هودا بەرەکات خەڵاتی بووکەری عەرەبیی پێ بەخشرا

ڕەخنەی چاودێر 25/04/2019

ڕەخنەی چاودێر

 

هودا بەرەکات نووسەری لوبنانی بۆ ڕۆمانی "پۆستی شەو" خەڵاتی ئەدەبیی بووکەری عەرەبیی بۆ ساڵی ٢٠١٩ پێ بەخشرا.

 

هودا دووەمین ژنە لە مێژووی خەڵاتەکەدا کە بووکەری عەرەبی دەباتەوە.


ڕۆژنامەی ئەلنەهار بڵاوی کردەوە: کۆمیتەی داوەرانی خەڵاتی بووکەری عەرەبی، لە مەراسیمی دەستپێکی پێشانگەی کتێبی ئەبووزەبی لە هۆتێل فێرمۆنتی بابولبەحری شاری ئەبووزەبی، براوەی کۆتاییی خەڵاتەکەیان ئاشکرا کرد، کە پێشتر یەکێک بوو لە شەش ناودێرکراوەکەی خەڵاتەکە.


سەرۆکی کۆمیتەی داوەران ڕایگەیاند: "ڕۆمانی پۆستی شەو، ڕیوایەتێکی مرۆیی و زیرەکانەیە دەربارەی ئەوانەی لە نیشتیمانی خۆیان هەڵبڕاون و بێلانە لە بایە هەراسانکەرەکان و بەلەمەکانی مەرگدا لەسەر زەوی ئاوارە بوونە و بۆ هەمیشە سەرگەردانن. لەم ڕۆمانەدا هاوسەنگییەکی واتادار لە نێوان جددییەتی تەکنیک، جوانیی ستایل و بابەتەکەیدا هەیە".

هودا بەرەکات لە ساڵی ١٩٥٢ـدا لە بەیرووت لە دایک بووە. هاوکات ڕۆژنامەنووسیشە و لە پاریس دەژی. ٦ ڕۆمانی بڵاو کردووەتەوە. "مەلەکووتی ئەم زەمانە" لە ٢٠١٥ـدا بووە وەک ناودێرکراوی مان بووکەری نێودەوڵەتی هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا بۆ ڕۆمانی "پاسەوانی ئاو" خەڵاتی نەجیب مەحفووزی بردووەتەوە.

لە براوەکانی پێشووی خەڵاتەکە دەتوانین ئاماژە بە "فڕانکشتاین لە بەغداد"ی ئەحمەد سەعداوی بکەین.

 

براوەی خەڵاتەکە بڕی ٥٠ هەزار دۆلاری پێ دەبەخشرێت.