ئەو هۆكارانەی دەبنەهۆی قەبزی منداڵ

تەندروستی 18/05/2019


چاودێر- تابان رەزا
كاتێك منداڵ قەبز دەبێت و پیسیەكەی ڕەقەو بەزەحمەت دەتوانێت چەند رۆژێك جارێك دابنیشێت، یاخود هەموو رۆژێك دادەنێشێت، بەڵام بەئازارەوە، ئەمەش كێشەی  بۆ زۆرێك لە دایك وباوكان دروستكردوە، د. ئاوات واژەیی،  پزیشكی پایەبڵندی منداڵان دەڵێت" هەندێكجار  ریخۆڵەی منداڵەكە هەستیاری بەو شیرە  قوتوە هەیە كەدەیخوات، رەنگە بە گۆڕینی جۆرەكەی گرفتەكە چارەسەر بكرێت"
هۆكاری دروسبونی قەبزی چیە؟
د. ئاوات واژەیی،  پزیشكی پایەبڵندی منداڵان، ئاماژەبەوەدەكات، قەبزی  لە سەرەتای لەدایكبون دەشێت هۆكاری زگماكی و شەلەلی ریخۆڵە بێت، هەروەها قەبزی دوای تەمەنی شەش مانگی دەشێت بەهۆی هەندێك لەو خۆراكانەوە بێت كەپێتداوە وەك ( مۆز هەندێكجار قەبزی دروست دەكات، قەبزی  دوای شەش مانگ و ساڵ ناوبەناو و دواتر سكچوون كە هەست دەكەیت سكی ئاوساوە و غازاتی زۆرە  و گەشەی كەمە( دەشێ بەهۆی هەستیاری گەنم و جۆوە بێت.
ئەو پزیشكە، باسی لەوەشكرد،  قەبزی دوای یەك ساڵ رەنگە  بەهۆی شیرخواردنی زۆر و كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و كەم خواردن و كەم خوێنیەوە بێت، دوای ساڵ پێویستە شیر خواردن بخرێتە دوای ژەمە خۆراكییەكان لە رۆژدا، لەشەودا ئاساییە چەند بخوات.
ناوبراو وتیشی،  قەبزی دوای دووساڵ  رەنگە بەهۆی  فێرنەبونی منداڵ بۆ چوونە تەوالێت  و بەردەوامبوونی بێت لەپیسیكردن لەناو دایبی دا بەپێوە،  ئەم حاڵەتە زۆر باوە و تامنداڵ رانەهێنن بۆ چونە تەوالێت ناتوانرێت زاڵبیت بەسەر گرفتەكەدا.
 چۆن  و كەی منداڵ  فێری چونە  تەوالێت بكرێت؟
د. ئاوات واژەیی، دەڵێت"  بەگشتی دوایی تەمەنی دووساڵ زووتریش فێردەبن  وحەزی پێدەكەن، منداڵ نابێت زۆری لێبكرێت، بۆچونە تەوالێت و دەبێت خۆی حەزبكات و  تێبگات كەئەوە باشترە،  چەند كاتێك هەن جووڵەی ریخۆلەكان لەوپەڕی  خێرایی دایە هەربۆیە دەتوانیت لەم كاتانەدا منداڵەكەت  ببەیتە تەوالێت و  بەئاسانی پیسی بكات:
•بەیانیان راستەوخۆ دوای لەخەو هەستان
•دوای هەموو ژەمە خۆراكییەكان راستەوخۆ، لەم كاتەندا ریخۆڵ جوڵەی خێرایە و  بەئاسانی  پیسی  لەكۆمە دێتە دەرەوە.
•ئەو منداڵانەی  سەروو دوو ساڵن و فێری تەوالێت نین زەحمەتە گرفتی قەبزی تیایاندا چارەسەر بكرێت، ئەگەر فێر نەكرێن بچنە تەوالێت.
رێنمایی
 هەندێجار  ریخۆڵەی منداڵەكە هەستیاری بەو شیرە  قوتوە هەیە كەدەیخوات، رەنگە بە گۆڕینی جۆرەكەی گرفتەكە چارەسەر بكرێت، خەستكردنەوەی شیر  لە حاڵەتی قەبزی سكچوون دا  دوو هەڵەی  گەورەن كە هێشتا خەڵك  بەردەوام دەیكات،   پێویستە دایكان خۆیان لێبەدور بگرن، چونكە ئەمە گرفتەكە خراپتر دەكات.