ئەو گیایەى لەسەر زمان دەڕوێ

ڕەخنەی چاودێر 13/05/2019

ئەو گیایەى لەسەر زمان دەڕوێ

شيعر : ئه‌دۆنيس

وه‌رگێڕانى ته‌لعه‌ت تاهير


1
( ئازادى لێرە نێژراوە )
دەپرسم ، دەگەڕێم ، هەست رادەگرم :
کەسێ نابینم باوەڕى بە زیندوو بوونەوە هەبێ .

2
ئەگەر ماڵێکم هەبێ ، ئەوا خۆشەویستییە .
ئەگەر نیشتمانێکم هەبێ ، ئەوا شیعرە .

3
ئەوەى خۆى خۆشدەوێ دڵنەوایە :
کەس غیرەى لێناکا ،
کەس رکابەرى نییە .

4
ئایا دەکرێ راڤەکەرى تێکست 
گرنگتر بێت لە نوسەرەکەى ؟
بەڵى ، ئەمە لە رۆشنبیریى عەرەبیدا روویداوە ،
لە زۆرێک لە رۆشنبیرییەکانى دیکەش روودەدا .

5
مەعجەمم لەبەر هۆیەک خۆشدەوێ :
ئەو وشانەم بیر دەهێنێتەوە ، کە تیایدا نییە .

6
ئەوەتا ئەو کەسەى سەیرى دەکەى مەزنە و
کاتێ کار دەکات بچووکە .
ئەوەتاش ئەو کەسەى سەیرى دەکەى بچووکە و
کاتێ کار دەکات مەزنە :
ژیان ، لە نێوان هەردووکیاندا بازنەیەکى لاکێشەییە .

7
باوەڕى بە تارمایى نییە ، 
کەواتە : بۆچى لێى دەترسێ ؟

8
بە دارا هەڵواسرا :
بەڵام ، جیهانى بە کۆڵییەوە هەڵواسى .

9
ئاسک قەسیدەیە
شاعیرە عاشقەکان وەریانگێڕا لە ژنێک .

10
( گیا لەسەر زمانى روا )
پەندێکى لادێیانەى عەرەبییە :
زۆر لەبارەى زمان و رۆشنبیریى مەدەنیانەى عەرەب دەخاتە روو .

11
بەراستى ، لاى ئێمە دەواجنەکان 
پێویستە بۆرژوازیەت پەروەردە بکەن .

12
لە ئاگایى عەرەبیدا ، راستى هەمیشە ( بە سوودە ) ،
یان دەبێ هەر وا بێت .
بەمشێویە ئەو راستییانەى بۆ خودى ئاگایى گرنگن ( دەکوژرێن ) ،
ئەو راستییەى ( زیان ) ى هەیە و
ئەوەیش کە ( بێسوودە ) .

13
ئەمەش ناو دەنێیت ( رۆمان )
لە کاتێکدا نە تینوێتى زمان دەشکێنێ و
نە تینوێتى هیچ شتێکیش ؟

14
( لە چاوەڕوانى بەربەریەکاندا ؟ )
بەڵام ، هیچ بەربەریەک نەماوە .
مەبەستم ئەوەیە خەڵک هەموویان بوونەتە بەربەرى .
تواناى چاوەڕێ کردنیش ، نەما و مرد .

15
ئامادەبووان لە هۆڵێکى گەورەدا /
گوێیان لە گوتاربێژێکى نادیار گرتووە :
ئەمەیە بارودۆخى رۆشنبیریى ئێستاى عەرەبى ؟

16
( سیزیفى سەرکەوتوو )
دەستەواژەیەکە بۆ ترۆپکى گاڵتەجاڕى و ترۆپکى لێکدژى .
بەڵام لەوانەیە روونترین ( نازناو ) بێت بۆ ( عەرەبى تێکۆشەر ) 
لە سەدەى بیستى رابردوو و سەرەتاکانى سەدەى ئێستاماندا .

17
( ئەم هەورانە دەمشارنەوە ،
چڕ و قورسن لەسەر جەستەم ، کێ لێیان دەربازم دەکا ؟ )
ئاسمان بە گلەییەوە ئەمە بە زەوى دەڵێ .

18
بڕۆ لاى هونەر و بە سادەییەوە بپرسە : 
من لە چیم کەمە ؟
لەگەڵ تۆمە ئەى ئەو کەسەى دەڵێى :
بێجگە لە ئاین کارم بە هیچیترەوە نییە .

19
لە هەموو ئاراستەکاندا هەورى غوبار دەورى داوم ،
چونکە دەگەڕێم بە شوێن خاڵێکى جێگیرەوە ،
تا لێیەوە لەم جیهانە بگەم و
بە باشى رووبەرووى ببمەوە .

20
ئێستا ، لەم ساتەدا ، 
سەرقاڵ نیم بە بیرۆکەکانەوە ،
بە تیۆرەکانیشەوە .
بە یەک خەمەوە سەرقاڵم :
چۆن رێگایەکى نوێ بۆ بیرکردنەوە بدۆزمەوە ،
شێوازى نوێى دەربڕین دەسەبەر کەم .

21
ئەم ئێوارەیە ،
گوێم دەبەخشمە مۆسیقایەک کە لە وێرانەوە دەردەچێ .
تیایدا غەزە و بەغدادیش
دەبنە سەرەتا و ناوبڕەکان .

22
غەزە ، کاتى نییە نزا بۆ رۆڵەکانى بکا .
هەموو کاتى خۆى بۆ ئەوە تەرخانە :
نزا بۆ عەرەب بکا .

23
ئێستاش هەر پرد دروست دەکەین ،
لەسەر ئەو روبارانەى وشک بوون :
ئەمەیە ژیانمان .
ئەمەیە روناکبیریمان .

24
واقیع دەخوێنمەوە و بە نیگەرانییەوە دەپرسم :
ئەمە دەرختە لەبەردەم ماڵەکەماندا بەرز دەبێتەوە ؟
یان ئەمە ( با ) یە یارى بە لقەکانیەوە دەکا ؟
واقیع ؟ خەونێکە لە بەرگى کاردا .

25
گوتم : نەورەس ئەستێرەیەکى باڵدارە 
شەپۆل ناڕەزایى دەربڕى .

26
زەمینى وێران کرد ،
ماوە مرۆڤیش وێران بکا .
ئەمە ئەو شانۆگەریەیە کە مانگى دوو کەرتبوو 
لە ئاسمانى فەلەستیندا پێشکەشمان دەکا .

27
ئازار بیرۆکەى نییە ،
ئاگر و خەنجەرى هەیە .

28
ناوى بنێ تاڤگە ،
ئەم ئارەقەیەى  لە هەنیەتەوە دەڕژێ .
تا بزانیت چۆن ئاوى کێڵگەکانى تینوێتى دەدەیت :
لە هەناوتدا .

29
بۆن لە منداڵدانى دایکیدا دێتە دەرەوە / کە گوڵە :
لە سەفەرێکدا کە گەڕانەوەى نییە .
ئایا ئەمەیە هیجرەتى مانا ؟

30
گوڵێک وەسیتەنامەکەى  نوسییەوە :
ئایا لێکدانەوەکەى دەزانى ؟