هەمیشە عاشق، هەمیشە دووراس

ڕەخنەی چاودێر 06/06/2019

هەمیشە عاشق، هەمیشە دووراس
بەیان عەزیزی

جیهانی داستانەکانی مارگریت جیهانێکە پڕ لە خەمێکی قورس، لە مەلالێکی سەیردا، کە بە هیچ شتێک کۆتایی نایەت و لە ڕۆژیکەوە بۆ ئەوی تر و لە پیرسۆنایەکی داستانییەوە بۆ یەکێکی تر دەگوازرێتەوە.


ئەم رۆژانە بە زەحمەت گەر بکرێ شوێنیک بدۆزیتەوە کە بێ نیگای کونجکۆڵی دانیشتوانی بتوانی چەند ساتێک لەگەڵ خۆتدا تەنها بیت، شتێک بخۆی یان بخۆیتەوە، کتێبێکت پێ بێت یان موزیکێک ببیستیت بێ ئەوەی دەنگی ئەوانی تر ئازار بدات. بە تایبەت کە خانمێک بیت و بە شوێن کورسییەکی بەتاڵدا بگەرێیت. زۆر جار نیگای کونجکۆڵ لە جلەکان و فنجانی قاوە و جەستە تێدەپەرێت و هەموو ساتەکانی دانیشتن لە کافەیەکدا کۆنترۆڵ دەکات. فەرهەنگ، ئابوور و کۆمەڵگە و ئەمانە و زۆر شتی دیکە وادەکات کە ژمارەی کافەباشەکان لە هەر شارێکی کوردستاندا نەگاتە پەنجەکانی دەست و زۆربەی شوێنەکان کە بە ناو کافەن زیاتر لە رێستوران بچن یان باڕیکی مەشرووباتی ئەلکۆهۆل. ئەوکەسانەش کە دێن و قاوەکەت بۆ دائەنێن کەسانێکی ماندوون یان بێ تاقەت. کتێبخانەکان دوورن لە ماڵەکان یان هەر نین و بۆ کڕینی رۆژنامەیەکی ئاسایی زۆر جار دەبێ بگەینە ئەوپەڕی شار و بگەرێینەوە. گوڵفرۆشی، کافە و کتێبخانە لەناو شارەکاندا کەمتر لە هەر بینایەکی دیکە بوونیان هەیە. نووسەرەکان و هونەرمەندان زۆر جار وادەی دیدارەکانیان لە لابی هۆتیلەکان دادەنێن و تێکەڵ بە سیاسیکاران دەبن! 
ئەمجارەش کافە مەجازیەکەمان کراوەیە. بە دەنگی باران لەو بەر پەنجەرەکان و بە بۆنی قاوە لەسەر مێزەکان و بە کتێبێکی نیوە خوێندراوە بەخێر هاتنتان دەکەم‌. بە عاشقانە هەرە تاڵەکانی مارگریت دووراسەوە.

