گۆڕانكارییەكانی جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیا

وەرزش 02/05/2019

چاودێر: یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا رەزامەندیی نیشاندا لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانكاریی گەورە لە هەردوو پاڵەوانێتیی جامی شا و جامی سوپەری وڵاتەكەدا.
بەپێی گۆڕانكارییەكان لەوەرزی داهاتووەوە، سیستمی چوون و هاتن لە جامی شای ئیسپانیادا تەنها لە قۆناغی پێش كۆتاییدا دەمێنێت و لە قۆناغەكانی پێشتردا تەنها یەك یاری دەبێت.
هەرچی جامی سوپەری ئیسپانیایە دەبێتە پاڵەوانێتییەكی چوار تیپی، بەپێچەوانەی پێشتر كە یەك یاریی بوو لە نێوان پاڵەوانی خول و پاڵەوانی جامی شا.
لەمەودوا چوار یانە بەشداریی لە جامی سوپەردا دەكەن، ئەوانیش بریتی دەبن لە: ئەو دوو یانەیەی لەیاریی كۆتایی جامی شادا روبەڕوی یەكتر دەبنەوە، هەروەها یەكەم و دووەمی ریزبەندیی لالیگا (ئەگەرهاتوو یانەیەك دووبارە بۆوە، ئەوا سێیەمی ریزبەندیی دەچێتە جێگەكەی).
واتە بۆ ئەمساڵ بەرشەلۆنە، ڤالنسیا، ئەتلەتیكۆ مەدرید و ریاڵ مەدرید بەشداریی لە جامی سوپەردا دەكەن.
وەكچۆن كاتی ئەنجامدانی یارییەكانی جامی سوپەریش دەگۆڕدرێن و لەبری ئەوەی بەر لەدەستپێكردنی وەرز ئەنجامبدرێن، یارییەكان دەچنە مانگی 1ەوە.
هەر بەپێی ئەو گۆڕانكارییانە، ئەو چوار یانەیە دەبەخشرێن لەبەشداریكردن لە قۆناغە سەرەتاییەكانی جامی شای ئیسپانیادا، واتە راستەوخۆ سەردەكەون بۆ قۆناغی چوارەم.