کێشە بۆ رێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتی دروستدەبێت

کوردستان 15/05/2019

كێشە بۆ رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی دروست دەبێت و بەپێی زانیاریەكانیش لەچەند رۆژی رابردودا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە نەرێنی وەڵامی نامەیەكی یەكێتی داوەتەوە.
هاوكات دوێنێش وتەبێژی یەكێتی، جەختی لەوەكردەوە، كە پێویستە لەگەڵ راسپاردنی سەرۆكی حكومەت بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، پاكێجەكانی بەغداد و كەركوكیش كاریان لەسەر بكرێت. سەرەڕای ئەوەی پابەندبونی یەکێتی بە رێکەوتنەکەی نێوانیان دوپات کردەوە.
لەوبارەیەوە سەرتیپ جەوهەر، رۆژنامەنوس و كادیری یەكێتی لەشاری هەولێر، لەپەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك، ئاشكرایكردوە كە مەسعود بارزانی بەنەرێنی وەڵامی نامەیەكی یەكێتی داوەتەوە، كە ئەمەش ئەگەری هەیە رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببات.

دەقی نوسینەكەی سەرتیپ جەوهەر:

نامەیەكی نوێی بارزانی بۆ یەكێتی
بارزانی لە بەڵێنەكەی پەشیمان بۆتەوە

پارتی ئامادەیە ئەندامانی خۆی لەئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بنێرێتەوە ئەنجومەن، تا دەنگ بە پارێزگارێكی نوێی عەرەب بدەن لەچوارچێوەی سەفقەیەكی حزبیی! بەڵام ئامادەنییە ئەندامانی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بگێڕێتەوە كەركوك (دڵی کوردستان! ) بۆ دەنگدان بە پارێزگارێكی نوێی كورد بۆ شارەكە!
بەپێی زانیارییەكان بارزانی لەماوەی چەند رۆژی رابردوو وڵامی نامەیەكی (یەكێتی نیشتیمانی كوردستان)ی بە نەرێنی داوەتەوەو بەڕوونی وتویەتی دوای پێكهَنانی حكومەت وەفدێكی هاوبەش دەنێرینە بەغدا؟! ئەمەش موخالیفی ئەو رێككەوتنە زارەكیەیە كە (گوایە! ) لەگەڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی كردوویەتی؟! 
بۆیە ئەگەری بەهێز ئەوەیە دوبارە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی گرفتی بۆ دروست بێت و دووبارە ناڕەزاییەكانی ناوخۆی یەكێتی تۆخ ببێتەوە، چونكە وڵامی بارزانی بۆ یەكێتی لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، یان ریککەوتنە زارەکیەکە بەوشێوە نەبووە کەبڵاوکرایەوە، یان پارتی دەستی بەدەستی بە یەکێتی دەکات! لەكاتێكدا بەپێی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی، پێویستە لەگەڵ راسپاردنی سەرۆكی حكومەت بۆ پێكهێنانی حكومەت، رێكارە قانونییەكانی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ كەركوك دەستپێبكات.