نیمار بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کچێک تۆمەتبار دەکرێت

وەرزش 02/06/2019


چاودێر:
"نیمار لەرێگەی کەسێکەوە بلیتی فڕۆکەی پاریسی بۆ بڕیم، ژوورێکی لە هۆتێلێکی شاهانەیش بۆ ئامادەکردبووم، ئەوکاتەی چوومە ئەوێ، هاتە پێشەوە و دەستی بۆ هێنام، بەشێوەیەکی توندوتیژ دەستدرێژیی سێکسیی کردە سەرم".
ئەمە وتەی کچێکی بەرازیلییە، کە پۆلیس ناوەکەی بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەکردوە کە سکاڵای دژی ئەستێرەکەی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی پاریس سانجێرمان تۆمارکردووە.
رۆژنامەی گاردیانی بریتانی ئاماژە بەوەدەکات ئەم رووداوی "دەستدرێژیکردنە" لە 15ی ئایاری ئەمساڵ و لەسەعات 8:20 خولەکی ئێوارە لەیەکێک لە هۆتێلە بەناوبانگەکانی پاریس روویداوە.
کچە بەرازیلییەکە لە رۆژی هەینیی رابردوودا سکاڵاکەی لە پۆلیسی ساوپاولۆ تۆمارکردووە.
گاردیان بەپشت بەستن بە راپۆرتی پۆلیس نوسیویەتی "کچەکە دوای دوو رۆژ لەرووداوەکە گەڕاوەتەوە بەرازیل، بەڵام لای پۆلیسی فەرەنسا سکاڵای تۆمارنەکردووە، چونکە وەک خۆی دەڵێت بەهۆی ئەو رووداوەوە تووشی شۆک بووە و نەیزانیوە چی بکات".
بەپێی گێڕانەوەکانی کچە بەرازیلییەکە، بەهۆی نامەی ئینستاگرامەوە پەیوەندیی لەگەڵ نیمار داسیلڤای ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیلدا دروستکردووە.
لەبەرامبەردا باوکی نیمار، کە هاوکات بریکاری کارەکانیەتی هەموو ئەو تۆمەتانەی کچەکەی رەتکردۆتەوە و بە گاردیانی وتووە کە کوڕەکەی هیچ تاوانێکی لەو شێوەیەی ئەنجام نەداوە.