عەبدوڵای مەلا نوری بەشی دووەمی نهێنیەکانی هەڵدایەوە

کوردستان 15/05/2019

عەبدوڵای مەلا نوری، بەشی دووەمی وتارەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا زۆر نهێنی ناو بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرا دەکات کە تایبەتن بە هەڵپەساردن و دیسان کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێم. لەوبارەیەوە دەڵێت " پرۆژەی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان بۆ هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم  رێک و جوان ئەو دەرفەتەی بۆ پارتی رەخساند هەر دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بتوانێت لە یەک رۆژدا کاندید بۆ دو باڵاترین و بە دەسەڵاتترین پۆستی هەرێمی کوردستان، کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتە بێ هیچ سەر ئێشەیەک دیاری بکات. تێبینی بکەن؛ ئەگەر لە ئێستادا پارتی لە حەقی (٤٥) کورسی پەرلەماندا پۆستی سەرۆکی حکومەتی وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن بەرکەوتبێت، ئەوا پۆستی سەرۆکی هەرێمی بە پلەی یەک لە مامەڵەیەکی نهێنی هەرزاندا لە گەڵ گروپێکی گۆڕان بە قازانجی خۆی یەکلاییکردەوە.   

دەقی وتارەکە:

 

کام رێباز! نەوشیروانی یان بارزانی؟

عەبدوڵا مەلا نوری

بەشی دووەم

 (١٢) رێویەک بە لۆگۆی گۆڕانەوە:
لە کاتێکدا ئەو دەرفەت و بژاردانەی سەرەوە رەخسا بوون، بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لە گەڵ لایەنەکانی تر زیرەکانە کار لە سەر باشترینیان بکرێت و، هەوڵ بدرێت پاش شکستی سیستەمی سەرۆکایەتی هەرێم و ریفراندۆم و، رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و، پاش دورکەوتنەوەی بارزانی، پارتی بهێنرێتە ژێر بار بۆ رێکكەوتن و کۆتایهێنان بە کێشەی سیستەمی حکومڕانی و سەرۆکایەتی هەرێم و، راستکردنەوەی ئەوهەڵەیەی کە لە ٢٠٠٤، مام جەلال تێیدا بەشدار بوو.

کەچی وەک ئەوەی رێوی بە پیری پارتیوە چوبێ، لە هەنگاوێکی کوتوپڕو چاوەڕواننەکراودا، بە بێ بڕیارو ئاگاداری جڤات و ئۆرگانەکانی گۆڕان لە ٩ی ٧ی ٢٠١٨، لە لایەن چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕانەوە پرۆژە یاسایەک بە ناوی (یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم) پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا. بۆ هەمان مەبەست فراکسیۆنی پارتیش چەند رۆژێک پێشتر پرۆژەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردبوو.

لە پارتی هەر ئەوە چاوەڕوان دەکرا بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان پرۆژەکەیان داڕشتبێ. بەڵام ئەوەی مایەی شۆک بوو پڕۆژەی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان خزمەتێکی گەورەی بێبەرامبەر بو بە پارتی و، بە ئاشکرا لەو قۆناغەدا لە تەنگژەیەکی گەورە رزگاری دەکردن و، پێشەکی (موقەبیلات) ێکی رازاوە بوو، بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جارێکی تر لە سەر سینیەکی زێر سەرۆکایەتی هەرێم پێشکەش بە پارتی و ماڵباتی بارزانی بکرێتەوە.

پرۆژەی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان لە (٦) مادە پێکهاتبوو، لە مادەی یەکەمیدا هاتووە: هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم هاوکات لە گەڵ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجام نادرێت.

مادەی دووم: بڕگەی یەکەم دەڵێت: کارکردن بە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بە سەر دامەزراوە دەستوریەکانی هەرێم، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٧ بەردەوام دەبێت. لە بڕگەی دووەمی هەمان مادەدا باسی ئەوە دەکات: دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لە سەر کارەکانی بەردەوام دەبێت و لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کارەکانی ئەنجام دەدات.

هەروەها لە مادەی سێیەمدا هاتووە: پێویستە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی دوو وەرزی گرێدانی ساڵی یەکەمیدا لە ژێر رۆشنایی پێوەرە گشتیە دەستوریەکاندا بڕیار لە سەر چارەنووسی دامەزراوەی هەرێم بدات.
ئامادەکردن و پێشکەشکردنی ئەم پرۆژەیە چاونوقاندن بوو لە سێ بژاردەی باش و باشترو باشترین، لە بەرامبەردا دەستبردن بوو بۆ خراپترین بژاردە، لە بەرژەوەندی پارتی کە "بژاردەی چوارەم" بوو.

بە پێی ئەم پرۆژەیە دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم وەک خۆی تا دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان جارێکی تر بە سڕکراوی و دەستلێنەدراوی بۆ پارتی هەڵدەگیرێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە سەر دەستی گروپێکی گۆڕان. 

لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە (کە لە دوای دورخستنەوەی دکتۆر یوسف محەمەد، جەعفەر ئیمنیکی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرۆکی پەرلەمان بوو)، پرۆژکەی چەند پەرلەمانتارەکەی گۆڕان بە خێرایی خرایە بەرنامەی کارەوە. لە ١٠ی ٧ی ٢٠١٨ لە هۆڵی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، لە ١١ی ٧ی ٢٠١٨ پەسەند کرا. واتە لە ماوەی (٤٨) کاتژمێردا پەرلەمان پرۆژەکەی پەرلەمانتارەکانی گۆڕانی پەسەند کرد. (لە ٨ ساڵی بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان، ئەوە یەکەم جاربوو پرۆژەیەک "بە ناوی گۆڕانەوە" بێ دەستکاری و وەک خۆی و بەو خێراییە پەسەند بکرێت)

رەنگە لای خوێنەر ئەو پرسیارە دروست بێت ئایا لەو سەروبەندەدا هیچ هەوڵ و پێسنیازێکی تر هەبو؟ بۆ وڵامی ئەم پرسیارە دەمەوێ ئەوە بڵێم لە ٢٩ی ٥ی ٢٠١٨ لە سەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و ئامادەباشی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چۆنێتی هەڵسوکەوت لە گەڵ ئەو پرسە، نووسراوێکم دا بە خانەی راپەڕاندن و، بە ڤایبەرو وەتسئەپیش بۆم ناردن، ئەگەر نەیانسڕیبێتەوە ئێستاش لە مۆبایلەکانییاندا ماوەو، بە زارەکیش چ لە گەڵ رێکخەری گشتیی و چ لە گەڵ بەشێک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن قسەمان کرد، بەڵام پرۆژەی پەرلەمانتارەکانی بە سەردا هات.

(١٣) گردەکە بێ ئاگایە:
لە کاتێکدا پێشتر لە نێوان "گروپێک"ی گۆڕان و پارتی دا رێکكەوتنێکی نهێنی دەکرێت، لە سەر ئەو بنەمایە پرۆژە یاسایەک بە ناوی گۆڕانەوە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێ و، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێ، پاشان لیژنەی یاسایی پەرلەمان کۆبونەوەی لە سەر دەکەن، ئەم بابەتە دەبێتە جێگای باسی میدیاکان و، رەخنەی بەشێک لە فراکسیۆن و پەرلەمانتاران و چاودێران، لەو سەروبەندەدا گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لە نێوان کاک عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین پەرلەمانتاری گۆڕان دەبێت؛ سەید عومەر بە رون و راشکاوی ئاماژە بەوە دەدات کە ئاگای لە ئامادەکردن و پێشکەش کردنی پرۆژەی چەند پەرلەمانتارەکەی گۆڕان نەبوە. دکتۆر شێرکۆ ئەم سەربوردەیەی لە بەردەم بەشێکی زۆر لە ئەندامانی جڤاتی گشتی گێڕایەوە.

