بێ و بڕۆ/ دەقی شانۆییی بیکێت

ڕەخنەی چاودێر 22/04/2019

بۆ جۆن کاڵدەر
ساموێل بیکێت
وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە

(دەقی شانۆییی بێ و بڕۆی ساموێل بیکێت- وەرگری خەڵاتی نوبێلی ئەدەبیات بۆ نووسینە جیاوازەکانی، کە بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی دەینووسی، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٥ـدا نووسراوە. لە ساڵی ١٩٦٦ـدا کراوە بە فەڕەنسی و بڵاو بووەتەوە. هەر لە ساڵی ١٩٦٦ـدا بۆ جاری یەکەم لە بەرلین نمایش کراوە. پاشان لە ساڵی ١٩٦٨ـدا لە دبلن و دواتر لە لەندەنیش نمایش کرا. جووڵەی دەستەکانی فلۆ، ڤای و ڕو- سێ کەسایەتییەکەی بیکێت، لەم شانۆیەدا بەناوبانگە.)


کەسایەتییەکان:

فلۆ
ڤای
ڕو

(تەمەنیان گریمانە ناکرێت)

لە ناوەڕاستی شانۆکەدا بە تەنیشت یەکەوە دانیشتوون. لە ڕاستەوە بۆ چەپی شانۆ: فلۆ، ڤای و ڕو. زۆر ڕێکوقیتن. ڕوویان لە پێشەوە، دەستەکانیان تێکئاڵاو لەسەر داوێنیان.
بێدەنگی.

ڤای: ئەم سێ کەسە، دوادیدارمان کەی بوو؟
ڕو: وەرن با قسە نەکەین.
(بێدەنگی.
ڤای لای ڕاستەوە لە شانۆ دەردەچێت.
بێدەنگی.)

فلۆ: ڕو.
ڕو: بەڵێ.
فلۆ: بۆچوونت لەسەر ڤای چۆنە؟
ڕو: شتێکی وا نەگۆڕاوە. (فلۆ دەجووڵێت و لە ناوەڕاست دادەنیشێت. بە گوێی ڕودا دەچرپێنێت. بە بێزارییەوە.) ئۆهـ! (تەماشای یەکتر دەکەن. فلۆ پەنجە دەخاتە سەر لێوی.) خۆی نەیزانیوە؟
فلۆ: خوا نەکات.


(ڤای دێتە ژوورەوە. فلۆ و ڕو دیسان ڕوو دەکەنەوە پێشەوە. دەچنەوە سەر حاڵەتەکەی پێشوویان. ڤای لای ڕاستەوە دادەنیشێت.
بێدەنگی.)

با هەروا پێکەوە دابنیشین. وەکوو جاران، لە زەویی یاریی وەید خانمدا. (ئاماژەیە بۆ خانەیەک لە سەردەمی بیکێت لە نزیک دبلن. و.ک)
ڕو: لەسەر کۆتەرەدار.
(بێدەنگی. فلۆ لای ڕاستەوە لە شانۆ دەردەچێت.
بێدەنگی.)

ڤای!
ڤای: بەڵێ.
ڕو: بە بۆچوونی تۆ فلۆ چۆن کەسێکە؟
ڤای: بە ڕواڵەت وەک هەمیشەیە. (ڕو دەجووڵێت و لە ناوەڕاست دادەنیشێت، بە گوێی ڤایدا دەچرپێنێت. بە بێزارییەوە.) ئۆهـ! (تەماشای یەکتر دەکەن. ڕو پەنجە دەخاتە سەر لێوی.) کەس پێی نەگوتووە؟
ڕو: خوا لێمان لا دا.


(فلۆ دێتە ژوورەوە. ڕو و ڤای دیسان ڕوو دەکەنەوە پێشەوە، دەچنەوە سەر حاڵەتەکەی پێشوویان. فلۆ لای ڕاستەوە دادەنیشێت.)
با هەروا... دەستی یەکتر بگرین.
فلۆ: بە خەیاڵی... عەشقەوە.
(بێدەنگی.
ڕو لای ڕاستەوە لە شانۆ دەردەچێت.
بێدەنگی.)

