مەلا بەختیار:جاران حزب گۆڕانكاری دروستدەكرد،بەڵام ئێستا گۆڕانكارییەكان حزبەكان دەگۆڕن!

کوردستان 15/05/2019


مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئێوارەی ئەمڕۆ (15/5/2019) پێشوازی لەستافی رێكخراوی بێناز بۆ خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان كردو لەدیدارێكیشدا، پاشئەوەی ستافی رێكخراوەكە، ئاماژەیان بەو كارو چالاكییانەش كرد، كە پێشكەش بەكەسوكاری شەهیدانیان كردووە، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی لەبەرامبەر ئەو كارو چالاكیانەدا دەستخۆشی ئاراستەكردن‌و ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، لەگەڵ هەرچی خزمەتكردنی زیاترە بە كەسوكار‌و نەوەی شەهیدە سەربەرزەكانمان، پێویستیشە خولی پەروەردەیی هزریی بكەنەوەو هەروەك خولەكانی خوێندن‌و فێركردن، گرنگی بە بوارەكانی فكر، فەلسەفە، تێگەیشتنی كۆمەڵایەتی نوێ‌‌و سیاسیش بدەن‌و لەو چوارچێوەیەشدا تەئكیدی لەپشتیوانییەكانی كردەوە‌و وتیشی:
هەوڵبدەن لەگەڵ فێركردنی بەشداربووەكانیشتاندا، ببنە ناوەندێكیش بۆ پەرەپێدانی كەلتور، رۆشنبیری، تێگەیشتنی نوێ‌‌و پەروەردەكردنی رووناكبیری بەشداربووەكانتان، كە ئەمەش دەبێتە یارمەتیدەرو بنەمایەك لەلای بەشداربوەكانتان بۆ پێشكەوتن‌و تێگەیشتنی نوێ‌. چونكە بەبێ‌ پێشكەوتنی فكر، سیاسی‌و كۆمەڵایەتی ناتوانی دەستەبەری بەردەوامی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بكەن‌و ناشتوانن دەستەبەری كەمكردنەوەی كێشەكانی كۆمەڵایەتیش بكەن، كە هەریەك لەو كێشانەش، بەجۆرێك بوونە كۆسپ‌و لەمپەر لەبەردەم مافەكان، سەربەستی ژن، بونیادنانی كۆمەڵی مەدەنی، پاشەكشە پێكردنی عەقڵی باوكسالاری. چونكە سەرچاوەی هەموو ئەو كێشانە هەتا تاوانی توندوتیژی بەرامبەر بەژن‌و كوشتنیشیان، دەگەڕێتەوە بۆ دواكەوتن‌و تێنەگەیشتن. 
مەلا بەختیار، جەختیشیكردەوە: ئەركی ئێوەو هەموو رێكخراوەكانی ئێنجی ئۆ ئەوەیە، ئاستی تێگەیشتن وردە وردە بەرز بكەنەوە بۆ ئاستی تێنەگەیشتن‌و وتی:
بەشێك لەپەیام‌و ستراتیجی ئێوەی رێكخراوەكانیش، بونیادنانی كۆمەڵی مەدەنی‌و سەربەستی مرۆڤە. چونكە رێكخراو ئەگەر ئەم پەیامەی لێدەربكەیت، ئەوا بەها رێكخراوییەكەیی‌و دیموكراسییەكەی نامێنێت. كە بونیادنانی مەدەنییەت‌و مافی مەدەنی تاك‌و كۆی كۆمەڵ‌و ئازادیی‌و سەربەستییەكانە.
لەبەشێكی تری دیدارەكەیدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، گۆڕانكارییە خێراكانی سەردەمی شۆڕشی زانیاریی‌و تەكنیك‌و تەكنەلۆجیا‌و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵ رونكردەوەو تیایدا لەبارەی گۆڕانی تاك‌و كۆی كۆمەڵیشەوە تێڕوانینەكانی خستەڕوو، كە گۆڕانكارییەكانی سەردەم لەسەر هیچ كەسێك ناوەستن‌و تیایدا تەئكیدی كردەوە:
جاران حزب گۆڕانكاری دروستدەكرد، بەڵام ئێستا گۆڕانكارییەكان حزبەكان دەگۆڕن‌و ئەمەش جیاوازییەكانی ئەم سەردەمەیە. هەروەكو چۆن لەسەردەمی شاخدا، ئێمە گۆڕانكارییەكانمان دروستدەكرد، بەڵام ئێستا گۆڕانكارییەكان ئێمە دەگۆڕن!و وتیشی: ئەگەر لەكاریگەرییەكانی گۆڕانكارییەكان تێنەگەین، كە ئەو هێزە نین وەكو جاران دەیگۆڕین، بەڵكو ئەو هێزەین كە دەبێ‌ خۆشمان وەكو هەموو دیاردەو رووداوە گەورەكانی دەوروبەرمان، گۆڕانكاری گەورە بەسەرخۆماندا بهێنین‌و رایگەیاند: هێزی سیاسی دەبێ‌ وابكات كە وتاری سیاسی‌و دەسەڵاتەكانی لەگەڵ ئەم سەردەمەدا بگونجێ‌، كە ئەمەش ئەركە هاوچەرخەكەی كوردایەتییە‌و ئەگەر تێیبگەن كارێكی باش دەكەن‌و ئەگەر هەر حزبێكیش تێی نەگات، ئەوا بەبێگومان چارەنوسی لەچارەنوسی ئەو حزبانە باشتر نابێ‌، كە لەمێژوودا تێكشكاون.