کاتێک بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی تری گۆڕان بۆیان رووندەبێتەوە کە پرۆژەکە بە شێوەیەکی نهێنی و بێ ئاگاداری رێكخەرو، خانەی راپەڕاندن و، جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی و، بێ ئاگاداری ژوری یاسایی و، ژوری پەرلەمان وحکومەت و، ژوری توێژینەوەی سیاسیی ئامادەکراوە، هەڵوەستە دەکەن. لەم کاتەدا مامۆستا جەلال جەوهەر کە ئەندامی خانەی راپەڕاندن و سکرتێری فراکسیۆنەکانە، لە گروپی ڤایبەری فراکسیۆنی گۆڕان کە ئەمیشی تێدا دەبێت، بۆ هێورکردنەوەی پەرلەمانتارەکان روونکردنەوەیەک دەنووسێت و دەڵێت: "پرۆژەکە هی گۆڕانە".

ئەم "بەماڵکردنەی" پرۆژەی چەند پەرلەمانتارەکە لە سەر بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەن جلال جەوهەرەوە  کە تەواو "ناڕاست بوو" ئەشێ بۆ ئەوە بوبێت توشی هەمان ئیحراجی رێکخەری گشتی نەبێت، بە هۆی بێئاگابوونی لە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی. خۆ ئەگەر بە ئاگاداری ئەویش کرابێت ئەوە هەر خراپتر، چونکە بە هیچ جۆرێک نە ئەو و، نە رێکخەر و، نە خانەی ڕاپەڕاندنیش ماف و دەسەڵاتی ئەوەیان نەبوو رێکكەوتنێکی نهێی لە گەڵ حزبێکی تردا لە سەر پرسێکی هەستیاری وەک سەرۆکایەتی هەرێم بکەن، چونکە بە پێی مادەی (١) لە بەشی (٩)ی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان جڤاتی نیستیمانی ئۆرگانی باڵای بڕیاردانەو، لە دوای دەسەڵاتی کۆنگەرە تەنها چڤاتی نیشتمانی دەیتوانی بڕیارێکی وەها وەرگرێت.

پاش زەقبوونەوی گومانەکان، لەو سەروبەندەدا بە رونی تێبینی کرا جگە لە برزۆ مەجید سەرۆکی فراکسیۆن و، عەلی حەمە ساڵح و، بەهار مەحمود، ئیدی هیچ پەرلەمانتارێکی تری گۆڕان بەوانەشەوە کە پێیان وترابوو هی گۆڕانەو بەو هۆیەوە واژۆیان لە سەر کردبوو، نە لە هۆڵی پەرلەماندا، نە لە میدیاکانیشدا بەرگریان لە پرۆژەکە نەکردو، تەنانەت هەندێکیان پاشگەزبونەوەو لە کاتی پەسندکردنیدا دەنگیشیان پێ نەدا.

هەمان ئەو رۆژەی پرۆژەکە لە پەرلەمان پەسەند کرا، دکتۆر یوسف محەمەد لە وتارێکدا بە ناونیشانی (یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم)، کە لە میدیاکانی گۆڕان و هەندێک میدیای تردا بۆی بڵاو کرایەوە، پاساو بۆ پێشکەشکردن و پەسەندکردنی یاساکە دەهێنێتەوەو، وەک بژاردەیەکی باش وەسفی دەکات.

لە بارەی شێوازی ئامادەکردن و پێشکەشکردن و مەترسی ناوەڕۆکی پرۆژەکە، عومەر عینایەت پەرلەمانتاری ئەو کاتەی فراکسیۆنی گۆڕان، کە خۆی لە ناو بەشێک لە رووداوەکەدا بووە، لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (کێن ئەوانەی گۆڕانیان بەرەو هەڵوەرین برد؟!)، کە لە ٥ی ١٠ی ٢٠١٨ لە ماڵپەری (سپی میدیا) بڵاو کراوەتەوە، لە چەند خاڵێکدا باسی هۆکارەکانی شکست و هەڵوەرینی گۆڕان دەکات. لە بەشێکی نووسینەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات لە مانگی ٧ی ٢٠١٨ دا چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان بە بێ ئاگاداری ئۆرگانە فەرمیەکانی گۆڕان پرۆژە یاسایەکیان لە بەرژەوەندی پارتی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.

لەو بارەوە دەڵێت:"چەند ئەندامێک لە فراکسیۆنەکەی خۆمان پرۆژە یاسایەکیان هێنایە ناو فراکسیۆن بە ناوی پرۆژەی هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم، لە رێگەی سەرۆکی فراکسیۆنەوە داوای واژۆکردنیان لە ئەندامان کرد، کاتێک گەیشتە لای بەندە سەرنجمدا چەند کەسێکی کۆمەڵی ئیسلامی واژۆیان کردوەو کوژاندویانەتەوە، من واژۆم نەکرد."

عومەر عینایەت باسی ئەوەش دەکات "جارێکی دیکە سەرۆکی فراکسیۆن پرۆژەکەی بۆ هێنامەوە، پێم وت: ئەمە پرۆژەی پارتییە یان خۆمان؟ وتی: هی خۆمانە لە گردەکەوە بۆم هاتووە، پێموت: ئەمە لە خزمەت پارتییدایەو لە پرۆژەکەی ئەوان بە سود ترە بۆ خۆیان من واژۆی ناکەم و دژی دەبم و هەرواشم کردو، هانی هاوڕێیانیشمدا کە واژۆی نەکەن."

پەرلەمانتارکەی پێشوی گۆڕان دەڵێت:"...چۆن پرۆژەکە ئامادە کرا! چۆن واژۆی بۆ کۆکرایەوە! تەنانەت رێکخەری گشتی و ژوری سیاسیی و یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان و لە سەروی هەموویانەوە چڤاتی نیشتمانی بێئاگا بوون."

رۆژی پەسەندکردنی پرۆژەکەو دواتریش بە شێوەی جیاجیا پارتی دەستخۆشی و سوپاسی ئەو گروپەی گۆڕانیان کرد، کە پرۆژەکەیان پێشکەش کردبوو. لە ١٢ی ٧ی ٢٠١٨، واتە رۆژێک دوای پەسەندکردنی پرۆژەکەی چەند پەرلەمانتارەکەی گۆڕان لە پەرلەماندا، جەعفەر ئیمنیکی لە گفتوگۆیەکیدا لە گەڵ بەشی کوردی رادیۆی دەنگی ئەمریکا دەڵێت:" هەڵپەسارنی سەرۆکایەتی هەرێم پرۆژەی فراکسیۆنی پارتی و گۆڕان بوو" هەروەها دەڵێت:"ئەو یاسایەی دوینێ پێویست بوو، گرفتێکی چارەسەر کرد، بە راستی دەستخۆشی بۆ ئەوانەی پشتیوانیان کرد، هەرچەندە وەک سەرۆکایەتی دەبێت بێ لایەن بین، بەڵام خۆشم دەنگم پێدا!"

