براوەی ٢٠١٩ـی خەڵاتی پێن پنتەر ڕاگەیەنرا

ڕەخنەی چاودێر 05/06/2019

ڕەخنەی چاودێر

 

لیمەن سیسەی، شاعیر و شانۆنووسی ٥٢ـساڵەی بەریتانی خەڵاتی ئەدەبیی پێن پنتەری بۆ ساڵی ٢٠١٩ بردەوە.

 

گاردیان بڵاوی کردەوە: خەڵاتی ئەدەبیی پێن پنتەر ساڵانە دەدرێت بە نووسەرانی بەریتانی و ئیرلەندی و وڵاتانی کۆمۆنوێلت، کە بەرهەمەکانیان زۆرترین نزیکییان لەگەڵ ئەدەبیاتی هارۆڵد پنتەردا هەبێت. بۆیە ئەمساڵ کۆمیتەی داوەرانی خەڵاتەکە لیمەن سیسەی هەڵبژارد، کە توانیویەتی "وشەگەلی جوانی پڕ لە خەم و ئازار بخولقێنێت و لێیانەوە تێڕوانینێک وەک ئاماژەی بەردەوامبوون بخاتە ڕوو."

 

لیمەن سیسەی، کە بەر لەمە شاعیری فەرمیی کێبرکێکانی ئۆڵەمپیکی لەندەن بووە و ئێستا بەڕێوەبەری زانکۆی مەنچستەرە، بەردەوام لە بەرهەمەکانیدا دیدێکی ڕەخنەگرانەی بۆ قۆناغی ژیانی لە خانەی بێسەرپەرەشتان هەبووە، کە کەوتووە بەر ئازاروئەزیەتی کارمەندانی ئەوێ. ئەو هەروەها چەند بەڵگەفیلمێکیشی دەربارەی گەڕان بە دوای خانەوادەکەیدا دروست کردووە.

 

مائۆرین فریلی نووسەر و یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی داوەرانی خەڵاتەکە دەڵێت: سیسەی لە بەرهەمە سەرەتایییەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ دنیای ژێرزەمینیی قۆناغی منداڵی، کە کەسێکی بێسەرپەرەشت بووە، لە نێوان خەمەکانی خۆی و وشە جوانەکاندا، هەزاران هۆکار بۆ ژیان دەدۆزێتەوە.

 

لیمەن سیسەی، شاعیر و شانۆنووس، ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەر لە مەراسیمێکدا لە کتێبخانەی بەریتانیا خەڵاتەکەی وەردەگرێت.

 

خەڵاتی پێن پنتەر لە ساڵی ٢٠٠٩ـوە بە ناوی هارۆڵد پنتەری وەرگری خەڵاتی نوبێلەوە بەڕێ خراوە. لە براوەکانی پێشتری ئەم خەڵاتە دەتوانین ئاماژە بە تۆنی هریسۆن و مارگارێت ئەتوود بدەین.