هەڵوێستی دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر ڤیدیۆی دروستكراوی ڕووتی ژنە پەڕلەمانتارەكانی نەوەی نوێ

کوردستان 24/04/2019

چاودێر:
گوتەبێژی دەستەی مافەكانی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لەسەر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی ڕووتی دروستكراوی پەرلەمانتارەكانی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، پێویستە هەرچی زووە پەرلەمانی كوردستان خۆی بێتە سەر خەت و هەڵویستی جددی هەبێت لەمەڕ ئەو پرسەو هەڕەشانە بۆ سەر ئەندامەكانی.
محەمەد گۆمەشینی لە ڕاگەیەندراوێكدا گوتی "دەزگاكانی ئەمنی ڕێكاری پێویست بگرنە بەر بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئەو كەسانەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەڕەشە لەخەڵك دەكەن و ژیانی خەڵك دەخەنە مەترسی و تەداخلی ژیانی تایبەتی خەڵك دەكەن .بەتایبەت ئافرەتان".
ناوبراو دەشڵێت "داواكاری گشتی و دادگاكان رێكاری یاسایی پێویست بگرنە بەر بۆ ئەو كەسانەی تۆرە كۆمەڵایەتیەكان بەكاردەهێنن و پێشێلی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن دەكەن.و چاوەرێی ئەو سكاڵایەش دەكەین كە پەرلەمانتارەكە تۆماری دەكات لە دادگا".
هەروەها گۆمەشینی گوتی "ئەنجومەنی باڵای خانمان و رێكخراوەكانی ژنان هەڵویستی توندو گەورە ڕابگەینن بۆ دژایەتی كردنی ئەو هەڵمەتانەی لە پرسە جیاوازەكان و لەكاتی هەڵبژاردنەكان بەرامبەر ژنان دەكرێ لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و تەشهیركردن".
گوتیشی "بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان هیچ چاودێریەك نیە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و هیچ رێكارو یاسایەك ناتوانێ رێگربێت لە خراپ بەكارهینانیان. كلتورێكی ناشیرن و نامۆیە كە بەرامبەر ڕای جیاوازو بەرامبەرەكان پەنا بۆ تۆڕی كۆمەڵایەتی دەبرێت و بەكاردەهێنرێت بۆ تەشهیرو ناوهێنان و لەكەدار كردن كە ئەگەر رێگری لی نەكرێ مەترسی بۆ سەر ئاسایشی تاك و كۆمەڵ دروست دەكات".