عومەر عینایەت لە وتارەکەیدا، لە بارەی هەڵوێستی هەردوو فراکسیۆنەکەی دەسەڵاتەوە لەو کاتەدا، ئەوە ئاشکرا دەکات، فراکسیۆنی پارتی بە گەرمی پێشوازیان لە پرۆژەی چەند پەرلەمانتارەکەی گۆڕان کرد. لە بەرامبەردا هەندێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتیی "پێیان دەوتین بەم پرۆژەیەتان ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ی ئێمەتان سڕییەوە."

(١٤) دیزە بەدرخۆنە کردن:
پاش بە دواداچوون بۆ وردەکاری و دیوە شاراوەکانی چۆنێتی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم، دەرکەوت ئەوانەی راستەخۆ لە فراکسیۆنی گۆڕان دەستیان لە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی هەبووە، هەریەکە لە برزۆ مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، دکتۆرە بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی، عەلی حەمە ساڵح کە لینکی پەیوەندییەکان بو لە گەڵ پارتی و لە پەرلەماندا لە گەڵ دکتۆر فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری پارتی، لە سەر ئاستی گردەکەش بە پلەی یەکەم دکتۆر یوسف محەمەد بە تەواوی بەشدارو ئاگادار بوو.

یەکەم کەس کە هەڵوێستی لە ئاست ئەو بابەتە وەرگرت دکتۆر بایەزید حەسەن بەرپرسی بەشی پەرلەمان بوو، لە ژوری حکومەت و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە وەک دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست ئامادەکردن و پێشکەشکردنی ئەو پرۆژە یاسایە لە لایەن چەند کەسێکەوە، بە بێ دراسەو بەبێ بڕیارو ئاگاداری ئۆرگانەکانی گۆڕان، یەکسەر هەڵوێستی وەرگرت و رۆیشتە ماڵەوە.

هەر لەو سەروبەندەدا چەندین ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی و هەڵسوڕاو بە شێوەو رێگای جیاجیا داوای لێکۆڵینەوەیان لەو بابەتە کرد. یەکێک لەو هەوڵانە داواکاری ژمارەیەک هەڵسوڕاوی گۆڕان بوو کە پێكهاتبوون لە (دکتۆر چیا عەباس، دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین، دکتۆر ئیسماعیل نامیق، رەوەز هەڵکەوت، دکتۆر غالب محەمەد، کاوە محەمەد، دکتۆر ئەمین بەکر، دکتۆر ئومێد حمە عەلی، عەبدوڵای مەلا نوری) لە پرۆژەیەکدا کە بە مەبەستی چارەسەری کێشەکانی گۆڕان، لە مانگی ٨ی ٢٠١٨ ئاڕاستەی رێکخەری گشتی و جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیان کرد، لە یەکێک لە خاڵەکانی داواکاریەکەیاندا بەم شێوەیە داوای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەکەن: "پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بارەی چۆنێتی ئامادەکردن و دەنگدان بە یاساکانی تیرۆر و هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم، کە لە لایەک جڤاتی گشتی و چڤاتی نیشتمانی و، رێکخەری ژورەکان و تەنانەنەت ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیش ئاگاداری نەبوون. نەک هەر ئەوە دەبوایە هێزە سیاسییە هاوپەیمانەکانیش لەم پرسە ئاگادار بوونایە. لە لایەکی ترەوە لادانێکی مەترسیدارە لە پرنسیپە بنچینەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە لە رووی سیاسیی و جەماوەریەوە ئەو بابەتە لە سەر گۆڕان کەوتووە."

لە ئەنجامی ئەو هەوڵانە لە جڤاتی گشتی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە دروستکرا. دواتر بە پاساوی ئەوەی ئیحراجی زیاتر بۆ بەرپرسان و ئۆرگانەکانی گۆڕان دروست نەبێت، کە بە بێ پرسی ئەوان دەست بۆ شتێکی وا هەستیار براوە، هەروەها لە بەر ئەوەی لەو کاتدا رۆژ لە دوای رۆژ لە هەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ نزیک دەبوینەوە، ئەگەر بە فەرمی بەدواداچوون بۆ ئەو رێكکەوتنە بکرایەو دەرئەنجامی بەدواداچوونەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرایە، دەنگدەرانی گۆڕانی توڕە دەکردو زیانی گەورەتر بەر گۆڕان دەکەوت، بۆیە بابەتەکە پەردەپۆش کراو هەوڵەکانیش راگیران.

مامۆستا ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەی بۆی گێڕامەوە، کە ئەوانیش ئاگایان لە رێکكەوتنی یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم نەبووە. لەو بارەوە وتی:"هەر پرسیشمان پێ نەکرا، بە دزییەوە کرابوو، رای ئێمە وەر نەگیرا، کاتێک پێمان زانی تێپەڕێنرابوو!" لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد"دەبوو جڤاتی نیشتمانی و هەموو ئۆرگانە بەرپرسەکان بڕیار لە سەر ئەم بابەتە بدەن، نەک چەند کەسێک." هەروەها وتیشی:" لە سەر ئەو پرسە لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکهێنا، بەڵام هەندێک لەوانەی کە لە پشتی بابەتەکەوە بوون خۆیان بە دەستەوە نەدەدا."


 (١٥) مەنجەڵ لە کورە گەرمتر بوو:
لێرەدا بۆ رونکردنەوەی زیاتر ناچارم تایتڵی هەندێک روداو دوبارە بکەمەوە. وەک لە سەرەوە وتمان لە ٢٩ی ١٠ی ٢٠١٧ کاتێک بارزانی دەستبەرداری پۆستەکەی بوو، بۆ یەکەم جار پەرلەمان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی بە یاسای ژمارە (٢) ساڵی ٢٠١٧ دابەش کرد، ئەو دابەش کردنە بۆ ساڵێک بوو، واتە بۆ ئەو ساڵە بوو کە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ کردبوییەوە. بەم جۆرە لە مادەی (١)ی یاساکەدا هاتووە:"دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم تا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەسەر دامەزراوە دەستوریەکانی هەرێم دابەش دەکرێن..."

لە مانگی ٧ی ٢٠١٨، بە چەند رۆژێک پێش پرۆژەی چەند پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، بۆ جاری دووەم فراکسیۆنی پارتی بە مەبەستی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم لە گەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان و، درێژەدان بە دۆخی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک تا کاتێکی نادیار پرۆژەیەکیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، پرۆژەکەی پارتی بە ناوی (پرۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بە سەر دامەزراوە دەستوریەکانی هەرێم ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠١٧)، کە لە یەک مادەی سەرەکی پێک هاتبوو، دەڵێت:"ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم تا پەسەندکردنی دەستوری هەمیشەیی هەرێمی کوردستان-عێراق بە سەر دامەزراوە دەستوریەکانی هەرێم بەردەوام دابەش دەکرێن."

