هۆشداری دەدرێـتە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی

ڕاپۆرت 14/05/2019


هاوكات لەگەڵ پڕكردنەوەی پۆست و بەركەوتەكانی یەكێتی لە كابینەی نۆیەمدا، هۆشداری و پەیام دەدرێتە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، كە لەسەر بنەمای جوگرافی و شایستەیی پۆستەكان پڕبكاتەوە، نەك لەسەر بنەمای تەكەتول و باڵەكان.
لەوبارەیەوە، عارف قوربانی نوسەر و رۆژنامەنوس لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك، پەیامێكی بۆ مەكتەبی سیاسی نوسیوەو تێیدا داوادەكات پشك و پۆستەكانی یەكێتی لەنێو باڵ و تەكەتولەكان دابەش مەكەن، لەسەر بنەمای شارەكان پڕیان بكەنەوە. 
لایخۆشیەوە مامۆستا بورهان محەمەد فەرەج، كادیری پێشكەوتوی یەكێتی و پەرلەمانتاری پێشوی عێراق، پەیامێكی بۆ مەكتەبی سیاسی نوسیوەو تێیدا داوادەكات، پۆستەكان بەپێی چەند راپرسیەكی نهێنی لەناو خەڵك و مەڵبەندەكاندا نمرەی بۆ دابنرێت.


دەقی نوسینەكەی عارف قوربانی:

بۆ بەڕێز مەكتەبی سیاسی ی،ن،ك
تكایە پشك و پۆستەكانی یەكێتی لەنێو باڵ و تەكەتولەكان دابەش مەكەن، لەسەر بنەمای شارەكان پڕیان بكەنەوە. 
یەكێتی 10 وەزیر و 2 پۆستی باڵا و چەند بریكارێكی وەزیری بەركەوتووە، بەشی ئەوە دەكات هەموو ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەشیان هەبێ لە پڕكردنەوەیان. 
وا باش بوو ئەو سێ پۆستە باڵایەی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكومەت بە یەكێتییەكانی سلێمانی و كەركوك و هەولێر پڕ بكرانایەتەوە، بەڵام هەرسێكی دراوە بە سلێمانی. 
بۆ ئەوەی پۆستەكانی تریش بەو شێوە نادادپەروەرانەیە دابەش نەكرێت پێشنیاز دەكەم بڕیار بدەن پشكی پارێزگاكان دیار بكرێت و لەسەر ئەو بنەمایە كاندیدیان بۆ دیاری بكرێ.
سێ وەزارەت و بریكاری وەزیرێ بۆ هەولێر
وەزیری پلاندانان ، سەرۆكی دەزگای ئاسایش كە پلەی وەزیرە، سەرۆكی دەستەی مین كە پلەی وەزیرە، لەگەڵ جێگری وەزارەتی سامانە سر،وشتیەكان بدرێن بە هەولێر.
وەزیری هەماهەنگی نێوان هەرێم و بەغدا و سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانیەكان كە پلەی وەزیرە لەگەڵ جێگری فەرمانگەی پەیوەندیەكان بدرێن بە كەركوك.
وەزیری رۆشنبیری و سەرۆكی دەستەیەك بدرێ بە هەڵەبجە.
وەزیری كشتوكاڵ بدرێ بە ئیدارەی گەرمیان
وەزیری خوێندنی باڵا بدرێ بە ئیدارەی ڕاپەڕین.
وەزیری پێشمەرگەو جێگری سەرۆكی حكومەت و جێگری وەزیری ناوخۆ بدرێن بە سلێمانی. كە جێگری سەرۆكی هەرێمیشیان هەیە.
بادینان لەبەر ئەوەی چەند سەفیرێك لە پشكی كورد لە بەغدا بەوان دراوە، دەكرێ ل هەرێم بریكاری وەزیرو دەستەیەكیان بدرێتێ.
بەم شێوەیە هاوسەنگی لەناو یەكێتی دەپارێزن و هەموو ناوچەیەكیش هەست دەكات بەشدارە لە حكومەت.

دەقی نوسینەكەی مامۆستا بورهان:

بەڕێز (م،س ) یەكێتی نیشتمانی كوردستان
سڵاوێكی ھەڤاڵانە:
پێشنیاز :

بۆیەكلایكردنەوەی ئەو پۆستانەی بەربەشی گەرمیان دەكەوێت و پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیشەوە،چەند رێگایەك پیادەبكرێت وبەم شێوەی لای خوارەوە تەتبیق بكرێت :

١- راپرسیەكی نھێنی لەناوخەڵك لەسنووری گەرمیان بكرێت ،بۆ ھەڵسەنگاندنی كەسایەتی كاندیدەكان لەرووی ناو و ناوبانگ وئەھلێتیان لەسنووری (كەلار-كفری خانەقین)بەناحیەكانیشیانەوە. ئەو راپرسیە پلەی لەسەربێت بۆ نموونە ٣٠ ٪‏پلە.

٢-ھەڵبژاردنێك لەئەنجوومەنی مەڵبەند بەنھێنی ئەنجام بدرێت و٣٠ ٪‏پلەی لەسەر بێت بۆ ھەڵسەنگاندنی كاندید .

٣- لیژنەیەكی پسپۆر و شارەزا لەمامۆستایانی زانكۆ كاندیدەكان ھەڵسەنگێنن بۆ ئاستە جیاوازەكان،بۆنموونە ئاستی سیاسی ئیداری ،بروانامە، رۆشنبیری،ئەزموون ھەتا د........ئەمەش ٤٠٪‏ پلەی لەسەربێت
پێم وایە ئەم شێوازە باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی ھەریەك ھەقی خۆی پێبدرێت.

لەگەڵ رێزی زۆرم

ھەڤاڵتان 
م برھان محمد فرج