شەوقی مانگ لەسەر گیا

ڕەخنەی چاودێر 12/05/2019

شەوقی مانگ لەسەر گیا

فێرناندۆ پێسۆوا: ئێڵبێڕتو کاییرو

و. لە ئینگلیزییەوە: ژوان جەلال


نەرم، نەرم، زۆر بە نەرمی،
بایەک دێت زۆر بە نەرمی و
دەڕوات، هەمیشە زۆر بە نەرمی و
نازانم من پێم چۆنە و
ناشمەوێت بزانم.
__________________________

شەوقی مانگ بریقەی دێت لەسەر گیا،
نازانم بیری چیم دەخاتەوە...
بیری قەیرەکچەکەی
چیرۆکی ئەفسانەیی بۆ دەگێڕامەوە.
بیری خاتوونەکەی لە بەرگی سواڵکەرێکدا
یارمەتیی منداڵانی ئەزیەتدراوی دەدا...

 کە من نەتوانم چیتر بڕوا بکەم ئەوانە ڕاستین
بۆچی شەوقی مانگ بریقەی دێت لەسەر گیا؟
_____________________________

مانگەشەو لەناو لقە بەرزەکاندا.
هەموو شاعیران دەڵێن زیاترە
لە مانگەشەو لەناو لقە بەرزەکاندا.
بەڵام بۆ من، کە نازانم چۆن بیر دەکەمەوە،
مانگەشەو لەناو لقە بەرزەکاندا
جگە لە
مانگەشەو لەناو لقە بەرزەکاندا،
هیچی تر نییە
مانگەشەو لەناو لقە بەرزەکاندا نەبێت.

شوانی سەرگردەکەی دوور دوور لە من لەگەڵ مەڕەکانتدا-
ئەو خۆشحاڵییەی پێتەوە دیارە- هیی خۆتە یان هیی من؟
ئەو ئارامییەی هەستی پێ دەکەم کە دەتبینم، هیی منە یان هیی تۆ؟
نا، نە هیی منە و نە هیی تۆ، شوانەکە.
ئەوە تەنیا هیی خۆشحاڵی و ئارامییە
هیی تۆ نییە چونکە تۆ نازانی کە هیی تۆیە
هیی من نییە چونکە من دەزانم کە هیی منە
هەر ئەوەیە و وەک هەتاو بەسەرماندا دەکەوێت
کە بەر پشتت دەکەوێت و گەرمت دەکاتەوە و تۆ بیر لە شتێکی تر دەکەیتەوە
کە بەر ڕووخساری منیش دەکەوێت و وڕم دەکا و من تەنیا بیر لە هەتاو دەکەمەوە.

_______________________________________________________

زۆر گرنگ نییە بەلامەوە.
چی زۆر گرنگ نییە بەلامەوە؟ نازانم: زۆر گرنگ نییە بەلامەوە.
_________________________

من کە دەڕوانم وەک گوڵەبەڕۆژە ڕوون دەبینم
من هەمیشە بە ڕێگاکاندا دەڕۆم
سەیری ڕاست و چەپ و
هەندێجاریش دواوە دەکەم...
هەرچیش لە هەر چرکەیەکدا دەبینم
شتێکە پێشتر هەرگیز نەمدیتوە،
باشیش دەزانم ئەمە چۆن بکەم...
دەزانم چۆن وەک پێویست سەرم بسووڕمێ
وەک منداڵێک ئەگەر بتوانێت بە ڕاستی
لە کاتی لە دایکبوونیدا، لەدایکبوونی خۆی ببینێ
من لە هەموو ساتێکدا هەست بە لەدایکبوونی خۆم دەکەم
لە تازەیی هەمیشەیی دنیادا

من بڕوام بە دنیا هەیە وەک چۆن بڕوام بە گوڵی هەمیشەبەهارە،
چونکە دەیبینم. بەڵام بیری لێ ناکەمەوە
چونکە بیرکردنەوە یانی تێنەگەیشتن...
دنیا بۆ ئەوە دروست نەبووە بیری لێ بکەینەوە
(کە بیرت کردەوە، چاوت تووشی نەخۆشی دەبێت)
بەڵکوو بۆ ئەوەی بیبینین و تەبا بین لەگەڵیدا

من فەلسەفەم نییە: هەستم هەیە...
کە باسی سرووشت دەکەم، لەبەر ئەوە نییە دەزانم چییە،
بەڵکوو لەبەر ئەوەیە عاشقیم
چونکە تۆ کە عاشقیت، هەرگیز نازانیت عاشقی چیت
یان بۆ عاشقیت، یان عەشق چییە...