لە ١٠ی ٧ی ٢٠١٨ لە وڵامی کچە رۆژنامەنووسێکی NRT یدا، کە دەپرسێت ئایا پرۆژەکەی گۆڕان و پارتی لە یەک دەچن؟ عەلی حەمە ساڵح دەڵێت:"...بە عەکسەوە زۆر جیاوازن، ئەوەی پارتی دەڵێت ئیستمراریەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، ئێمە دەڵێین هەڵپەساردنی دامەزراوەکە لە ئێستادا، ئەوان دەڵین ئەم دابەشکردنی دەسەڵاتە بەردەوامبێت تا نووسینەوەی دەستور، ئێمە دەڵێین نەخێر لە خولی ئایندەی پەرلەمانەوە لە سەرەتای خولەکە ئایندی دامەزراوەکە یەکلایی بێتەوە، چارەنووسی دامەزراوەکە لای ئێمە هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکەیە لە خولی ئایندە تا ئەو مەرحەلەیە دەڕۆین."

لێرەدا با بزانین جیاوزی نێوان پرۆژەکەی پارتی و گۆڕان بە چ ئەنجامێکی گەیاندین؟

خودی پارتی کە جارێک لە ٢٠١٧ دا و جارێکیش لە ٢٠١٨ دا، کار بۆ هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک دەکات، لە یەکەمیاندا تا ئەو کاتەی کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم پێکەوە دەکرێن، بەڵام لە دووەمیاندا دەیانەوێت هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم درێژ بکەنەوە، تا نووسینەوەو پەسەندکردنی دەستوری هەمیشەیی، کە ئەو کاتەش نا دیارە.

بەمەش ئەگەر پڕۆژەکەی خودی پارتی، کە چەند رۆژێک پێش ئەوەی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان پێشکەشیان کردبوو، کە لە یەک مادە پێک هاتبوو، لە پەرلەماندا پەسەند بکرایە، ئەوا دوای هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان، شتێک نەدەبوو بە ناوی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم، تا پارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ کاندید بکات. چونکە بە پێی پرۆژەکەی خۆیان دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم تا نووسینەوەو پەسەندکردنی دەستوری هەمیشەیی بە هەڵپەسێردراوی دەمایەوە. ئەو کات پارتی تەنها پۆستی سەرۆکی حکومەتی لە بەردەست دەبوو، ئیدی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیدا کامیانی بۆ کاندید دەکرد و، چۆن چارەسەری کێشەو هاوسەنگی ناو ماڵباتیان دەکرد ئەوە خۆیان دەیانزانی.

بەڵام پرۆژەی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان رێک و جوان ئەو دەرفەتەی بۆ پارتی رەخساند هەر دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بتوانێت لە یەک رۆژدا کاندید بۆ دو باڵاترین و بە دەسەڵاتترین پۆستی هەرێمی کوردستان، کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتە بێ هیچ سەر ئێشەیەک دیاری بکات. تێبینی بکەن؛ ئەگەر لە ئێستادا پارتی لە حەقی (٤٥) کورسی پەرلەماندا پۆستی سەرۆکی حکومەتی وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن بەرکەوتبێت، ئەوا پۆستی سەرۆکی هەرێمی بە پلەی یەک لە مامەڵەیەکی نهێنی هەرزاندا لە گەڵ گروپێکی گۆڕان بە قازانجی خۆی یەکلاییکردەوە.   

لە پاداشتی ئەو خزمەتە گەورەیە فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی، لە ٢٨ی ٨ی ٢٠١٨، بۆ دەنگی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات: لە سەر ئەو پرۆژەیە کاتی خۆی سوپاسی برادەرانی گۆڕانیان کردوە. هەروەها دەڵێت:" بۆ مێژوو دەیڵێم پرۆژەکەی گۆڕان زۆر لە پرۆژەکەی پارتی بە سەروبەرترو رێکخراوتر بوو..."

(١٦)٣٠ی ٩ی ٢٠١٨، هەڵبژاردنی کەوتن:
لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان نزیک دەبویینەوە، رۆژ لە دوای رۆژ دۆخی جەماوەری گۆڕان بەرەو خراپتر دەڕۆیشت، لەو کاتەدا یەکێتیی و پارتی بە ناوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەستپێشخەری ئەوەیان کرد سەردانی گردەکە بکەن، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە زیاتر تێکچوبوو. لەو سەروەختەدا گۆڕان هەوڵی دا یەکگرتو و کۆمەڵ رازی بکات پێکەوە داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکەن، بەڵام ئەو دو لایەنە رازی نەبون، دواتر دەستڕۆیشتوانی گۆڕان بە هیوای ئەوەی هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨یان بۆ دوا بخەن، بڕیاریان دا پێشوازی لە وەفدی پارتی و یەکێتی بکەن.

پێشوەخت بە نووسین و بە زارەکیش قیادەی گۆڕانمان لەوە ئاگادار کردەوە هەڵە دەکەن پێشوازی لە پارتیی و یەکێتیی بکەن، چونکە ئەگەر بەڵێنی دواخستنی هەڵبژاردنیشتان پێبدەن راستان لە گەڵ ناکەن، تەنها غافڵگیرتان دەکەن، بەمەش هەم دەنگدەرانی گٶڕان لەوە توڕەیە کە دوای تەزویرێکی زۆری پارتیی و یەکێتیی و هاتنە سەر گردەکە پێشێوازیان لێ بکرێت، هەم ئەوەش دەبێتە پەڵەیەکی رەش لە سەر گۆڕان کە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی کردوە. ئەم کورتە نووسینەم پێدان:

سڵاو هاوڕێیانی خانەی راپەڕاندن. بیستومە وەفدێکی یەکێتیی سەردانی گۆڕی کاک نەوشیروان دەکات و، دواتر لە گەڵ خانەدا کۆ دەبێتەوە.  پێموایە ئێوە بە هیوای دواخستنی هەڵبژاردن لە گەڵیان کۆ دەبنەوە! من وای بۆ دەچم کۆبونەوەکەتان لە گەڵ دەکەن و بەڵێنی دواخستنی هەڵبژادنیشتان پێدەدەن و، لە گەڵتان دێن تا ئەو کاتەی سودی یەکێتیی تیدا بێت، بەڵام بەمە لە لایەک گۆڕان عەیبدار دەکەن لە لایەکی ترەوە غافڵگیرتان دەکەن. لە کۆتاییدا لە گەڵ پارتی بۆ هەڵبژاردن دەڕۆن، بەمەش گۆڕان لە قەل و لە کۆتریش دەکەن. یەکێتی فێڵ دەکات، دڵنیام لەم پلانەشیاندا پارتی ئاگادارە. هیوادارم من هەڵەبم. من کۆبونەوەکە بە هەڵە دەزانم.

هەوڵەکان سودی نەبوو؛ لە ٢٧ی ٨ی ٢٠١٨ وەفدێکی یەکێتیی سەردانی گردەکەیان کرد، لە سەر گۆڕی کاک نەوشیروان پێشوازی کران، ئەمە گۆڕانخوازانی نیگەران کرد. ئەو وەفدەی یەکێتیی بەڵێنێکی زارەکیان بە وەفدی گۆڕان دابوو، کە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هاوکار دەبن.

