئەو توندوتیژییەش ناکرێت بەردەوام بێت ، هیچ هێزێکى سەربازى چەندەى پڕاوپڕ بێت ، ناتوانێت سەرکەوێ بەسەر گەلدا ، چەندەى بێ چەک بێت .
پێویستە لەسەر سەرکردەکانى حزب ، خۆیان دانیپیا بنێن ، بە ئازایەتى و بابەتیانە ، کە پەیوەندى ئەمڕۆى نێوان گەل و حزب ( گەر پەیوەندى بەرژەوەندى و هەلپەرستى بترازێنین ) زۆر پاشکەوتووە لەوەى جاران هەبوو ، لەمڕۆدا ئەو پەیوەندییە لە ئاستەکانى خوارى خوارەوەدایە .
بەم شێوەیە کێشەکە ئەوە نەماوە کە رژێم خۆى دەرباز بکات ، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە سوریا دەرباز بکرێت : وەک گەل و خاک . بە بێ ئەمەش حزب دەبێتە یەکەم بەشدار : نەک لە روخاندنى خۆى و بەس .. بەڵکو لە روخاندنى هەموو سوریا .

9
جەنابى سەرۆک ،

کەسێک نییە ، گەر ئاگادارى ئەزموونە سیاسیە مەزنەکان بێت ، پەند وەرنەگرێت لە شکستى ئەو ئەزموونەى کە حزبى بەعس نمایندەى دەکا ، شکست لە رووى تیۆرى و پراکتیکیەوە ، لە رووى رۆشنبیری و سیاسیەوە ، ئەو شکستە ، بەشێکى دیار و بەڵگەیەکى دیارە بۆ شکستى حزبیى ئایدۆلۆژیى لە سەراپاى جیهانى عەرەبیدا ، ئەو ئایدۆلۆژیەتەى کە نەک تەنیا هزرى خنکاند ، بەڵکو خەریک بوو ، جوڵەى مرۆڤ و جوڵەى کۆمەڵگەش بخنکێنێت . 
بەم شێوە پێدەچێت چارەنووست ئەوە بێت کە قوربانیى هەڵەکانى ئەو ئەزموونە بدەیت ، وشە وبڕیار بگەڕێنیتەوە بۆ گەل ، ئەو وێنەیە بسڕیتەوە کە لە بارەى سرۆکەکانى پێشووى سوریاوە هەیە ، بە تایبەتى ئەوانەى بە شەمەندەفەرى کودەتا سەربازییەکان گەیشتن .
بێگومان ، خودى دوژمنەکانت ، شان بە شانى هاوڕێکانت ، ئەوسا لەبارەتەوە دەڵێن : کە تۆ دامەزراندنت بۆ قۆناخێکى نویێ  سیاسەت لە مێژووى سوریادا کرد . لەوانەشە بۆ مێژووى هەموو ناوچەکەش .

10
جەنابى سەرۆک ،

ئەمڕۆ سوریا ، زیاتر لە هەموو رۆژێک ، پێویستى بەوە هەیە ئەبجەدیەتێکى دیکەى سیاسى بۆ عەرەب بدۆزێتەوە ، وەک تەواوکارییەک بۆ ئەو دۆزینەوانەى پێشتر دایهێناون . ئەو ئەبجەدیەتە لەسەر ئەوە بنیاد نرابێت ، کە نابێت یەکانگیرى لە نێوان نیشتمان و حزبدا هەبێت ، لە نێوان سەرکردە و گەلدا هەبێت ، ئەو یەکانگیرییە تەنیا داپڵۆسێنەرەکان دەیکەن ، نە خەلیفە عومەر کردوویەتى و نە ئیمامى عەلیش / گەر پێویست بکا نمونەى مێژوویى بهێنینەوە ، تاوەکو تەنیا دوو سومبۆلى مێژوویى ناوبێنین و بەس .
تۆ ئێستا پێویستە لەسەرت ، ئەو یەکانگیرییەى نێوان سوریا و حزبى بەعسى عەرەبى ئیشتراکى هەڵبوەشێنیتەوە ، یان هەر حزبێکیتر . لەسەرتە کەواتە / لە رووى مرۆیى و شارستانییەوە ، لایەنگیرى سوریا بیت ، نەک لایەنگیرى حزب . یان لەگەڵ حزبدا بیت بەو شێوەیەى کە حزبەکە چەند کار بۆ بەرزراگرى سوریا دەکا ، شان بە شانى ئەوانیتر لە رۆڵەکانى سوریا ( بە تایبەتى کە ئەو حزبە دەرفەتێکى درێژ و دەگمەنى پێدرا ) لەوەى بچێتە دووتوێى ئەو جوڵە مەزنەوە و کار   بکات بۆ بەرزراگرى ئەو وڵاتە ناوازەیە . بەڵام ئەزموون سەلماندى کە تەواو شکستى هێنا ، لووتبەرزیش بۆ گوتنى ئەمە ، هیچ سوودێکى نییە . هێز و توندوتیژیش سوودى نییە لە سەلماندنى پێچەوانەى ئەو شکستە . لە زیندانەکاندا جێگەى کەسەکان دەبێتەوە ، بەڵام جێگەى گەلان نابێتەوە . مەحاڵە زیندانى کردنى گەلان . بوونى زیندانیى سیاسیش ، تەنیا ئاماژەیە بۆ شکست ، هیچ هێزێکیش : هەر چیەک بێت ، ناتوانێت ئەم راستییە داپڵۆسێنێت ، یان بیشارێتەوە . تەنانەت ئەو حزبە لە رێى مامەڵە دەسەڵاتیەوە ، خراپەکارى زۆرى بەرانبەر بە رۆشنبیرى سوریاوە نواند ، ئینتماى عروبەتى بۆ زمان و رۆشنبیرى ، گۆڕى بۆ ئینتیماى عروبەت بۆ ( نەژاد ) و ( ئاین ) ، رۆشنبیریەکى تاک رەهەندى دامەزراند ، کە کۆمەڵگەیەکى تاک رەهەندى بەرهەمى دەهێنا ، رۆشنبیریەکى تەنگ ، هەموو شتەکانى بە دواى خۆیدا رادەکێشا ، تایبەت لەسەر دژایەتى بەرانبەر هاتبووە ئارا : بە کافر کردنى بەرانبەرى جیاواز ، یان بە خاین کردنى ، یان بە نابوت کردنى ، یان بە پەراوێز خستنى . عروبەتێک شوێنى ئاینى گرتبۆوە .
کۆمەڵگەى هەڵوەشاندەوە و بنیادى نایەوە لە شێوەى : حزب ، دەسەڵات ، سەرکردە لەلایەک و گەلیش لەلایەکى دیکەوە . هەڵوەشاندنەوەیەک تەنیا لایەنگیرانى نزیک دەکردەوە ، نەیارەکانیشى ریسوا دەکرد و دژەکانیشى ئاوارە دەکرد .
بەم شێوەیە حزب ، لە ماوەى چل ساڵى حوکمڕانى سوریادا ( کە فرە رەنگ و فرە دەنگە ) رۆشنبیریەکى بەرهەم هێنا : تاکڕەوانە و داخراو ، داپڵۆسێنەرانە / بەڵى .. بەڵێ ، نەخێر واتا نەخێر . 
بەم شێوەیە زۆر بە کەمى نەبێت ، دەنا رۆشنبیرى لە سوریادا گۆڕا بۆ بانگەواز و راگەیاندن و ریکلام ، کە پەیوەندییەکى تەواویان بە ئاسایش و سیاسەتەکانیەوە هەبوو . رۆشەنبیرى لە سوریادا خرایە نێو دوو بەرداشەوە ، بەرداشى دوو عەقلیەتى داخراو : سەلەفیەت ، بەناوى ئاین و کلتور و رابردووە وە ، بەعسى بوون : کە بە ناوى عروبەتەوە ئازادییەکانى دەپڵیشاندەوە و لێکدژ بوو لەگەڵ سادەترین مافەکانى مرۆڤ . بە تایبەتیش لێکدژ بوو لەگەڵ فرەیى ، کە کرۆکى کەسایەتى سورییەکانە .
من دەزانم و زۆر کەسیش بێجگە لە من دەیزانێت ، کەوا خۆرئاوا ، بە تایبەتى ئەمریکا ، بەرگرى لە گەلى سوریا ، یان مافى مرۆڤ لە سوریا ، ناکەن ، بەڵکو بەرگرى لە ستراتیژیەت و بەرژەوەندى خۆیان دەکەن ، بەڵام ( سەرکەوتوون ) لە ( هەنجەت ) کە سوریا خۆى پێشکەشیان دەکات ، لەو پاساوانەى کە رێگەیان پێدەدا کۆلۆنیال کردنى نوێیان بشارنەوە ، لە ژێر ناوى بەرگرى لە مرۆڤ و مافەکانى ، بەمەش رادەکەن لە شەڕە راستینەکەیان : کە بریتییە لە شەڕى مافەکانى ، مرۆڤەکانى فەلەستین .
جەنابى سەرۆک ،
پێویستە لە رەگەوە پێداچوونەوە بکرێت ، تەناتەت گەر حزبى بەعس توانیشى شۆڕش لە دژى خۆى رابگرێت ، بە بێ ئەوەش خودى خۆى هۆکارە بۆ داڕوخانى تەواو : بۆ بردنى سوریا بەرەو شەڕێکى ناوخۆیى درێژخایەن ، کە رەنگە زۆر ترسناکتر بێت لەوەى لە عێراقدا روویدا ، چونکە دەبێتە مایەى پارچە پارچە کردنى ئەو خاکە جوانە ناوازەیەى ناوى سوریایە ، ئەمەش دەبێتە مایەى ئەوەى هەموو دانیشتوانى ( داهێنەرانى ئەبجەدیەت ) ناچار بکرێن ئاوارە بن لە پانتاییەکانى زەمیندا و نەتوانن بگەڕێنەوە ، تەنیا بە سوارى ئەسپى فریشتەکان نەبێت ، کە بە باڵى هەر حەوت چینى ئاسمان دەفڕن .
بۆ سوریا و گەلەکەى و بۆ تۆش جەنابى سەرۆک : ئومێدە راستگۆکانم . 


  جریدە السفیر العدد 14/06/2011 العدد 11911 ێفحە 1