عەشق بەرائەتێکی هەمیشەییە،
تەنیا بەرائەتیش ئەوەیە بیر نەکەیتەوە...


________________________________________

کاتێک کەسێک عاشقە جیاوازە لەگەڵ کاتێک کە عاشق نییە
هەر هەمان ئەو کەسەیە بەڵام بە تەنیا
__________________________

حەقیقەت، درۆ، دڵنیایی، گومان...
ئەو پیاوە کوێرەش لەوبەرەوە بە ڕێوەیە ئەم وشانە دەزانێت
من لەسەر پلیکانەی سەری سەرەوە دانیشتووم و دەستەکانم لێک ئاڵاندووە
لەسەر بڵندایی ئەژنۆ لەسەریەک دانراوەکانم
ئێ، باشە، حەقیقەت و درۆ و دڵنیایی و گومان چین؟
پیاوە کوێرەکە لەسەر ڕێیەکە دەوەستێت،
من دەستەکانم لەسەر بڵندایی ئەژنۆم لێک دەکەمەوە.
ئایا حەقیقەت و درۆ و دڵنیایی و گومان هەمان شتن؟
شتێک لە بەشێکی حەقیقەتدا گۆڕا- ئەژنۆکانم و دەستەکانم.
زانست چی لەم بارەیەوە دەزانێت؟
پیاوە کوێرەکە دەکەوێتەوە ڕێ و منیش هیچ جووڵەیەکی تر ناکەم.
تازە کات گۆڕا و کەسەکان و هیچ شتێک هەمان شت نییە.
ئەمە حەقیقەتە.
______________________

دەنگی پێکەنینی کچێک لەسەر ڕێگاکە لە هەوادا دێت.
بە شتێک پێدەکەنێت کەسێک من نایبینم هەر ئێستا گوتوویەتی.
لە ئێستادا ئەوەم لە بیرە گوێم لێی بوو.
بەڵام ئەگەر ئێستا باسی پێکەنینی کچێکم لەسەر ڕێیەکە بۆ بکەن،
دەڵێم: نا، گردەکان، تۆزی ناو خۆرەکە، خۆرەکە، ئەم ماڵە لێرەدا،
منیش کە تەنیا گوێم لە خوێنی بێدەنگی ژیانی خۆمە لە هەردوو لاتەنیشتی سەرمەوە.
____________________

ئەگەر ویستیان دوای مردنم ژیاننامەکەم بنووسن.
هیچ لەوە سادەتر نابێت.
تەنیا دوو ڕێکەوت هەیە – لەدایکبوون و مردنم.
لە نێوان ئەو دووانەدا هەموو ڕۆژەکان هیی خۆمن.
من ئاسان پێناسە دەکرێم.
وەک شێت دەمڕوانی.
عاشقی هەموو شتێک بووم بێ هیچ هەستێکی سۆزداری.
هەرگیز شتێکم نەویستووە نەمتوانیبێت بە دەستی بهێنم چونکە قەت کوێراییم دانەهاتووە.
تەنانەت بیستن هەرگیز هیچ نەبووە جگە لە هاودەمی بینین.
تێگەیشتم کە شتەکان حەقیقین و هەموویان جیاوازن لە یەکتر.
ئەمە بە چاو تێگەیشتم، قەت بە عەقڵ نا.
ئەگەر بە عەقڵیش تێگەیشتبام هەموو شتێکم هەر هەمان جۆر دەبینی.

ڕۆژێک وەک هەر منداڵێک خەو گرتمی.
چاوم داخست و نووستم.
بێجگە لەوانەش، من تاقە شاعیری سرووشت بووم.