حەوت رۆژ دواتر، واتە لە ٤ی ٩ی ٢٠١٨ هەر لە گردەکە پێشوازیان لە وەفدێکی پارتیش کرد، ئەمانیش هاوشێوەی یەکێتیی بەڵێنێکی سەرپێیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دابوو. پاش کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا لە گەڵ مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی، دکتۆر شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان رایگەیاند: "لە ئێستادا کەشوهەوای کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە بار نییەو تۆمارێکی دەنگدەرانی پاک نییە بۆئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت...هتد"

بەم جۆرە بزوتنەوەی گۆڕان کە لە رابردوودا لە پێناو سەرپێخستنی دیموکراسی، بە هەموو جۆرێک دژی نەریتی خراپی دواخستنی هەڵبژاردنەکان بوو لە لایەن پارتیی و یەکێتییەوە، وەلێ ئەمجارەیان پاش بەڵێنێکی بۆشی حیزبەکانی دەسەڵات لە زاری شۆڕش حاجیەوە جاڕی دەستبەرداربوونی لەو پرنسیپەشدا، ئەمەش دیسان بەشێکی تر لە گۆڕانخوازانی نیگەران کرد، چونکە خاڵێکی تری جیاوازیمان لە گەڵ دەسەڵات بە بەلاش لەدەستدا.

پاش ئەوەی بە پلان هەردوو حزبی دەسەڵات دەستڕۆیشتوانی گۆڕانیان دەستخەڕۆکرد، لە ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کرد. بە درێژایی رۆژ تا درەنگانی شەو چ لە گردەکەوە، چ لە نزیک بنەکەکانی هەڵبژاردن، چ بە تەلەفۆن لە گەڵ هەڵسوڕاوانی شارو شارۆچکەکان، لە پەیوەندیدا بووین، بۆ زانینی رێژەی بەشداری و ئەنجامی سەرەتایی. دەرکەوەت دیسان پارتیی و یەکێتیی تەزویریان کردووە، لە پاڵ ئەوەشدا بە هۆی بێهیوابوونی دەنگدەری هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە تایبەت گۆڕانخوازان بە کەمی بەشداری هەڵبژاردنیان کردبوو.

دیقەت بدەن؛ لەو سەردانەی وەفدی پارتیی و یەکێتیی بۆ گردەکە، لە بەرژەوەندی خۆیان سێ گۆڵیان لە بڕیاربەدەستانی گۆڕان کرد:

گۆڵی یەکەم: پاش تەزویرەکەی ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ و، تەقەکردن لە گردەکە، هەردوو حیزبی دەسەڵات لە سەروبەندی کەمپینی هەڵبژاردنی کوردستان هاتنە گردەکە و سەر گۆڕی کاک نەوشیروان و لە لایەن بەشێک لە خانەی راپەڕاندنەوە پێشوازی کران، ئەمە بەشێک لە جەماوەری گۆڕانی دڵشکاو کرد.

گۆڵی دووەم: هەردوو حیزب بەڵێنی ناڕاستیان بە گۆڕاندا هەڵبژاردن دوابخەن، گۆڕانیش بە هەوای ئەم بەڵێنە ناڕاستانە لە میدیاکاندا خواستی خۆی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن راگەیاند، ئەمەشیان پاشەکشەو گورزێکی تربوو بەر گۆڕان کەوت.

گۆڵی سێیەم: ئەمەیان وەک گۆڵی ئاخر دەقەو گۆڵی سەرکەوتن وابوو، لە کاتێکدا "چەند پەرلەمانتارو هەڵسوڕاوێک" بە ناوی گۆڕانەوە، بە پێشکەشکردنی یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم پارتیان لە گەورەترین تەنگژەی ناوخۆیی و ماڵباتی رزگار کردوو، دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمیشیان بۆ "هەڵگرتن"، کەچی پارتی ئامادە نەبوو تەنانەت چەند رۆژێک هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردسان بە خاتری گۆڕان دوا بخات.

لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان، پارتی بوو بە ٤٥ کورسی، یەکێتی ٢١ کورسی، کورسییەکانی گۆڕانیش لە ٢٤ وە هاتەخوار بۆ ١٢.

(١٧) بەهێزبوونی لۆبی پارتی لە گردەکە:
دوای ئەوەی بە دەنگدان بە یاسای تیرۆر و هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم خزمەتێکی کەم وێنەیان بە ئەجێندای دەسەڵات و پارتی کرد و، بە پاساوی نادروست دۆسیەکەیان دیزەبەدەرخۆنە کرا. ئەو گروپە بە هاوکاری چەند کەسێکی تر لە بەرپرسان و تێکۆشەرە دێرینەکان و هەڵسوڕاوان، وەک رەوتێک لە گردەکەدا، لۆبیەکی نهێنی رێکخراویان بە ئاڕاستەی نزیکبوونەوەی زیاتر لە پارتی دەستپێکرد.

ئەمانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان وەک چۆن لە ئاستێکدا لە یاساکانی تیرۆرو هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێمدا سازشیان لە سەر جەوهەریترین خواست و بنەمای سیاسیی و ئەخلاقی گۆڕان کرد، لە ئاستێکی تریشدا لە هەرچی کاری خراپی پارتییە (لە سوتاندنی بارەگای گۆڕان، سکاڵای تیرۆر لە سەر نەوشیروان مستەفا، داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکان، تەزویری گەورە و دەیان ساڵ شکستی حکومڕانی...هتد) چاوپۆشیان کرد. لە بەرامبەردا هێرش و تەقەکانی شەوی ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ی یەکێتییان بۆ سەر گردەکە بە قازانجی پلانەکەی خۆیان قۆستەوە، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە زەمینەی نزیکبوونەوەی زیاتر لە پارتی خۆشتر بکەن.

بە هۆی لاوازی و بێڕوئیایی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی و، لەقبوونی بیروباوڕیان لە ئاست بەرنامەی سیاسیی گۆڕان و، ماندوبوون و لاوازبوونی قودرەتی ململانێی دەسەڵات لای کەسانێک و، چاوبڕینە پارەو کێکی دەسەڵات، ئەمانەش ژینگەی گەشەکردنیان بۆ لۆبی پارتی لە گردەکە لەبارتر کرد. لە پاڵ ئەوانەشدا پشتیوانی کوڕە بچوکەکەی کاک نەوشیروان (چیا) وەک خاوەنی گردەکە و میدیاو خاوەن کۆمپانیاو سەرچاوەکانی داهاتی گۆڕان لەو رەوتە، هەموو ئەمانە وایان کرد لە ماوەیەکی کەمدا لۆبی ئەو گروپە بە ئاڕاستەی پارتیدا لە ناو بڕیاربەدەستانی گۆڕان بە رۆحیەتێکی نەرجسیانەوە قبوڵ بکرێت.

لێرەدا بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەر نمونەیەکی زیندوو بە زانیارییەوە دەگێڕمەوە، کە هەمووان ئاشنان پێی:
پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنی ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ پارتیی و یەکێتیی تەزویرێکی رێکخراوی بێشوماریان کرد، لە ٢٦ی ٥ی ٢٠١٨ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوییەوەو بڕیاری دا سەرلەبەری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەد بکاتەوە، لە سەر ئەو بنەمایە نوێنەرە دەرچوەکانی نەنارد بۆ بەغدا.

