ھەفتەی داهاتوو پڕۆتۆكۆڵی پێكهێنانی حكومەت واژۆ دەكرێت

کوردستان 24/04/2019

چاودێر:

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، حزبەكەی لە رێگەی مەكتەبی سیاسییەوە ئەو پۆستانە یەكلایی دەكاتەوە، كە بەر حزبەكەی دەكەوێت و ھەر كاندیدیك دەنگی زیاتری ھێنا ئەو دەبێت بەكاندیدی یەكێتی.

سەعدی ئەحمەد پیرە، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا وتی: "لە پێنجی شوبات پڕنسیپەكانمان لەگەڵ پارتی واژۆكرد، لە چواری ئادار رێككەوتننامەی سیاسییمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان واژۆ كرد و پۆستەكان دابەشكراون، ھەفتەی داھاتووش پڕۆتۆكۆڵی پێكھێنانی حكومەت لە لایەن ئەو لایەنانەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێم پێكدەھێنن واژۆ دەكرێت، بەڵام جارێك دیار نییە چی رۆژێك دەبێت و چۆن دەبێت".

لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە وتی: "لەسەر ھەموو شتێك رێككەوتووین، بەپێی رەشنووسی یاساكە سەرۆكی ھەرێم دوو جێگری دەبێت و ئەو دوو جێگرە دوای ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم بە ١٥ رۆژ وەزیفەیان لە لایەن سەرۆكی ھەرێمەوە دیاری دەكرێت، زۆر جار گوێمان لێ دەبێت جێگری یەكەم و دووەم، ئەمە لەنێو یاساكەدا نییە، بیدعەیە ئەمە، یان بیدعەی ھەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن یان ھەندێك ئەحزابە، خۆ ئەگەر واش بێت یەكێتی جێگری دووەم نییە".

لەبارەی ئەوەی یەكێتی چۆن كادیرەكانی بۆ ئەو پۆستانەی كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێم دەستنیشان دەكات، سەعدی ئەحمەد پیرە لەو لێدوانە رۆژنامەوانییەدا رایگەیاند "ئێمە رێكدەكەوین كە بۆ كام پۆست چی كەسێكمان دەوێت، ئێمە نامانەوێت پۆست و ئیش بۆ خەڵك بدۆزینەوە، بەڵكو دەمانەوێت خەڵك بۆ پۆست و ئیش بدۆزینەوە، پاش ئەوەی جێگیر بووە ئێستا، چونكە ژمارەیەك خەڵك داویان كردووە یان ئێمە پێمان گوتوون لیستێك ھەیە و دوای ئەوەی شۆرت لیست دەكرێت و پاش ئەوە ئەگەر رێككەوتیین لەسەر ئەوەی كێ و كێ دابنین ئەوا باشە ئەگەر نا لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەنگییان بۆ دەدرێت و كێ سەركەوتوو بوو بۆ ھەر پۆستێك ئەوە دیاری دەكەین و كاندیدی یەكێتی دەبێت".