رەخنەی چاودێر

نووسەرانێک بە یەک کتێبەوە

پێش 3 هەفتە

ڕەخنەی چاودێر

 

لێرەدا لیستێک لەو نووسەرانە دەخەینە ڕوو کە بە یەک کتێبیان ناسراون، وەک هەندێک جار ڕۆژنامەکان باسی دەکەن، ئەوان بوونەتە قوربانیی ئەو تاقەکتێبەیان، هەڵبەت نووسەریشمان هەیە هەر ئەو تاقەکتێبەی نووسیوە و ناوبانگی دەرکردووە. 

 

بەرزایییەکانی وێزەرینگ، ئیمیلی برۆنتێ

برۆنتێ شاعیر و نووسەری بەریتانی بوو، تەنیا ئەم ڕۆمانەی هەیە. پڕە لە ڕق، سۆز، خۆشەویستی، هەیەجان و توندوتیژی. زۆر جار کراوە بە فیلم. دەستپێکی "مرۆڤی یاخی"ـی ئەلبێر کامۆ بە باسێک سەبارەت بەم کتێبە دەست پێ دەکات.

 

لەگەڵ بادا چوو/ (بابردەڵە)/ مارگارێت میچێل

میچێل نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی بوو، بە درێژاییی ژیانی هەر ئەم ڕۆمانەی- سەبارەت بە جەنگی ناوخۆی ئەمەریکا نووسی، خەڵاتی ئەدەبیی پۆلیتزەری بردووەتەوە. کراوە بە فیلمیش.

 

وێنەکەی دۆریان گرەی/ئۆسکار وایەڵد

ئەگەرچی ئۆسکار شیعر و شانۆیشی دەنووسی، بەڵام سەرەنجام بە هۆی ئەم تاقەڕۆمانەیەوە ناسراوە. ڕەنگە لەبەر بابەتە تازەکەی بووبێت، یان ئەوەی کە کەسایەتیی نووسەر تێیدا ڕەنگ دەداتەوە.

 

بیرەوەرییەکانی گیشایەک/ئارسەر گۆڵدن

ئەم ڕۆمانە مێژوویییە دەربارەی ژنێکی ژاپۆنییە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا. لە ساڵی ١٩٩٧ـدا بڵاو بووەتەوە. بۆ ماوەی دوو ساڵ پڕفرۆشترین بووە. ٤ ملیۆن کۆپیی لێ فرۆشراوە. بۆ ٣٢ زمان وەرگێڕدراوە. لە ٢٠٠٥ـدا کراوە بە فیلم. نووسەرەکەی بیست ساڵ دوای چاپی ڕۆمانەکە، سەرەنجام بێدەنگیی شکاند و لە ساڵی ٢٠١٣ـدا گفتوگۆیەکی ئەنجام دا، تێیدا گوتی خەریکی نووسینی ڕۆمانێکی تازەیە.

 

جوانی ڕەش/ئانا سول

ئەم ڕۆمانە لە لایەن ئەسپێکەوە بە ناوی بەلک بیوتی دەگیڕێتەوە. باسی ژیانی خۆی لە کێڵگەیەکی خۆش-ئاووهەوادا لە بەریتانیا دەکات. لە ساڵی ١٨٧٧ـدا بڵاو بووەوە. نزیک بە ٥٠ ملیۆنی لێ فرۆشراوە. نووسەرەکەی پێنج مانگ دوای چاپی ئەم تاقەڕۆمانەی مردووە.

خزمەتکارەکان/کاترین ستاکەت

تا ئێستا ئەمە یەکەم ڕۆمانی کاترینە، کە بووە هۆی ناوبانگی. بابەتەکەی سادەیە: ژنێک مێردەکەی مردووە و بە دوای کاریکدا دەگەڕێت. پاش ئەوەی لە لایەن ڕەخنەگران و خوێنەرانەوە ڕۆمانەکە پەسند کرا، کاترین بە نیازە ژیانی خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات.