مەلا بەختیار: بەتوندوتیژی كۆمەڵی مەدەنی دروستنابێت

ڕاپۆرت 26/05/2019

مەلا بەختیار:
مەدەنییەت، ئەلتەرناتیڤی خەباتی توندوتیژییە
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (25/5/2019) گروپی هیوای گەنجان، سەردانی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیان كردو لەدیدارێكیشدا، ئاماژەیان بەدروستكردنی رێكخراوەكەیان‌و ئەو كارو چالاكییانەش كرد، كە لەچوارچێوەی پرۆژەكانیاندا بەمەبەستی خزمەتكردنی گەنجان‌و خۆبەخشانە پێشكەشیان كردووەو ئامانجیشیان پشتیوانیكردنی گەنجانە بۆ داهێنان.
لەلایەن خۆیشیەوە مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆئەوەكرد رێكخراوێك بەناوی هیواوە دابمەزرێ‌، باشترە لەو بێهیواییەی لەناو بەشێك لەخەڵكدا پەیدابووەو وتی: لەمنداڵدانی رەشبینیدا، هیوا پەیداكردن گرنگە، هەروەك چۆن هەڵكردنی مۆمێك لەتاریكیدا گرنگە‌و بەئەندازەی خۆی تیشك دەهاوێت.
راشیگەیاند: ئامانجەكانتان، نەرمە‌و ئامانجی ئەم سەردەمەن‌و دوور لەتوندوتیژیی‌و هەڵچون‌و داچوون‌و دەمارگیریی‌و زیانگەیاندنە بە بەرامبەرەكان‌و لەقازانجی گشتیدایە.
وتیشی: ئامانجەكانی ئێوە، ئەو نەرمە ئامجانەن كە بەدەرن لەئامانجی پیشەیی یان سیاسی گەورە گەورە، هەموو كۆمەڵێكیش لەكۆمەڵەكانی دنیا پێویستی بەچۆنێتی بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە هەیە كە ئێوە بۆخۆتانتان دیاریكردووەو تەئكیدیشی كردەوە:
ژیان بریتی نییە لەدروشمە زەق‌و رەقەكان بەتەنها‌و ژیان لەسەر دروشمە نەرمەكانیش بەڕێوەدەچێت‌و پێویستی پێیەتی‌و لەڕاستیدا كۆمەڵی مەدەنی پێویستی بەدروشمی نەرم، رۆحیەتی نەرم، پێكەوەژیان، ئازادیی، دیموكراسی‌و هەنگاو بەهەنگاو بەدیهێنانی مافەكان كۆمەڵی مەدەنی دروستدەبێت. بەپێچەوانەوە بەتوندوتیژی كۆمەڵی مەدەنی دروستنابێت، بەڵكو مەدەنییەت لەوەتەی هەیە، ئەلتەرناتیڤی خەباتی توندوتیژییە. بەتایبەتی لەدوای سەرهەڵدانی غاندی لەهندستان، لەناو دووەمین وڵات لەسەرژمێر‌و یەكەمین وڵات لەكێشەدا، لەئتنیك، لەرق، لەكینە، لەدین، لەكوشتار، لەبەدبەختی، لەچەوساندنەوە، لەكۆلۆنیالیزم‌و پڕ بوو لەكێشە، بەڵام پیاوێكی بەجەستە لاواز‌و بەئیرادە زۆر بەهێز پەیدا دەبێت بەناوی غاندی‌و لەناو ئەو وڵاتەی كە دووەمین وڵاتی سەرژمێری زەوییە، یەكەمین وڵاتی پڕ لەكێشەی سەر زەوییە، دێت‌و فەلسەفەیەك دادەهێنێت، كە ئەویش فەلسەفەی دژایەتی توندوتیژیی‌و فەلسەفەی بونیادنانی ژیانی مەدەنی‌و ئاسودەیی‌و ئەو فەلسەفەیەش، دەتوانێ‌ گەورەترین دەسەڵاتی سەر زەوی، كە ئەوكاتە بەریتانیا بوو، لەوڵاتەكەی بڕوخێنێت‌و دوایش ناهێڵێ‌ دین‌و مەزهەب‌و ئەو توندوتیژییەی لەوێ‌ هەبوو، ئەگەرچی خۆی بەتوندوتیژی تێداچوو، نەیهێشت هندۆسی‌و موسڵمان یەكتر بكوژن‌و شەڕی ئەهلی دروستبێت‌و زۆر هەنگاوی گەورەی ناوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: ئەو فەلسەفەیە لەئۆرۆپا، بەتایبەتی لەئەمریكا جارێكی تر سەریهەڵدا، ئەویش مارتن لۆسەر بوو، ئەگەرچی ئەویش كوژرا، بەڵام دواتر خەباتی مەدەنی‌و لێبوردەیی لەدنیادا تەشەنەی سەند‌و وتی:
ئێوەش كە خۆتان ئاماژەتان پێداوە خەبات دەكەن بۆ بەدیهێنانی مەدەنییەت، ئەوا ئەم جۆرە رێكخراوانەی وەكو ئێوە، كە زیاتر لە(1400) رێكخراوی ئێنجی ئۆ، بەرەسمی مۆڵەتی تازەكردۆتەوە كەمنییە‌و رێكخراوی حكومی‌و حزبییەكانیش هەیە، ئەگەر هەموو ئەم رێكخراوانەش باش ئاراستە بكرێن، بێگومان دەتوانن سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنن‌و كاریگەریەكی فراوان‌و قوڵیان لەناو كۆمەڵدا هەبێت.
