زانیاری نەبیستراو لەسەر دوو برا ملیۆنێرە خۆ كوژەكەی سریلانكا بڵاو كرایەوە

جیهان 25/04/2019



بابان – ئاژانسەكان:


پاش زنجیرە تەقینەوەكانی رۆژی یەك شەممەی هەفتەی رابردوو كە زیاتر لە 360 كەس بەهۆیەوە كوژرا، ئەمەڕۆ پێنج شەممە تەقینەوەیەكی نوێ‌ لە سریلانكا روویداو و پۆلیسی ئەو وڵاتەش ئاشكرایكرد، تەقینەوەكە بۆمبێكی بچوك بووەو لەناو كۆنتێنەرێكی خۆڵدا تەقیوەتەوە، بەڵام كەس نەبوەتە قوربانی.
لەلایەكی ترەوە سەرچاوەكانی هەواڵی ئەو وڵاتە بڵاویانكردوەتەوە، دوای ئەوەی گومانی بوونی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو هەبوە لە فڕۆكەخانەی سەرەكی كۆڵۆمبۆ، رێگای سەرەكی فڕۆكەخانەكە داخراوە، هەروەها دەسەڵاتداران داوایان لەفەرمانبەرانی بانكی ناوەندی وڵاتەكە كردووە لەناو بارەگاكەدا بمێننەوەو نەیەنە دەرەوە چونكە ئەگەری تەقینەوە لەنزیك بانكەكەدا هەیە.
لەلایەكی دیكەوە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی زانیاری وورد لەسەر ئەو دوو برا خۆكوژەی تەقینەوەكانی رۆژی یەك شەممەی رابردوویان ئەنجامدا، بڵاوكردەوە و تێیدا  هاتووە كە ناویان (ئینصاف و ئیلهام) بوو، زۆر دەوڵەمەند بون و كوڕی پیاوێكی ملیۆنێر بون و ژیانێكی خۆش دەژیان، محەمەد یوسف ئیبراهیمی باوكیان بازرگانێكی بەهاراتە و پیاوێكی دیاری كۆمەڵگەی سریلانكایە، ئەو دوو برایە لەخانویەكی گەورەی باوكیاندا دەژیان و هەر لەوێشدا ئامادەكارییان بۆ كارەكانیان كردوە.