بەندیخانەكانی عیراق دەبنە لانكەی تێرۆریستان

ڕاپۆرت 11/05/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی 
پاش رەزامەندی عیراق بۆ پێشوازی كردن و دادگایی كردنی چەكدارانی داعش ،ژمارەیەك لە شرۆڤەكارانی سیاسی ترسی ئەوەیان هەیە بەندیخانەكانی عیراق ببنە شۆینی حەوانەوەی تێرۆریستان و قوتابخانەیەك بۆ پێكهێنانی رێكخراوی دیكەی توندرەوی و بوژانەوەی رێكخراوە كۆنەكان.
زۆرجار بەندیخانەكان بونەتە ژینگەیەك بۆ فیكری جیهادی و ئەبوبەكری بەغدادی لە بەندیخانەی بوكاوە دەركەوت كە ئەمریكیەكان لە ساڵی 2003 دایان مەزراند ولە ساڵی 2009 داخرا. 
فازڵ ئەبو رەغیف شرۆڤەكاری كاروباری ستراتیژی دەڵێت زۆربەی ئەو كەسانەی لە پرۆسە سەربازیەكاندا دەستگیركراون موفتی و شەرعین و توانای شۆردنەوەی مێشك و قایلكردنی بەرامبەریان هەیە.
هێزەكانی عیراق لە ساڵی 2017 توانی هەزاران ئەندامی رێكخراوی داعش دەستگیربكات ، هەروەك هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەو چەكدارانەی ڕادەستی حكومەتی عیراق كرد كە لە شەڕەكانی سوریا دەستگیری كردن.
پاش كۆتایی هاتنی داعش عیراق رەزامەندی دەربری بۆ نەگەراندنەوەی چەكدارە بیانیەكان بۆ وڵاتانی خۆیان،بەرپرسانی عیراق بڵاویانكردوەتەوە بەغدا داوای نزیكەی دووملیار دۆلاری لە وڵاتانی ئەو چەكدارانە كردوە بۆخەرج ودادگاییكردنیان
بەلقیس ویلی تۆێژەر لە رێكخراوی هیومەن رایتس وۆچ رایگەیاند: بەندیخانەكانی عیراق لەوە بچوكترن شۆێنی ئەوهەزاران چەكدارە بكاتەوە و بەڵگەمان لەلایە كە بەهۆی قەرەباڵەغی بەندیخانەكانەوە زیندانی كراو گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوە ئەمنی وقەزائیەكان باس لەوەدەكەن تەنها ژمارەی زیندانیكراوەكانی سەر بە وەزارەتی داد یەك جارو نیو لە توانای بەندیخانەكان زیاترن ولەكاتێكدا پێویستە ژوورێكی 20مەتری تەنها 20 زیندانی تێدا دابنرێت بەلام لە ئێستادا نزیكەی 50كەسی تێدایە.
هیشام هاشمی پسپۆری ئەمنی رایگەیاند: بەهۆی قەرەباڵەغی بەندیخانەكانەوە ناتوانین بەندیەكان بەگۆێرەی تاوانەكانیان جیابكەێنەوە ئەوەش مەترسی بڵاوكردنەوەی هزری توندرەوی هەیە،چونكە بەندیخانەكان دەبنە ئەكادیمیایەك كاتێك كەسێكی توندرەوی تێدا بێت دەتوانێت وەكو ڤایرۆس بیری توندرەوی بڵاوبكاتەوە و دەتوانن دەستگیركراوەكان فریوو بدەن.
ئەبو رەغیف تەئكیدی كردوەتە لەسەر پێویستی جیاكردنەوەی كەسە مەترسیدارەكان و دانانیان لە ژووری تاكە كەسی بە پێچەوانەوە ئەكادیمیای نوێی بووكا درووست دەبێت.
بەندیخانەی بووكا كە زیاتر لە 20 هەزار كەسی تێدا زیندانی كرابوو بە زانكۆی " جیهادی" ناوبانگی پەیدا كردبوو چونكە كەسانی توندرەوی زۆری تێدا بەندكرابوو.
هاشمی ئاشكرای كردوە " بەندیخانە لاپەرەیەكە لەلاپەرەكانی قۆناغی جیهادی هۆشداری ئەوەشی داوە قۆناغی جیاكردنەوەی هزری دەستگیركراوەكان ببێتە قۆناغی ئیدارەدانی تۆڕەكان لە نێو بەندیخانەكانەوە وەكو چاودێری كردنی خێزانی زیندانیكراوەكان ونامەناردن لەرێگەی خێزان وخوشك ودایكی زیندانیكراوەكان بۆ كوشتنی ئەو كەسانەی كە كەسە دەستگیركراوەكە بە هۆكاری دەستگیركردنەكەی تاوانباری بكات.  
بەگۆێرەی سەرچاوەكانی خۆرئاوا مەترسی گەورە لە ئارادایە كە هەوڵی شكاندنی بەندیخانەكان بدرێت بۆ رێگە خۆشكردن بۆ ڕاكردنی بەكۆمەڵی زیندانیكراوەكان كە پێشتر لە عیراق روویداوە.
سەرچاوە/ سۆمەریە نیوز