پاش پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە لایەن کۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی عێراقەوە، لە ٣ی ٩ی ٢٠١٨ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجامداو، ئەندامانی ئەنجومەن سوێندی یاساییان خوارد. نوێنەرە دەرچوەکانی گۆڕان لە سەر بنەمای بڕیارەکەی جڤاتی نیشتمانی نەچوونە بەغداد و بەشداریان نەکرد. هەمان رۆژ شۆڕش حاجی لە وڵامی پرسیارێکی تەلەفزیۆنی KNN دا، لە بارەی هۆکاری نەچوونی نوێنەرەکانیان بۆ دانیشتنی رۆژی سوێندخواردن، دەڵێت: "تا ئەو کاتەی جڤاتی نیشتمانی کۆنەبێتەوە و بڕیار نەدات نوێنەرەکانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری هیچ دانیشتنێک ناکەن، چونکە ئێمە تا ئێستا لە ناوخۆی خۆماندا ئەنجامەکانمان پەسەند نەکردوە." چوار مانگ و ١٨ رۆژ دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، واتە لە ٣٠ی  ٩ی ٢٠١٨ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، دیسان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار تەزویری خۆیان کردەوە.

سەرنج بدەن؛ بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێنج ئەندامی سەرکەوتن، بە بڕیاری جڤات نەڕۆشتن بۆ سوێندخواردن و دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، تا ئەو رۆژەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا. رێک رۆژێک دواتر، واتە لە ١ی ١٠ی ٢٠١٨ لە گردەکە، دوای نیوەڕۆکەی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و کاندیدە دەرچوکانی گۆڕان (دکتۆر یوسف محەمەد، دکتۆرە بەهار مەحمود، کاوە محەمەد، دکتۆر غالب محەمەد) لە گردەکە کۆ دەبنەوە. (هوشیار عەبدوڵا لەوێ نابێت)

خانەی راپەڕاندن داوایان لێدەکەن ئێوارەی هەمان رۆژ بڕۆنە بەغداد و، لەوێ کاتژمێر (٨)ی شەو کۆبونەوەی فراکسیۆنە کوردستانیەکان هەیە، بۆ دیاریکردنی کەسێک وەک کاندیدی سەرۆککۆمار. پێیان رادەگەیەنن لە نێوان دکتۆر فوئاد حسێن کاندیدی پارتی و، دکتۆر بەرهەم ساڵح کاندیدی یەکێتی، دەنگ بە کاندیدەکەی پارتی بدەن. لەو کۆبونەوەیەدا دکتۆر یوسف محەمەد و دکتۆرە بەهار مەحمود لاریان نابێت؛ کاوە محەمەد لە گەڵی نابێت و داوا دەکات لە کۆنوسی کۆبونەوەکەدا تەحەفوزی بۆ بنوسرێت بەڵام پابەد دەبێت بە بڕیارەکەی خانەوە؛ دکتۆر غالب لە گەڵی نابێت و بڕیار دەدات هەر نەڕوات بۆ بەغدا. مستەفای سەید قادر کە ئەندامی خانەی راپەڕاندن نییە و لەو کۆبونەوەدا بەشدارە دەڵێت: "رای هوشیار عەبدوڵا لای منەو ئەو پابەندە بە داواکەی خانەی راپەڕاندنەوە." کاتێک باسی ئەوە دەکرێت بەم ئێوارەیە چۆن تکت و فڕۆکە پەیدا بکرێت؟ لە وڵامدا مستەفای سەید قادر دەڵێت: "فڕۆکەی تایبەت ئامادە کراوە!" لە فڕۆکەخانەی سلێمانی چاوەڕێی نوێنەرە دەرچوەکانی گۆڕانی دەکرد.  دواتر دەرکەوت فڕۆکەکە لە لایەن نێچیرڤان بارزانییەوە ئامادە کرابوو. (کاوە محەمەد بۆی گێڕامەوە لە بەغدا لە شوقەکەی ئەو کۆبونەوەیەک دەکەن، لەوێ بڕیار دەدەن دەنگ بە ‌هیچکام لە کاندیدەکان نەدەن.)
لێرەدا سەرنج لە چەند خاڵێکی تری فریودانی هاووڵاتیان بە گشتی و گۆڕانخوازان بە تایبەت بدەن:
یەک: بڕیاری ناردنی کاندیدە سەرکەوتوەکانی گۆڕان بۆ بەغداد و، بۆ دەنگدان بە دکتۆر فوئاد حسێن لە کاتێکدایە هێشتا جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی قبوڵ نەکردوە! هێشتا جڤات کۆنەبوەتەوە بۆ ئەوەی بڕیارێک لە سەر بڕیارەکەی پێشوی خۆی بدات، ئایا پێویستە کاندیدە سەرکەوتوەکان بڕۆنە بەغداد، یاخود پێویست نییە؟! ئەی چارەنووسی دەنگە دزراوەکان؟ ئەی ئەو هەموو بەیاننامەو بەڵێنانەی بەخەڵکماندا کە ئەنجام قبوڵ ناکەین و دەنگەکانیان بۆ دەگێڕینەوە چی؟!

دوو: بڕیاری ناردنی نوێنەرەکان لە کاتێکدایە، هێشتا (١٨) کاتژمێر بە سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستادا تێپەڕیوە، جارێکی تر پارتیی و یەکێتیی تەزویریان کردوەتەوە. واتە لە ماوەی کەمتر لە (٥) مانگدا ئەوە دووەم جارە هەردوو حیزبەکەی دەسەڵات تەزویری گەورە دەکەن، کەچی دەڕۆن دەنگ بە کاندیدی یەکێک لەو دوو لایەنە تەزویرچیە دەدەن!

سێ: ئایا رێی تێدەچێت لە ماوەی (١٨) کاتژمێری دوای دەنگدان، کە (١٢) کاتژمێریشی شەو بووە، واتە لە (٦) کاتژمێردا رێكکەوتنێکی هێندە خێرا لە نێوان پارتی و گۆڕاندا کرابێت، ئەوەندە موغری بێت وا لە گۆڕان بکات سازش لە سەر دووجار دزینی دەنگەکانی خەڵکی کوردستان بکات و، نوێنەرەکانی هان بدات پشت لەو بەڵێنانە بکەن کە بە دەنگدەرانی گۆڕان درابوو، وە بە سەر بڕیاری چڤاتدا باز بدەن و بچنە بەغداد بۆ ئەوەی دەنگ بە کاندیدی پارتی بدەن؟ یان نەخێر پێشتر قوڕەکەی بۆ شێلدراوە؟!

وڵامەکە روونە، دوای دەنگدان بە یاسای تیرۆرو پێشکەشکردنی یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم لە مانگی ٧ی ٢٠١٨، کارەکانی لۆبی پارتی لە گردکە زۆر گەشەی کرد. لەو رۆژانەی گەنجان و گۆڕانخوازان بە ئاڵای نیلیەوە لە شەقامەکاندا خەریکی کەمپین بون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەو کاتەی میدیای گۆڕان لە رواڵەتدا خەریکی هەڵدانەوەی مەلەفەکانی خیانەت و گەندەڵی پارتیی و یەکێتیی بوو، ئا لەو کاتەداو ماوەیەک پێشتریش، لە ژێرەوە بێ ئاگاداری ئۆرگانە فەرمیەکان رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی پەیوەندیەکانی پارتی و گروپێکی گۆڕان بەرەو پێش دەبرا، بە داخەوە درەنگ بەم کەین و بەینەمان زانی.

