حكومەتی عیراق بۆ بڕینی بودجەی هەرێم تا ڕادەستكردنی نەوت نوسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كرد

کوردستان 24/04/2019

چاودێر:

  ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوێك ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەكات بۆ ڕاگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان تاكو ڕادەستكردنی نەوت بە بەغدا.
بەپێی زانیارییەكان شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ڕادەگیردرێن تاكو هەرێم نەوتەكەی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكات.
ئەمە لەكاتێكدایە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان ناوبراو لەگەڵ گەورە كاربەدەستانی هەرێمدا كۆبووەتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانە، حەلبووسی هۆشداری داوەتە هەرێم لە ڕادەستنەكردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا و پەیامێكی بەغدای لەوبارەیەوە پێداون، هەروەها داوای ڕوونكردنەوەشی كردووە لە بارەی موچەی ئەو چوار مانگەی بەغدا دەڵێت ناردویەتی بۆ هەرێم و دابەشنەكراوە. 
پێشتر عەبدولهادی موحان ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەڕلەمانی عێراق بە ئاژانسەكانی عێراقی گوتبوو، لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە نوسراوێك كراوە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ بڕینی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، تاكو ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ.
بەپێی نوسراوەكە، شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بری 250 هەزار بەرمیل نەوت دەبڕدرێت، كە پێویستە ڕادەستی بەغدای بكات.