گوگڵ یادی عومەر خەییام دەکاتەوە

ڕەخنەی چاودێر 18/05/2019

گوگڵ یادی عومەر خەییام دەکاتەوە


ئەمڕۆ کە ساڵوەگەڕی مردنی ئەوە : گوگڵ یادی دەکاتەوە.. رەخنەی چاودێر دەربارەی عومەر خەییام بۆ خوێنەران دەنووسێت: 


ئەبوولفەتح عومەر کوڕی ئیبراھیم خەییام، ناسراو بە "عومەر خەییام" لە ساڵی ٤٣٩ی کۆچیی مانگی لە شاری نیشابووری ئێران لە دایک بووە. خەییام یەکێک لەو مەزنە تۆرەڤانانەی ئێران و تەنانەت جیھانیشە کە نەک تەنیا بۆ وڵاتەکەی تەنانەت بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش جێگەی فەخر و سەربەرزییە. ئەو مرۆڤە بلیمەتە لە زۆربەی زانست و ھونەر و... سەردەمی خۆیدا شارەزا و وەستا بووە و لە حیکەمت و ئەستێرەناسیدا کەموێنە بووە. زۆر لە خەڵکان ھەرکات گرێیەکیان لە کارەکانیان دەرکەوت و بۆیان نەکردایەوە ھانایان وەبەر خەییام دەبرد. خەییام یەکێک لە لایەنگرانیئیبنی سینابووە. خەییام گەلێ سەفەری بۆ ئەملاوئەولایان کردووە وەک: ئیسفەھان، بەلخ، ھەرات، سەمەرقەند، بوخارا و حیجاز و... ھتد. عومەر خەییام لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا بە دەستووری جەلالەدین مەلەکشای سەلجووقی ڕۆژژمێری ئێرانیی دەستکاری و نۆژەن کردەوە و زۆر کاری دیکەی لەو بوارەدا بە ئەنجام گەیاند. سەرەنجام خەییامی نەیشابووری لە ساڵی ٥١٧ی کۆچیی مانگی بۆ ھەمیشە بەرەو ھەوارگەی باوەجێ رۆیشت و لە "ئیمامزادە محروق" لە نیشابوور بەخاک ئەسپێردراوە. ھەنووکە گۆڕی خەییام بۆتە زیارەتگەیەکی پیرۆز بۆ ئەدەبدۆست و ھونەرمەندانی ئێران و جیھان.
ناوبانگی خەییام لە سەردەمی خۆیدا زۆرتر لە بوارەکانی حێکمەت، پزیشکی، ئەستێرەناسی و بیرکاریدا بووە. لەو کاتەدا بە ھیچ شێوەیەک شاعیری نەکردۆتە پیشەی خۆی و سەرەڕای چوارینەڕەنگینەکانی بانگەشەی شاعێرێتی نەکردووە. بەڵام ھەنووکە ناسراویی و ناوبانگی خەییام زۆرتر بە خاتری چوارینە فەلەسەفییەکانیەتی. خەییام سەرەڕای نێوبەدەرەوەیی زانستی و کەسایەتیی و بلیمەتی، لە ھۆنینەوەی ھەڵبەستەکانی (چوارینەکانی) دا ھەرچەندە کەم، بەڵام پاراو و پڕ نێوەرۆک خەییامی گەیاندۆتە لووتکە، چوارینەکانی خەییام لەوپەڕی ڕەوانی و پاراویدا، بەدوورن لە ھەر چەشنە رواڵەت سازییەک. ھەڵبەست و ھۆنراوە ڕەنگینەکانی سەرەڕای سادە و ساکار و ڕەوان بوونیان، لێوڕێژ و پڕن لە واتا و چەمکی فەلسەفیانە. ھەربۆیەش تاکوو ئێستا بەچەندین زمانی زیندووی جیھان وەڕگێردراون.
لە راستیدا خەییام لە ھەڵکەوتووترین ھەڵبەستڤانێکە کە، ھەڵبەستی بۆ بیروهزری فەلسەفی خۆی بەکار ھێناوە و ھەڵبەستەکانی زۆر بە ڕوونی و جوانی توانیویانە پەیامە فەلەسەفییەکانی بۆ سەرانسەری جیھان و کۆمەڵگەی مرۆیی بگوازێتەوە.



