جیاوازیی لە نێوان شیعر و پەخشان

ڕەخنەی چاودێر 11/05/2019

ئەحمەدی مەلا

 

وەڵامێک بۆ ئیسماعیل گەردی:

 


ماددەی یەکەمی شیعر و پەخشان زمانە، لە دەرەوەی زمان، شتێک نامێنێ بە ناوی ئەم دوانە. جان کۆهن لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی نایابی نووسییوە لە ژێر ناونیشانی "بنەمای زمانی شیعریی" بە شێوەیەکی ورد، بە داتاو و ماددەی لێکۆڵینەوەیەک کە کۆکراوەی دوو سەدە زیاتر لە خۆ دەگرێ و چەمکێکی نوێ لەم بوارە دادەهێنێ و ناوی لێدەنێ "لادان". کەواتە، سنووری نێوان شیعر و پەخشان یەکجارەکیی نییە و دەشێ لەسەر سنووریان لێکتێئاڵقاندن دروست بێ. ئێمە چەمکی "پەخشان" لە عەرەبییەوە وەدەگرین کە"نثر"ە، بەڵام رەنگە زۆر ورد نەبێ ئەم هەڵبژاردنەوە، چونکە پەخشان بەوە دەچوێندرێت کە وشەکان بە بێ نەسق هەڵرێژرابن بە پێچەوانەوە "هۆنراوە" لە ژێر باری نەسقێکی هاوسەنگئامێزدا بێ، کێش و سەروا شیکێلێکی دەرەکی پێ بەخشییوە کە دەمێک شیعر لە نێو ئەو چوارچێوەیەدا دەناسرایەوە. ئەو پانتاییەی کە پەخشانی لەسەر دابەش دەبێ زۆر فراوانە، لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستییەوە بۆی وەرە خوارەوە تاکو نامەیەک و کورتە نووسراوێک، هەڵبەتە رۆمان و شانۆ و گوتار و هتد دەدرێنە پاڵ پەخشان هەرچەندە، ئەم سنووردانانە هەندێجار تەعەسووفییە و بە تەواویی نیشانەکان ناپێکێ.
چونکە پرسیاری گیرترمان لێ قوتدەبنەوە. ئایا هەموو دەقێک بە کێش و سەروا نووسرابێتنەوە شیعرن؟ خێرا دەبێ بە نەخێر وەڵام بدەینەوە، چونکە هەزاران بەیتی هۆنراوەمان هەیە ئامانجی دیداکتیکی - تەعلیمی-یان هەیە نەک شیعریی. ئەلفییەی ئیبن مالیک کە بە هەزار بەیت رێزمانی عەرەبی لێکدەداتەوە نموونەیەکە، تا دەگاتە دەقێکی ڤۆلتێر کە تیۆریی نیوتن بە "شیعر" دەهۆنێتەوە..نموونە زۆرن..زۆرێک لە نامە هۆنراوەکانی کوردیی ی فارسیی...
کەواتە دەبێ پێوەری دیکە دابهێنێن بۆ ئەوەی ئەم دوو ژەنرە لە یەکتر جودا بکەینەوە. سەرهەڵدانی پەخشانە شیعر ( سەیری تێزەکەی سوزان بێرنار بکە) کە نەک تەنها باسی سەرهەڵدانی شیعری پەخشان دەکا، بەڵکو پێناسەی نوێشمان دەداتێ. سەیری حەیرانی کوردی بکە کە لە نەزمێکی دیکەدا خۆی دەدۆزێتەوە...ستوونی نییە، بەڵام شیعرییەتی زۆرترە وەک لە دەقێکی زێوەر کە بە کێش و سەروا نووسراوەتەوە.
بۆیە دەبێ سەیری ناوەوەی دەق بکەین ئینجا بیدەینە پاڵ فڵانە ژەنر یا فیسارە ژەنر. ئەگەر ریتم و وێنەی شیعریی و زمانی مێتافۆر و مۆسیقا و رەنگ و دەنگی وشەکان، هەڵبژاردنی دانسقەی موفرەدە، بڵاوکردنەوەی دەق بەسەر پانتایی کاغەز،بێجگە لە گەمە ناوەکییەکان، هێزی ئاماژە و ئیحا، هێزی سەرسامکردن و حەپەسان وەکو رەگەزگەلی بنەڕەتی سەیر بکرێن، رەنگە زۆرێک لەم رەگەزانە لە نێو دەقی رۆمانیشدا بوونیان هەبێ. بۆیە جیاکردنەوەی ژەنرەکان خۆی لە خۆیدا کارێکی زۆر ئاسان نییە. لە لایەکی دیکەشەوە، سەرهەڵدان و پەیدابوونی چەمکی شیعرییەت رەهەندێکی دیکەیە کە دەیەوێ وەکو کلیلێک لە خزمەتماندا بێ بۆ کردنەوەی لوغز و هێما و تەلیسمی دەق...