ڤای: فلۆ!
فلۆ: بەڵێ.
ڤای: ڕو چۆن دێتە بەر چاوت؟
فلۆ: لەم ڕووناکییەدا شتێکی ئەوتۆ نابینرێت. (ڤای دەجووڵێت و لە ناوەڕاست دادەنیشێت، بە گوێی فلۆدا دەچرپێنێت. بە بێزارییەوە.) ئۆهـ! (تەماشای یەکتر دەکەن. ڤای پەنجە دەخاتە سەر لێوی.) خۆی نایزانێت؟
ڤای: خوا ئەو ڕۆژە نەهێنێت.


(ڕو دێتە ژوورەوە. ڤی و فلۆ دیسان ڕوو دەکەنەوە پێشەوە، دەچنەوە سەر حاڵەتەکەی پێشوویان. ڕو لای ڕاستەوە دادەنیشێت.
بێدەنگی.)

ناکرێ باسی جاران بکەین؟ (بێدەنگی.) هەروەها ئەوەی کە پاشان چی ڕوو دا؟ (بێدەنگی.) چۆنە وەکوو جاران دەستی یەکتر بگرین؟
(پاش ساتێ دەستی یەکتر دەگرن: دەستی ڕاستی ڤای لە دەستی ڕاستی ڕودا. دەستی چەپی ڤای لە دەستی چەپی فلۆدا، دەستی ڕاستی فلۆ لە دەستی چەپی ڕودا، قۆڵەکانی ڤای لەسەر قۆڵی چەپی ڕو و قۆڵی ڕاستی فلۆدا. سێ جووت دەستی تێکئاڵاو لەسەر سێ داوێن گیرساونەتەوە.
بێدەنگی.)

فلۆ: هەست بە ئەڵقەکان دەکەم.
(بێدەنگی.)

پەردە




سەرنجەکان بۆ نمایش

ڕووناکی:
نەرمە، تەنیا لە سەرەوە دەگیرێتە ڕووبەرێکی دیاریکراو. وەکوو تر شانۆکە تا بکرێت تاریکە.

جلوبەرگ:
کۆتی درێژ. دوگمەکان داخراو. ڕو وەنەوشەییی تۆخ، ڤی سووری تۆخ، فلۆ زەردی تۆخ. کڵاوەکان بۆر و زۆر ئاسایی. لێوارەکانیان ئەوەندە بێت کە سێبەر لەسەر ڕووخساریان دروست بکات. بەدەر لە ڕەنگی جلەکانیان، هەرسێکیان وەکوو یەکن. پێڵاوەکان سووکەڵە بە بنی لاستیکییەوە. دەستەکان دەبێت زۆر باش دەربکەون. ئەڵقە لە پەنجەکانیاندا نابینرێت.

شوێنی دانیشتن:
باریک و شێوە-تەختەکورسی و بەبێ پشتی. درێژییەکەی تەنیا ئەوەندە بێت جەستەی سێ کەسی دانیشتوو بە تەنیشت یەکەوە لەسەری جێی ببێتەوە. تا بکرێت نەبینرێت. نابێت دەربکەوێت لەسەر چی دانیشتوون.

دەرچوونەکان:
دەرچوونی کەسایەتییەکان لە شانۆ نابینرێت؛ دەبێت لە نزیک ڕووبەری شانۆکەوە ون ببن. ئەگەر تاریکی ئەوەندە نەبێت کە ئەگەری ئەمە مەیسەر بکات، دەبێت کەڵک لە پاراڤان یان پەردەیەکی جیاکەرەوە وەربگیرێت کە دیار نەبێت. دەرچوون و هاتنەژوورەوەکان بێدەنگ و لەسەرخۆن.

ئۆهـەکان:
سێ دەنگی زۆر جیاواز.

دەنگەکان:
تەنیا ئەوەندە بەرز کە ببیسترێن. جگە لەو سێ ئۆهـە و دوو ڕستەکەی دواتریان، بەردەوام بێحاڵەت ئەدا دەکرێن.