گەرمای ڤیتنام و جەهەنەمی ماڵەوە

مارگریت دووراس خۆی لە وتوویژیکد‌ا لەگەڵ ئیگزۆڤیر گۆتیەی ئیتالیایی باس لەوەدەکات کە هەر چەند دایک و باوک و جنسییەکەی فەرانسییە بەڵام خۆی لە سایگۆن پێتەختی ڤیتنام لەدایک بووە. تا ببێتە 14 ساڵان لەوێ ژیاوە و بە وتەی خۆی زۆریک لە داستانەکانی لەناو جەنگەڵ و شالیزاری برینج و تەنیایەکی قووڵدا لەدایک بوون. کەس پێی نەوتبوو چ کیژێکی فەرەنسی نازیلەیە بەڵکوو پێیان دەوت بەو دەم و چاوە ئەسمەر و جلەسادەکانیەوە لە کچێکی ڤیتنامی دەچێت. مارگریت دەڵێ منداڵی بێ کۆتاییە و سەردەمێکە کە هەموو شتەکانی مرۆڤ لەوکاتەدا شکڵ دەگرێت ئیتر لەوە بەدوا هەرچی رووبدات تەنها دووپاتکردنەوەی منداڵیمانە. مارگریت لە 18 ساڵیدا ماڵەوە جێ دەهێڵێت، ماڵێک کە جەهەنەم بووە بۆی. دایکێکی نەخۆشیی نەفسی و براگەورەکەی کە زۆر توندوتیژ بووە و باوکێک کە هەمیشە نەخۆش و بێدەسەڵات بووە و زوو مردووە‌. مارگریت تەنها براکەی خۆش دەوێت کە دوو ساڵ لەو بچووکترە. کە دەگەرێتەوە بۆ پاریس، دەبێتە خوێندکاری زانکۆ، رۆژانە لەسەر کلاسەکانی وانە و شەوانە لە کافەکانی پاریسدا دەژی. بەکەلۆریۆسی سیاسەت لە زانکۆی سۆربۆن وەردەگرێت و هەر لەوکاتەدا ئاشنابوون لەگەڵ پیاوێکی یەهوودی رێگەی ژیانی دەگۆرێت. مارگریت ئەو کتێبانە دەخوینێتەوە کە تا ئەوکاتە نەیخوێندبوو، ئینجیلیش کەشف دەکات و نووقمی دنیای موسیقا دەبێت. لەوەبەدوا بۆ هەمیشە ئەم ئاشناییە لە هەموو بەرهەمەکانیدا رەنگ دەداتەوە. چ لە فیلمنامە‌کانیدا و چ لە داستان و رۆمانەکاندا. رستەگەلێکی ئاهەنگین، بەکێش و کورت و گونجاو. 

لە خۆکوشتنەوە بۆ داستاننووسین
مارگریت نووسینەکانی خۆی دابەش دەکات بە دوو گرووپ. بەر لە نووسینی (مێدێراتۆ کانتابیلە) و (هیرۆشیما عەشقەکەی من) و پاش ئەوانە. دەڵێ هەرچی بەر لە مێدیراتۆ نووسیومە بێهودە بووە. بەڵام چی وادەکات کە ئەو بەرهەمەی ئاوەها خۆش بوێت؟ عەشق. عەشقێکی سەرشێت، پڕ لە سێکس و توندوتیژانە. عەشقێک کە تا سەر ئێسقان دەڕوات و هەناسەبڕکێت تووش دەکات. مارگریت تووشی وەهاعەشقێک بوو کە لە توانای جەستە و رۆحی ئەو زۆر بەهێزتر بوو. بۆ یەکەمجار پاش ئەو عەشقە، دووراس بیری لە خۆکوشتن کردەوە، بەڵام پلانەکەی تووشی شکەست بوو. پاش تێپەرینی ماوەیەک چاکبوونەوە و مانەوە لە نەخۆشخانە دەست دەداتە نووسینی ئەو داستانە و بیرکردنەوە لە شێوەیەکی تری ژیان و نووسین. بە وتەی خۆی، یان دووبارەتاقیکردنەوەی مەرگ و مردن، یان نووسین و مانەوە... مارگریت برا‌کەی خۆی لە دەست دەدات کە لە قووڵایی دڵەوە خۆشی دەویست، منداڵیکی بە ئازارێکی زۆرەوە لە بار دەچێت و لە پیاوەکەی جیا دەبێتەوە. پیاوێک کە خیانەتی پێکردبوو. دووراس کتێبی عاشق دەنووسێت بە درکاندنی نهێنییەکان و راستبێژی سەبارەت بە خۆی. کتێبی عاشق بە 18 زمانی دنیا تەرجەمە کراوە و زۆر بەناوبانگ و پڕفرۆش بووە. 
ژمارێک لە بەرهەمەکانی تری بریتین لە: ئێمیلی ئیل، شەیدایی لیل و ئێشتایین، ئاگاتا، عەشق، شەڕ، لە موزیکا، بریکاری کۆنسوڵ، ژان و دەرد، نووسین و هەرئەوەندە و هیچی تر، دەریاڤانەکەی جەبەلولتاریق و چەند بەرهەمێکی تر. زۆریک لەو کتێبانەم بە تەرجەمەی فارسی خوێندوونەتەوە.

