کتێبی چێژی خوێندنەوە بڵاو دەکرێتەوە

ڕەخنەی چاودێر 09/06/2019

ڕەخنەی چاودێر

 

 

کتێبی "چێژی خوێندنەوە" کە ڕۆژنامەی هاووڵاتی بڵاوی کردووەتەوە، بایەخ بە (خوێندنەوە و بوونی كتێب بۆ ژیانی مرۆڤ)، دەدات.

 

شاخەوان سدیق کە ئامادەکاری کتێبەکەیە، لە ڕێگەی وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی (13) نووسەری ناسراو و بەئەزموونی كوردەوە، چەندین پرسیار، بابەت و گفتوگۆی تایبەت بە (كتێب، خوێندنەوە، جۆرەكانی خوێنەر و چێژی خوێندنەوە) دەخاتە ڕوو. 


کتێبی "چێژی خوێندنەوە" ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو سەعات 5ی ئێوارە لە ناوەندی ڕەهەند لە شاری سلێمانی و لە ڕێورەسمێكدا بە ئامادەبوونی نووسەر و وەرگێڕ (ئازاد بەرزنجی) و نووسەر و لێكۆڵەر (ئارام سدیق) وەك  وەك دوو بەشداربووی نێو كتێبەكە بڵاو دەکرێتەوە. هەر لەو ڕێوڕەسمەدا و لە لایەن هەرسێ بەشدار بووەوە بابەتێك لەسەر كتێب و چێژی خوێندنەوە بۆ مرۆڤ پێشكەش دەكرێت، بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتوودا لە شاری هەولێر و لە ڕێوڕەسمێكی جیاوازدا هەمان كتێب بڵاو بكرێتەوە.

لە پێشەكی ئەم كتێبەدا هاتووە "كتێب چییە؟ بۆ گرنگە مرۆڤ كتێب بخوێنێتەوە؟ ئەگەر بخوێنینەوە چی ڕوو دەدات و ئەگەر نەخوێنینەوە ژیانمان چی لێ دێت؟ كتێبەكان لە بری ئێمە بیر دەكەنەوە، یان كتێبەكان یارمەتیمان دەدەن ڕوونتر و قووڵتر دنیا لەوەی كە هەیە ببینین و بیری لێ بكەینەوە."

 شاخەوان سدیق، ساڵی 1983 لەهەڵەبجەی شەهید لەدایك بووە. دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانییە بەشی شێوەكاری. لە ساڵی 2004ـەوە وەك ڕۆژنامەنووس كار دەكات. سێ نامیلكەی شیعریی بڵاو كردووەتەوە و خاوەنی چەندین كۆڕ و سیمینار و وتار و لێكۆڵینەوەی ئەدەبییە. ئێستا سەرنووسەری گۆڤاری وەرزی ئەدەبیی باران و سەرنووسەری پاشكۆی كولتووریی هەفتەنامەی پەڕی هاووڵاتییە.