سەرسووڕمان لە خولی دەوران، نەگەیشتن بە ڕاز و نیازەکان، مەرگ و نەمانی مرۆڤ، ناپایەداری گەردوون، لەدەستنەدانی ھەل و کات، بێتوانایی و دەستەوەستانیی مرۆڤەکان لەھەمبەر سووڕی زەمەن لە چەمکە سەرەکییەکانی ھەڵبەستەکانی خەییام پێک دێنن.
خەییام مرۆڤێکی سەمەرە (فوق العادە) بووە کە پایە و کۆڵەکەی ھزر و ئەندێشە فەلسەفییەکانی لە شوێن و کاتێک دامەزران کە لێواولێو بووە لە نەزانی و جەھل و دەمارگرژی.
کۆمەڵێک خەییام بە سۆفی دەزانن و واتا و چەمکی سۆفیانە لە چوارینەکانیدا ھەڵدەھێنجن. ئەگەرچی لە ھەندێک پەیڤ و ھۆنراوە و چوارینەکانی وتار و چەمکی سۆفیانە رەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە: بێبایەخ کردنی دنیا و زەمەن و کات! ئیدی ئەوە ھۆی ئەوە نییە کە خەییام سۆفی بووە. دەکرێ بڵێین کە خەییام لەو تاقانە بلیمەت و زانایانەیە کە ئێستاشی لەگەڵ دابێ ھزر و ئەندیشە و بیرەکانی چرای رێگای داھاتوون. ھێڵی سەرەکی ھزر و ئەندیشەی خەییام خوێندنەوە، ئاگاکردنەوەی مرۆڤ لە گەردوون و مەرگ و ژیانە. بۆ ئەوەی بێ وەفایی و بێ برەویی گەردوون و جیھان باشتر بۆ مرۆڤەکان دەربخا و سام و قەڵافەتی مەرگ ڕوونتر دەکاتەوە باسی مەرگی "پەری ڕوومەتان" دەکا و دەڵێ:
خاکێ کە لە ژێر پێ و پلی شوانانە سنگ و مەمک و کوڵم و دەمی جوانانە
یان بۆ ئەوەی بە دەسەڵاتدران و خاوەن کۆشک و قەڵایان نیشان بدا کە، مەرگ ڕۆژێک بەرۆکی ئەویش دەگرێ، دەڵێ:
ھەر خشتێ لە لا قوژبنی دیوارێکە
یان شانی وەزیرەیان سەری سوڵتانێکە
ئەم گۆزە کە جێ ئاوی کرێکارێکە
چاو و دڵی چەندە وەزیر و خونکارێکە
خەییام باوەڕی وابوو کە مرۆڤ لەھەمبەر چەرخی گەردوون لاواز و دۆش دامانە. واتە ھەرچەندە بەرزبێتەوە و ھەرچەندە نزم بێتەوە و چەندە کەم و زۆر کات سەرەنجام رۆژێک مەرگ بەرۆکی دەگرێ!؟ ڕاوێژی خەییام لە ھەندێک بارودۆخدا سەرەڕای "لێبڕاوێتی" لە پەیڤدا، سارد دەبێتەوە و بۆ وێنە: مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی دەستەوەستان و بێدەسەڵات نیشان دەدا و لە ھاتن و چوونی مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێ:
ھاتوومە جیھان چم بە چ کرد؟ تێگەی: ھیچ
ھەر بنج و بنەوانی جیھان دەرخەی: ھیچ
یان:
ئەم کۆنە سەراو پەردەکە دنیای ناوە
شایی لەبەرێک، شینە لە پیێنسەد لاوە
یان:
لەم ھاتنە بێھوودەیە بیرم شاشە
سەرباری خەمان بیروخەمی ئەولاشە



لە ڕوانگەی خەییامەوە ڕاز و نێھنییەکانی سروشت زۆر لەوە قووڵتر و پڕماناترن، کە گرێی ئەو ڕازە ھەروا بە ئاسانی بکرێتەوە. بەڵام بنەمای گەردوون لە ھاتن و چووندا دەبینێتەوە!! قسە لەسەر خەییام و، بیرو باوەڕی خەییام بێکۆتاییە. خەییام ھەڵکەوتوویەک بووە کە لە چاخی خۆیدا ئەگەر لە ھەموو خەڵکی دەورووبەری خۆی زاناتر نەبووبێ، لە ھەمووان ئازاتر و بوێرتر بووە." لە جیھان ورد بۆتەوە و تێی ڕوانیوە و زانیویە کە ئەم کردارە ڕەنگین و سەنگینە بە بێ وەستا نەکەوتۆتە گەڕ و دانەر و ڕانەرێکی ھەر دەبێ ھەبێ".
خەییام لە ھەموو لێکدانەوەکانیدا گەیشتۆتە سەر ئەو قەناعەت و باوەڕە کە تێگەییوە کە ھیچی لێ تێناگا؟! ئەوەش بەڕاستی پایە و بنەمایەکی بەرزە لە زانستدا و، بۆ ئێمەی مرۆڤی ئەو سەردەمە دەبێ وەک قوتابخانەیەک سەیری بکەین و لێی فێربین.


ئەو خوایە کە گەردون وزەوی بەرپاکرد
ئەو ڕۆژە مەکۆی دەردو خەمی پەیداکرد
وەک ڕژد و چنۆک هەرچی بەنرخ و جوانە
هێنای بەپەلەو گورجێ لەخاکی راگرت
عومەر خەییام