گۆڤارێكی ئەمریكی : ئێران بەرگەی سزاكانی ئەمریكا ناگرێت

ڕاپۆرت 01/06/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی 
گۆڤاری " فۆرین پۆلیسی ئەمریكی" بڵاویكردوەتەوە چیتر ئێران بەرگە ناگرێت ، سزا ئابوریەكانی ئەمریكا ئابوری ئێرانی خستوەتە كەناری كارەساتێكی راستەقینەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەكە ئێران خۆی بۆ ئەو جۆرە پەرەسەندنانە ئامادە نەكردوە بەڵكو پلانی ئێران ئەوە بوو بەرگە ی سزاكانی ئەمریكا بگرێت تا كۆتایی بە ماوەی سەرۆكایەتێكەی دۆناڵد ترامپ دێت.
بەڵام بەهۆی پەرەسەندنە خێراكان و ڕەوانە كردنی كەشتیە سەربازیە فرۆكە هەڵگرەكان لەلایەن ئەمریكاوە بۆ ناوچەی كەنداوە بەمەبەستی گەمارۆدانی ئێران ، گۆڤارەكە بڵاویكردوەتەوە چیدی ئێران ناتوانێت چاوەروانی بكات تا كۆتایی هاتنی ماوەیی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپ چونكە لە ئێستادا ئابوری ئێران لەدارووخاندایە.
رێگە گرتن لە هەناردەكردنی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە كە نەوت بە شادەماری ئابوری ئێران دادەنرێت لەلایەك وپەشیمان بونەوەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ بەردەوامیدان بە ئاڵوگۆری بازرگانی بە شێوەیەكی ئاسایی لەگەڵ ئێران دا لەلایەكی دیكەوە هێندەی دیكە ئابوری ئێران دووچاری دارووخان هاتوە.
بەهۆی دارووخانی ئابوریەوە ئێران چوەتە مەترسیدارترین قۆناغەوە لە رووبەروبونەوەكانی لەماوەی 40 ساڵی رابردوودا لەدژی ئەمریكا ئەوەش ناچاری دەكات بەدوای فڕت وفێڵی وپیلانی زیاتردا بگەرێت.
بەگۆێرەی فۆرین پۆلیس " سەركردەكانی ئێران لە ئێستادا هەست بە مەترسی زیاتر دەكەن چونكە پلانی چاوەروانی كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتی ترامپ كارێكی بێ بەرهەمە.
چاوەروان دەكرێت لەم ساڵدا ئابوری ئێران بە رێژەی 6% دووچاری داكشان بێت ، ئەمە لەكاتێكدایە دراوی ئێران نزیكەی دوو لەسەر سێی بەهای خۆی لەدەستداوە.
رەوشی ئابوری ئێران خراپتر دەبێت چونكە واشنتۆن بەڵێنی داوە ئاستی هەناردە نەوتی خاوی ئێران بۆ سەفر دابەزێنێت ،ئەوەش بەو مانایە دێت كە ئابوری تاران دەچێتە خانەی مەرگ ولەناوچونەوە كە هەرگیز رژێمی ئێران دووچاری كێشەی ئابوری لەو شێوەیە نەبوەتەوە.