کتێبێکی نوێی مارکیز بڵاو دەکرێتەوە

ڕەخنەی چاودێر 13/05/2019

ڕەخنەی چاودێر

 

گابرییەل گارسیا مارکیز، کە لە ساڵی ٢٠١٤ـدا کۆچی دواییی کرد، هێشتاکە هەم کتێبی نوێی بڵاو دەبێتەوە و هەمیش مایەی سەرنجی خوێنەران و میدیاکانە.

 

کتێبێکی تازەکەی مارکیز بە ناوی "دەنگۆی سەدە" لە لایەن پەخشخانەی ئالفرێد ئەی کینافەوە بڵاو بووەتەوە، کە تایبەتە بە گوتارە ڕۆژنامەوانییەکانی نووسەر کە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ تا ١٩٨٤ نووسیونی. کتێبەکە ٥٠ گوتاری مارکیزی لە خۆ گرتووە کە سەبارەت بە بابەتی جۆراوجۆر بە تایبەت ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی و دنیای نووسین دەدوێت. 

 

لە ڕیی ئەم گوتارانەوە تێدەگەین کە مارکیز ڕۆژنامەنووسێکی چەند جددی بووە و هەر خۆیشی لە شوێنێکدا دەڵێت: نامەوێت سەد ساڵ تەنیایی یان خەڵاتی نوبێلم بیر بکەوێتەوە، بەڵام بە دڵخۆشییەوە بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە کە ڕۆژنامەنووس بووم.

 

مارکیز کە بە گابۆ ناسراوە، لەم کتێبەدا نووسیویەتی: ئاسایییە بۆ نووسینی کتێبێکی ٢٠٠لاپەڕەیی ٢٩ هەزار جگەرە بکێشیت.