مەلا بەختیار، رونیشیكردەوە: وڵاتانی ئێمەو مانایش خەریكە سەرەنجامی ئەو گەشەكردنەی لەسەردەمی جیهانگیری، تەنكیك‌و تەكنەلۆجیا‌و سۆسیالمێدیادا هەیە‌و ئەو كاریگەرییە قوڵ‌و هەمەلایەنەی كە سەراپا كۆمەڵی ئێمەو چینەكان‌و نەتەوەو خێزان‌و تاكەكانیش دەگرێتەوە، خەریكە گۆڕانكارییەكان وا دەڕوات‌و قاڵب دەگرێت، كە ئەم رێكخراو‌و هێزە نەرمانەی وەكو ئێوە بۆ مەدەنییەت خەبات دەكەن، جێگەی خۆی بە باشی دەكاتەوە.
هەروەك جاران، لەنێوان كرێكارو سەرمایەدار، دوو حزب هەبوو. یەكێك شۆڕگێڕو كۆمۆنیست بۆ كرێكار، یەكێكیش سەرمایەدار و بۆ بەرگری لەسەرمایەدار. لەنێوان گەلێكی ژێر دەستەو داگیركەردا، خەباتی رزگاری گەلێكی ژێر دەستەو داگیركەر هەبوو. هەمووی بەدوو ئاراستەو دوو جەمسەر بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئێستا لەنێوان ئەم ئاراستانەدا چەندین حزبی تر‌و چەندین جۆر دەسەڵاتی تر هەیە‌و لەنێوان هەموو ئەو ئاراستانەی دەسەڵات‌و جەمسەرەكانی دەسەڵات، ئێستا هەزاران جۆگەلەی بچوك بچوكیش هەیە، هەر دەریا نییە، بەڵكو كانیاویش هەیە‌و ئاوی كانیاوەكەش سازگارترە لەدەریا. هەروەك چۆن رەشەبا هەیە، بەڵام شنەو شەماڵ، هەواكەی سازگارترە، بۆیە رەهەندی دەرەتانەكانی ئاییندە بۆ گەشەكردنی خەباتی مەدەنی‌و بەكارهێنانی زیاتر هێزی نەرم، زۆر گرنگترە. بۆیە بەباشی لێكیبدەنەوەو ئێستاش لەدنیادا كە (25) ساڵ دەچێت، تیۆری هێزە نەرمەكان هەیە. كە ئەم هێزانە دەتوانن سیستەمی دنیا بگۆڕن. بۆنمونە چین بەهێزی نەرم دنیای گۆڕیوەو بازاڕی دنیای خستۆتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە. ئەویش بەكەلتور، بە بەرهەمی بچوك‌و كەلەپوری خۆی. ئەگەرچی جارانیش ئەم هێزانە هەبوون بەڵام كۆنەكرابوونەوە‌و ئاراستە نەكرابوون‌و نەخرابوونە بازاڕەوە بۆ خزمەتی پێشكەوتن. بەڵام ئێستا چین كۆیدەكاتەوەو ئاراستەی دەكات‌و بەرهەمەكەیی‌و رۆشنبیرییەكەی دەخاتە بازاڕەوە.
هەروەك چۆن لەدنیادا، چین‌و وڵاتنی وەكو سەنگافورەو كۆریای باشورو مالیزیا، بەهێزی نەرم خۆیان بسەلمێنن، ئەوا ئەم رێكخراوانەی ئێوەش، بەم هێزو ئامانجە نەرمانە دەتوانن كاریگەری خۆتان هەبێت‌و خەباتی خۆتان لەناو كۆمەڵ‌و تاك فراوان بكەن، بێگومان بەشدارییەكی كاراش بكەن لەبونیادنانی كۆمەڵی مەدەنی‌و دیموكراسی.