ئەپڵ خاوبوونەوەی ئایفۆنی راگەیاند

تەکنەلۆجیا 25/05/2019

 

چاودێر-ئاژانسەكان
كۆمپانیای ئەپڵی ئەمریكی خاوبوونەوەی مۆبایلەكانی ئایفۆن ی راگەیاند و بەڵێنیدا بۆ لەمەودوا بەكارهێنەران لە هەر كاریگەرییەكی خراپی نوێكردنەوەكان ئاگاداربكاتەوە.
ڕۆژنامەی سەنی بەریتانی بڵاویكردەوە، دەستەی كێبڕكێ و چاودێری بازاڕەكانی كۆمپانیاكە بەشێوەیەكی تەواو ئاگاداری بەكارهێنەرانی موبایلی ئایفۆن دەكاتەوە لە چۆنێتی كاریگەری توانای پاتریەكان لەسەرخێرایی موبایلەكانیان.
ئاماژە بەوەشكراوە، كۆمپانیای ئەپڵ بڕیاریداوە لەگەڵ نوێكردنەوەكاندا ئاگاداری و ڕێنمای سەبارەت بە كاریگەرییەكانی نوێكردنەوەكان بۆ بەكارهێنەران هاوپێچ بكات.
دەستەی كێبركێ و چاودێری بازارەكان باس لەوە دەكات، پێشتر كۆمپانیای ئەپڵ بەكارهێنەرانی موبایلی ئایفۆنی لە كاریگەرییە خراپەكانی نوێكردنەوە ئاگادارنەكردووەتەوە كە كاریگەرییەكی زۆری هەیە لەسەر ئاستی ئامێرەكانیان.
بەپێی دەستەكە بێت، كۆمپانیای ئەپڵ ئێستا پابەندە بە ئاگاداركردنەوەی بەكارهێنەرانی لە كاریگەریەكانی خاوبوونەوەی خێرایی توانای موبایلەكانیان ئەگەر نا كۆمپانیاكە ڕووبەڕووی رێوشوێنی یاسایی دەبێتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٧ دا كۆمپانیای ئەپڵ ڕووبەڕووی شەپۆلێكی ناڕەزایی بۆیەوە كاتێك ئامێری موبایلی ئایفۆن توشی خاوبونەوە هات بەهۆی داگرتنی چەند بەرنامەیەكی نوێوە، كە دواتر و لە ساڵی ٢٠١٨ كۆمپانیای ناوبراو دووجار ڕووبەڕووی سزادان و پێ بژاردن بوەوە كە هەر بۆ هەرجارێكیان بڕی ٥ ملیۆن یۆرۆ سزادرا بەوەی ڕێنمایی دەرنەكردوە بۆ بەكارهێنەرانی لەكاتی خاوبونەوەی ئامێرەكانی ئایفۆن.