بە دیاری کراوی لە دوای ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ تا رۆژەکانی پێش ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ چەندین سەردان و دانیشتن و کۆبونەوەیەکی ژێربەژێر "بە بی ئاگاداری ئۆرگانە فەرمیەکانی گۆڕان لە گردەکەو لە هەولێریش ئەنجام درا بوون"، چەند جارێک دکتۆر فرسەت سۆفی و دڵشاد شەهاب سەردانی کوڕەکانی کاک نەوشیروانیان کردبو، لە ماڵی ئەوەندا بە ئامادەبونی چەند هەڵسوڕاوێکی تر باسی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و گۆڕان و، بەشداری گۆڕان لە حکومەتی داهاتو کرابو (ئەم کۆبونەوانە هەندێک گۆڕانکاری لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بە سودی گەورەی پارتی لێکەوتەوە، لە دەرفەتێکی تردا باسی دەکەم). تا ئەوەی لە بڕیاری دەنگدان بە فوئاد حسین دەرکەوت چ قسەکردنی پێشتر لە سەر تەزویری پارتی و، نەناردنی پەرلەمانتارەکان بۆ بەغداد و، قسەکردن لە سەر رێزگرتن لە بڕیاری پێشتری جڤات هەموو ئەمانە تەنها بۆ فریودانی دەنگدەران بووە.

ماوەیەک پاش کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، کە بڕوانامەی ماجستێری لە کۆمەڵناسی هەیە وەک ئەوەی بۆنی شتێکی کردبێت، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ تەلەفزیۆنی RUDAW دەڵێت:"پاش مردنی نەوشیروان دۆخی بزوتنەوی گۆڕان وەک خۆی نامێنێت، بە دڵنیاییەوە عە‌قڵانیەت زیاتر دەبێت." ئەم قسەیەی هوشیار زێباری ئاماژەیەکی رونە کە لای ئەوان پێوەری عەقڵانی بوون تەنها دیدو دونیابینی پارتییە، بەمەش هەر پرۆژەو تێکۆشانێک لە گەڵ دونیابینی خۆیاندا نەیەتەوە بە ناعەقڵانی ناوزەدی دەکەن.

لە سایەی بیرکردنەوەیەکی فاشییانەدا کاتێک نەوشیروان مستەفا وەک سیاسییەکی خاوەن پرنیسپ و عەنید ئامادە نییە لە ژێر هیچ گوشارێکدا خۆی رادەستی واقعێکی ئەزمونکراوی شکستخواردوی داسەپاو بکات، بەڵکو هەوڵ و تیکۆشانی بۆ هەڵتەکاندن و گۆڕینیەتی. لە وەها دۆخێکدا چاوەڕوان کراوە پاش مردنیشی وەک سەرچاوەی ناسەقامگیری و ئاشوب یادی خەڵک بخرێتەوە، بە تایبەت کاتێک هاوەڵ و کوڕەکانی و دارودەستەکانیان لە پێناو بەرژەوەندی تایبەت و لە ترسی قوتدانیان لە لایەن دەسەڵاتەوە قبوڵی ئەمری واقیع و عەقڵانیەتی پارتی دەکەن و، پاساوی فریودەرانەو زەلیلانە بۆ خۆبەدەستەوەدانیان دەهێننەوە.


(١٨) جاڕی چیان بە گوێی خەڵکا ئەدا؟
ئەوانەی بەشداربوون لە ئەنجامدانی رێکكەوتنی نهێنی دەنگدان بە یاسای تیرۆرو هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و دەربازکردنی پارتی لەو تەنگژەیە، لەو کاتەدا کۆمەڵێک پاساویان بۆ کارەکەیان هێنایەوە. لێرەدا پوختەی بەڵێن و قسەکانی ئەو کاتەیان و، پاشان بەرهەم و دەرئەنجامی کارەکەیان باس دەکەین. با بزانین چیان وت و چیان کرد؟

لێدوانی یەکەم: برزۆ مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ١٠ی ٧ی ٢٠١٨، دوای پێشکەشکردنی پرۆژە یاساکەیان بە سەرۆکایەتی پەرلەمان، لە لێدوانێکیدا کە تەلەفزیۆنی KNN راستەوخۆ پەخشی دەکرد، باسی بەشێک لە هەوڵەکانی رابردوی گۆڕان بۆ گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی و پاشەکشێی یەکێتی و کاردانەوەی خراپی پارتی لە ئاست هەوڵەکانی گۆڕان دەکرد. لەوێدا دەڵێت:"بابەتی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ئەم خولەی پەرلەمان ئێمە زۆر هەوڵماندا چارەسەری بکات، بەڵام چارەسەری نەکردووە، بۆیە ئێمە پرۆژە یاسایەکمان پێشکەش کردوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم هەڵپەسێردرێ. خولی یەکەمی گرێدانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کار بکات لە سەر ساغکردنەوەی چارەنووسی دامەزراوەکە، تا دەگاتە ئاستی هەڵوەشاندنەوە، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوە نەبووین سەرۆک لە ناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت."

لە درێژەی لێدوانەکەیدا برزۆ دەڵێت:"تاکو دەرفەت مابوبێ و دەرفەتێک هەبێ ئێمە لەگەڵ بە پەرلەمانیکردنی سیستەمەکەین، کە هیچ دەرفەتێک نەما ئێمە دەبێت چارەنووسی ئەم دامەزراوەیە ساغ بکرێتەوە، هەمو هەوڵێک دەدین تاوەکو ئاستی هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکە."
لێدوانی دووەم: لە ١٠ی ٧ی ٢٠١٨، واتە رۆژی پێشکەشکردنی پرۆژەکەیان بە سەرۆکایەتی پەرلەمان، عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە لێدونێکیدا بۆ NRT دەڵێت:" ئێمە لە سترتیژدا پێشوتریش باوەڕمان بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە ناو خەڵکەوە نەبووە، جا هەر کەسێک بێت، سەڵاحیەتی کولی هەبێت، کەس بۆی نییە لێپرسینەوەی لێبکات، دەسەڵاتێکی ئێجگار زۆریشی هەیە." هەروەها ئەڵێت:"لەم مەرحەلەدا موئەسەسەکە هەڵئەپسێرین، لە مەرحەلەی دووەمدا ئێمە دیاریشمان کردوە لە پرۆژەکەماندا لە سەرەتای خولی ئایندەی پەرلەماندا چارەنووسی دامەزراوەکە یەکلایی بێتەوە نەک سیستەم، چارەنووسی دامەزراوەکە ئەوەیە ئێمە تا ئەوە ئەڕۆین دامەزراوەکە بە تەواوەتی هەڵوەشێنینەوە."

لێدوانی سێیەم: لە ١١ی ٧ی ٢٠١٨ لە کاتی گفتوگۆی پرۆژەکەی گۆڕاندا لە هۆڵی پەرلەماندا دیسان عەلی حەمە ساڵح دەڵێت:"ئێمە نەتیجەی فکری نەوشیروان مستەفاین" هەروەها ئەڵێت:"وەکو قەناعەت و مەبادئی سیاسیی خۆشمان هەرگیز قەناعەتمان بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم نەبووە لە ناو خەڵکدا، ئەو دەسەڵاتانەی کە هەیەتی، لە ژێر لێپێجینەوەو لێپرسینەوەدا نەبووە."