لە چاوەڕوانیی هەتاهەتاییدا  و لە عەشقێکی ڕەشدا
جیهانی داستانەکانی مارگریت جیهانێکە پڕ لە خەمێکی قورس، لە مەلالێکی سەیردا، کە بە هیچ شتێک کۆتایی نایەت و لە ڕۆژیکەوە بۆ ئەوی تر و لە پیرسۆنایەکی داستانییەوە بۆ یەکێکی تر دەگوازرێتەوە. ژنان و پیاوانی ناو کتێبەکانی دووراس هەمیشە چاوەڕوانن و هەرگیز نازانن بۆ کێ و بۆ چی و ئەم چاوەڕوانییە کەی کۆتایی دێت. مەلالی ژیان ئەوەندە زۆرە کە هیچ ئامانج و مەبەستێکیش ناتوانێت لەم دەردە کەم بکاتەوە. ژنەکان بۆ ڕاکردن لەو خەمە تەنیا یەک پەناگە و شوێنی  خۆشاردنەوەیان هەیە؛ ئەویش عەشقە. عاشقبوونە بە کەسێک. لە ڕاستیدا بۆ دەربازبوون لە مەرگە، کە عاشق دەبن، رێک وەک خودی مارگریت، کە نووسین بۆی دەبێت بە هۆی مانەوە و بۆ دەرچوون لە مەرگە، کە دەنووسێت. بە پێچەوانەی ڕۆمانە کلاسیکەکان هیچ ڕووداوێکی سەیر لە بەرهەمەکانی دووراسدا ڕوو نادات. کەسایەتییەکان کەمن زۆر جار دوو یان سێ کەس، کە لە بارودۆخێکی ئاسایی بەڵام دژواردا ئەسیر بوون و داستانەکان بە دیالۆگی ئەو کەسانەوە دەڕواتە پێش.
مان و نەمان بۆ ئەوان زۆر گرنگ نییە، هەست دەکەن لەناو دەریایەکدا دەژین و ناتوانن لێی دەرباز بن، تەنیا بە هۆی دیالۆگەکانیان پێکەوەیە، کە هەست بە ژیان دەکەن. بە هۆی ئەم دیالۆگانەوەیە کە نووسەر لە کەسایەتییەکان دەگەڕێت، هەتا خۆیان دەروونی خۆیان ئاشکرا بکەن.

عاشقی و هیچی تر...
کتێبی عاشق، داستانی عەشقی پیاوێکی دەوڵەمەندی چینییە بە کچێکی 15ساڵەی فەرەنسی. ئەم کچە بڕێجار عاشقەکەی خۆی دڵخۆش دەکات و بڕێجار بە توندی دەری دەکات و خۆی لێ دەشارێتەوە. ماڵی کچەکە زۆر هەژارن و پیاوی چینی بنەماڵەکەیان بەخێو دەکات. سەرانسەری کتێب داستانی ئەم عەشق و نەفرەتە کوشندەیە. کچەکە لەگەڵ ئەم پیاوە سێکس دەکات و پارە و دیاری وەردەگرێت. بۆ ئەو پێوەندی لەگەڵ ئەو پیاوە بە مانای تێپەرین لە سەردەمی منداڵییەوەیە بۆ گەورەبوون و دابڕان لە بنەماڵەیەکی ئازاردەر. کۆتایی ڕۆمان رۆیشتنی کچەکەیە و زەماوەندکردنی پیاوە دەڵەمەندەکە لەگەڵ کەسێکدا کە بنەماڵەکەی بۆیان دەستنیشان کردووە. کۆتایی داستان تەلەفۆنکردنی پیاوەکەیە بۆ کچەکە و وتنی ئەم ڕستانە کە: هەمیشە عاشقت دەبم. ناتوانم لە بیرت بەرمەوە، تا مەرگ بێت عاشقت دەمێنمەوە.
سەرانسەری کتێب دیالۆگە، بڕێجار بێ ئامانج و کوشندە، کە خوێنەر هیلاک دەکات و مەلال دەیگرێت، بەڵام ناتوانێت کتێبەکە ناتەواو بەجێ بهیڵێت. نووسین بەم شێوەیە و تا ئەم ڕادەیە پڕ لە ژان و ئازار تەنیا بە مارگریت دووراس دەکرێت.