سیدۆرف ئامۆژگاریی زیدان دەكات

وەرزش 24/04/2019

"ئەگەر بە قسەم بكات، ریاڵ مەدرید دەگاتەوە ئاستی راستەقینەی خۆی"
چاودێر: كلارنس سیدۆرف ئەستێرەی پێشووی هۆڵەندا و راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی كامیرۆن ئامۆژگاریی زینەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید و پێیوایە ئەگەر بەگوێی بكات ئەوا دەتوانێت یانەی شاهانە بگەیەنێتەوە ئاستی جارانی.
سیدۆرف لە لێدوانێكی رۆژنامەنوسیدا بۆ رۆژنامەی دەیلی مەیلی بریتانی دەڵێت "مەرج نییە هەموو كات ئامانجەكان بریتی بن لە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنس لیگ یاخود لالیگا، بەڵكو ئەوان دەبێت لەمەودوا ئامانجیان چۆنێتیی بردنەوە و چۆنێتیی یاریكردن بێت، پێویستە بەتەواوی ئامانجی خۆیان بگۆڕن و كار لەسەر ئەوە بكەن كە چۆن یاری بكەن بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بەتەواوی ئامادەبن".
ئەو ئەستێرە هۆڵەندییە، كە پێشتر بۆ ریاڵ مەدریدیش یاریی كردووە، دەڵێت "بەوپێیەی زیدان لەسەردەمی یاریكردنیدا ئەزمونێكی دەوڵەمەندی كۆكردۆتەوە، بۆیە زۆر بەباشی لە یاریزانەكانی تێدەگات".
سیدۆرف چەند ئامۆژگارییەكی دیكەی زیدان دەكات "دانانی بەرنامەیەكی گونجاو بۆ راهێنانەكان، هەروەها دۆزینەوەی رێگەیەكی گونجاو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ چواردەوردا".