مەڵاشوو چیە؟ ئایا مەڵاشوو كەوتن هەیە؟

تەندروستی 24/04/2019

 

چاودێر: تابان رەزا
‎‎ لە كاتی لە دایك بوونی منداڵدا كۆمەڵێك كون لە ئێسقانی سەردا هەیە كەدیارترین و گەورەترینیان ئەوەیە كە لە بەشی پێشەوەی سەردا هەیە و پێی دەڵێن مەڵاشوو،یەكێك لەسودەكانی مەڵاشوو یارمەتیدەرە بۆ گەورەبوون و گەشەی مێشك. 

مەڵاشوو چیە؟
 د. پشدەر عبداللە اسماعیل،پزیشكی پسپۆری نەخۆشیەكانی منداڵان، ئاماژەبەوەدەكات، مەڵاشوو قەبارەیەكی دیاری كراوی هەیەو لەماوەیەكی دیاری كراودا دادەخرێت لە (۹ -۱۸) مانگ، پێویستە مەڵاشوو تەخت بێت و نیمچە نەرم بێت، هەندێ جار لێدانی هەیە وەك لێدانی خۆین بەر.
‎سودەكانی مەڵاشو چین؟
1-لە كاتی لەدایك بوونی منداڵدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێپەربوونی كۆرپەلە بەناو لەشی ئافرەتدا، چونكە ئێسقانەكانی سەر دەچنە سەریەك بەهۆی بوونی ئەو كونانە لەسەردا هەیە.
‎۲-یارمەتیدەر دەبن بۆ گەورەبوون و گەشەی مێشك، واتە ئەگەر ئەم كونە زوو دابخرێت و ئێسقانەكان یەك بگرن، مێشك ناتوانێت لەوە زیاتر گەورە بێت و گەشە بكات.
‎۳-لەڕێگەی ئەم كونەوە زانیاری لەسەر مێشك لەڕێگەی سۆنەرو ئامێری تری دیاریكردنی نەخۆشی بە ئاسانی وەردەگیرێت.

‎٤-پزیشك لەڕێگەی دەست لێدانی دەتوانێت زانیاری دەست بكەوێت لەسەر پەستانی ناو مێشك، بۆ نمونە ئەگەر چاڵ بوو بێت واتا نەخۆشەكە لەوانەیە ووشك بووبێتەوە، یان ئەگەر دەرچووبێت لەوانەیە پەستانی ناو مێشك زیادی كرد بێت .
‎٥-ئاگاداربن لەكاتی گریان و پاڵ كەوتن و ڕشانەوە مەڵاشو بۆ دەرەوە دەردەچێت.

ئایا مەڵاشوو دەكەوێت؟
ئەو پسپۆڕە باس لەوە دەكات. هەندێ كەس لە كاتێكدا كە مەڵاشو دەچێت بەناوەوە و چاڵ دەبێت لەكاتی ووشك بوونەوەدا پەستان دەخەنە سەر بەشی سەرەوەی ناو دەم ،وا دەزانن مەڵاشووی منداڵەكەیان كەوتووەو بەوە دەیهێننەوە،بەڵام نازانن كە ئێسقانێكی زۆر پتەو لەنێوان دەم و مێشكدا هەیە كە بەهیچ شێوەیەك ئەو پەستانە كاریگەری نیە ، بەڵكوو تەنها ئازاری منداڵەكە دەدات، بە هیچ شێوەیەك مەڵاشوو ناكەوێت.