لە دریژەی قسەکانیدا لە پەرلەماندا دەڵێت:"ئەگەر لەم مەرحەلەیەدا پێمان بکرێت کارمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەکردو ئێستەش ئەگەر دەنگدان و پرۆژە هەبێت ئەیکەین، بەڵام ئەگەر نەشکرێت ئەمە ستراتیج و سیاسەت و بەرنامەی ئێمەیە هەتا هەڵوەشاندنەوەی." هەروەها دەڵێت:"...سیستمەکە ئەگەر جاران سەرۆکێک هەبوو هەندێک لە دەسەڵاتی هەبوو موناقەشەمان لە سەر دەکرد، ئێستا سەرۆکی هەرێمێشمان نییە، دەسەڵاتەکانیشی دابەش کراوە، ئەمە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە رووی سیاسییەوە، ناڵێم لە روی قانوینییەوە، ئەمە سیستەمێکی سەدلەسەدی پەرلەمانییە کە ئیمە تەمەنامان ئەکرد."

لێدوانی چوارەم: لە ١١ی ٧ی ٢٠١٨ پرۆژەکە پەسەند دەکرێت، کاتژمێرێک دوای پەسەندکردنی یاساکە دیسان عەلی حەمە ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا دەڵێت: "تەئکیدمان کردوەتەوە ئێمە لە گەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم نین لە ناو خەڵکدا" زیاتر دەڕوات و دەڵێت: "ئێستاش پێمان نەکرێت بەرنامەی سیاسیی ئێمە ئەوەیە لە خولی داهاتووی پەرلەمان تا هەڵوەشاندنەوەی ئەم دامەزراوەیە دەڕۆین"

ئەوەش باس دەکات:"ئەوەی بە لای ئێمە گرنگ بوو لە وەرزی یەکەمدا ئەم بابەتە یەکلایی بکەرێتەوە، بەڵام بە دەنگدان فکرەی ئێمە کرا بە وەرزی دووەم، واتە لە ماوەی ساڵێکی خولی ئایندەی پەرلەماندا چارەنووسی دامەزراوی سەرۆکایەتی هەرێم یەکلا دەکرێتەوە، لای ئێمە چارەنووسی دامەزراوەکە رۆشتنە هەتا هەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم."

هەروەک دەڵێت: "ناکرێت یەکێ بە تەما بوبیێت ئیتیفاق و تەوافوق بکات لە سەر پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار یا پۆستی تری لێوەربگرێت، ئیستا ئەگەر ئەم تەوفوقی لێکتوچوە پیی وایە ئەمە نەخێر..." جارێکی تر لە قسەکانیدا دەڵێت:"...ئێمە هەتا هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم ئەڕۆین، ئەمە پرۆژەمانە..."

لێدوانی پێنجەم: هەمان ئەو رۆژەی کە پەرلەمان پرۆژەکەی چەند پەرلەمانتارکەی گۆڕانی پەسەند کرد، دکتۆر یوسف محەمەد لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکی هەرێم)، کە میدیاکانی گۆڕان بۆی بڵاویان کردەوە، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پەسەندکردنی پرۆژەکە دەربری و لە وتارەکەیدا، جەخت لە سەر قسەکانی عەلی دەکاتەوە.

یوسف محەمەد وەک ئاماژەیەک بۆ بەشێک لە یادەشتەکانی کاک نەوشیروان ئاماژە بەوە دەدات"هەر لە سەرەتای تێپەڕاندی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم، وەک سەفقەیەک بەرامبەر بە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دروست کرا، نەک پێویستی هەرێمی کوردستان و سیستمی حکومڕانیەکەی بە بوونی دامەزراوەیەکی لەم شێوەیە"

لە درێژەی وتارەکەیدا ئەڵێ: "ئێمە لە گەڵ سیستەمی پەرلەمانین هاوشێوەی بەغداد بەو مانەیەی:- یەک: سەرۆک لە ناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردێت، نەک لە ناو خەڵک. دوو: دەسەڵاتەکانی شکلی بن. سێ: لە ژێر چاودێری پەرلەمان بێت."

هەروەها دەنووسێت:"...باشترە تا کاتی گۆڕینی سیستمی حکومڕانی بۆ پەرلەمانی تەواو لە رێی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەریم یان پەسەندکردنی پرۆژەی دەستورێکی نوێ لە پەرلەمانی کوردستانەوە، کارکردن بەو یاسایەی کێشەی بۆ هێنانە کایەی سیستمێکی پەرلەمانیی تەواو لە کوردستان دروست کردووە رابگیرێت" جەخت لە سەر گرنگی یاساکە دەکاتەوەو دەڵێت:"ئەم یاسایەی لە پەرلەماندا پەسەند کرا هەنگاوێکی گرنگە بۆ وەستاندنی هەڵەیەکی دیکەی رابردوو، رێکكەوتن لەسەر سیستمی پەرلەمانی تەواو لە خولی داهاتووی پەرلەمان".

لێرەدا سەرنج بدەن لە لێدوان و قسە و وتارەکانی ئەو کاتەیاندا جەخت لە سەر چەند خاڵێک کراوەتەوە:
یەک: لە گەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک نین، لە ناو خەڵکەوە.
دوو: لە گەڵ ئەوە نین، سەرۆک دەسەڵاتی هەبێت. دەیانەوێت پۆستێکی رەمزی و دەسەڵاتەکانی تەشریفاتی بێت.
سێ: لە گەڵ ئەوە نین سەرۆک لە سەروی چاودێریەوە بێت.
چوار: دکتۆر یوسف دەڵێت: سیستمی پەرلەمانی هاوشێوەی بەغدا.
پێنج:عەلی حەمە ساڵح و برزۆ مەجید زیاتر لە سیستمی هاوشێوەی بەغدا دەڕۆن و، دەڵێن: "لای ئێمە چارەنووسی دامەزراوەکە رۆشتنە تا هەڵوەشاندنەوەی" لە ماوەی ساڵی یەکەمدا. هەروەها عەلی جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە نەبونی سەرۆکی هەرێم سەد لە سەد پەرلەمانیە.
شەشەم: کۆتایی هێنان بە سەفقەی نێوان پارتیی و یەکێتیی.
لە خوارەوە قۆناغ بەقۆناغ بەرئەنجامی بەڵێن و رێکكەوتنە نهێنی و ئاشکراکانیان لە گەڵ پارتی دەخەینە روو، با بزانین چ گوڵێکیان بۆ گۆڕان چنیەوە؟

(١٩) هەڵوەشاندنەوەی بانگەشەی هەڵوەشاندنەوە:
لە ٣ی ١٢ی ٢٠١٨، ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایان کرد؛ بڕیاریان داوە نێچیرڤان بارزانی وەک کاندیدی سەرۆکی هەرێم و، مەسرور بارزانی وەک کاندیدی سەرۆکی حکومەت دیاری بکەن. ئەو بڕیارەی پارتی لە کاتێکدابوو پاش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان هێشتا هیچ دانوستان و گفتوگۆیەکی "فەرمی" لە سەر پرسی چارەنووسی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم لە نێوان لایەنەکاندا رووی نەدابوو.

سەرنج بدەن؛ پاش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی بە کاندیدکردنی نێچیرڤان بارزانی هەر لە رێگەوە کۆتایی‌ بە حیکایەتی "تا هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەڕۆین" هێنا، چونکە دیاریکردنی کاندید بۆ ئەو دامەزراوەیە پێش هەر گفتوگۆیەکی نێوان لایەنەکان بە مانای ئەوە هات هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم لای پارتی بابەتی دانوستان و جێگای باس نییە، پێشتریش هەرچی لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراوەیەوە وتراوە و هەر کەس وتویەتی قسەی بەتاڵن.