شاعیری نابیسەری جامایکایی خەڵاتی فۆلیۆی بردەوە

ڕەخنەی چاودێر 21/05/2019

ڕەخنەی چاودێر

ڕەیمۆند ئانترۆباس، شاعیری نابیسەری جامایکایی-بەریتانی بە کۆمەڵەشیعری "بەرگری" خەڵاتی فۆلیۆی بۆ ساڵی ٢٠١٩ پێ بەخشرا.

ڕەیمۆند ئانترۆباس تەمەنی ٣٣ ساڵە و مامۆستایە. "بەرگری" یەکەمین کۆمەڵەشیعریەتی. کتێبەکەی لە لایەن گاردیانەوە بە "سەرسامکەر" وەسف کراوە و دەربارەی ژیانی خێزانیی شاعیرە- بە تایبەت باوکی و شیکاریی پزیشکان دەربارەی نابیسەریی خودی شاعیر. "بەرگری" هەر لە ٢٠١٩ـدا توانیویەتی خەڵاتی "تێد هیووز"یش بباتەوە.

شیعرگەلێکی زۆر لەم دەفتەرەشیعرەدان کە تایبەتن بە دنیای نابیسەران. بۆ نموونە، شاعیر لە شتهایەک دەدوێت کە لە سیستمی پەروەردەی خوێندنگەکاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە: "من قسەکەرێکی خراپ بووم، تۆ هەرگیز بیسەرێکی خراپ نەبوویت."

ڕەیمۆند ئانترۆباس پێشتر دەربارەی نابیسەرییەکەی بە بی‌بی‌سیی گوتبوو: "لەو قۆناغەی ژیانمدا نەمدەتوانی بخوێنمەوە و تەنانەت نەمدەتوانی بە باشی بە ڕێگەشدا بڕۆم. کەس نەیدەزانی کێشەی من چییە، تا ئەوەی زەنگی تەلەفۆنەکەم لێی دا و دایکم گوتی کە من هیچ کاردانەوەیەکم نەبووە و هەرگیز زەنگەکەم نەبیستووە."


خەڵاتی فۆلیۆ، تاقەخەڵاتی ئەدەبیی بەریتانیایە کە تێیدا شیعر، کورتەچیرۆک، بەرهەمی غەیرەئەدەبی و ڕۆمان دەتوانن کێبڕکێ بکەن. بەرهەمگەلێک کە بە زمانی ئینگلیزی لە بەریتانیا بڵاو بوونەوە دەتوانن بەشداری بکەن و ئەوە گرنگ نییە نووسەرەکەی خەڵکی کوێیە. 

خەڵاتی فۆلیۆ دەیەوێت باشتر لە خەڵاتی بووکەر کار بکات و ئەمساڵ لە بری ٢٠ هەزار پاوەن، بڕی ٣٠ هەزار پاوەن بە براوەکە دەبەخشێت.