بەغدادی دوای پێنج ساڵ جارێكی دیكە جیهان بەخۆیەوە سەرقاڵدەكات

ڕاپۆرت 30/04/2019

 چاودێر:
ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی ڕێكخراوی توندڕۆی داعش شەوی ڕابردوو 29ی نیسانی 2019 تۆمارێكی ڤیدیۆیی لە ڕێگەی دەزگای مێدیایی ڕێكخراوەكەی (الفرقان) لە پێگەی خۆی لە تۆڕی تێلەگرام بڵاوكردەوە.

دەركەوتنی بەغدادی لە دوای پێنج ساڵە، ئەو كاتەی لە كۆتاییەكانی مانگی حوزەیرانی 2014 لە مزگەوتی نووری شاری مووسڵ دوای كۆنترۆڵكردنی شارەكە، خەلافەتی لەوێ ڕاگەیاند.

ئەبوبەكر بەغدادی كە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بەتایبەت لە كاتی چڕبوونەوەی شەڕەكانی دژی داعش لە عێراق و سووریا چەند جارێك هەواڵی كوژرانی یان برینداربوونی بڵاوبووەوە، لە تۆمارە نوێیەكەیدا هەواڵی كوژرانی ڕەتكردەوە و جەختی لەباشی تەندروستی خۆی كردەوە.

ناوبراو داوای لە چەكدارەكانی سەر بە ڕێكخراوەكەی كرد درێژە بەشەڕ بدەن لەگەڵ نەیارەكانیان كە بە خاچپەرستەكان ناوی بردن و باسی لە كوژرانی ژمارەیەك سەركردەش كرد لە باغۆزی سووریا و جەختیشی لە گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتی هێرشەكانی سریلانكا كردەوە كە سەدان كەسی تێدا كوژران و بریندار بوون.

بەغدادی لە ژوورێكدا لەگەڵ چەند كەسێك دەردەكەوێت كە دەموچاویان داپۆشراوە، دیوارەكانیش بە پەردە داپۆشراون، لەسەر دۆشەك دانیشتوون و پشتییان لەتەنیشتەوەیە، چەند دۆسێیەكیان لەبەردەستدایە، كە ئاماژەن بۆ ویلایەتەكانی داعش كە توركیا و یەمەن و قەفقاسیان تێدایە.

هەروەها بەغدادی مێزەرێكی ڕەشی لەسەریدایە و ڕیشێكی سوور و سپی و ڕەشی هەیە، چەكێكی جۆری كڵاشینكۆفیشی لەتەنیشتەوە هەڵنراوە بە دیوارەكەوە هاوشێوەی ئوسامە بن لادن ڕێبەری پێشووی قاعیدە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی كەناڵی سكاینیوز بەغدادی ئیدی چووە نێو قۆناغی بنلادنەوە كە لە شێوەی ئەودا دانیشتووە و تۆماری ڤیدیۆیی یان دەنگی لەشوێنی نادیارەوە بڵاودەكاتەوە.

عەبدولوەهاب بەدرخان شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت "بەغدادی چەند هەلێكی قۆستووەتەوە لەوانە هێرشەكانی سریلاكاندا كە بەهۆیەوە جەختی لە مانی خۆی كردەوە و هەواڵی نەمانی ڕەتكردەوە".

شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی بووەتە بابەتی گرینگیپێدان كە ئەمریكا 25 ملیۆن دۆلاری وەك دیاری داناوە بۆ ئەو كەسەی زانیاری لەسەری ئاشكرا دەكات، بەڵام تاكو ئێستا هیچ سەرچاوەیەك زانیاریێكی متمانەپێكراوی لەسەر شوێنی بەغدادی ئاشكرانەكردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژنامەی تێلەگرافی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەدا كە بەغدادی لە بیابانێكی عیراقە لە نزیك سووریا و بەپێی هەندێك سەرچاوەی دیكەش ئەگەری بەهێز هەیە بەغدادی لە سنووری پارێزگای نەینەوا یان سنووری ناوچەی شەدادی سووریا خۆی حەشاردابێت.
ڕۆژنامەكە، باسی لەوەشكردووە، دەزگا هەواڵگرییە ڕۆژئاواییەكان دەستیان بەلێكۆڵینەوەكردووە بۆ دۆزینەوەی شوێنەكەی بەغدادی.

بەڕای شرۆڤەكارانی كاروباری سیاسی، دەركەوتنی ئەمجارەی بەغدادی هەوڵێكە بۆ دەرچوون لەو شكستەی تێیكەوتووە بۆ دووبارە پێكهێنانی وێنەیەكی نوێی بەڕووی ڕێكخراوەكەیدا.
 
 لەكاردنەوە نێونەتەوەییەكانیش لەبارەی دەركەوتنەوە بەغدادی، گوتەبێژێك بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە بە كەناڵی سكاینیوزی گوتووە "هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە فەرماندەیی ئامریكا بەردەوامە لە فشارەكانی لە سووریا و عێراق و دنیا بۆ گرەنتیكردن و شكستپیهێنانی یەكجارەكی داعش".
ناوبراو گوتیشی "دەركەوتنەوەی بەغدادی بە واتای كۆتایی نەهاتنی شەڕی داعشە".

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش پێنتاگۆن ڕایگەیاند، زانیارییان هەیە كە خەلیفەی داعش تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردووەتەوە، بەڵام شەڕی داعش بەردەوامە.