ئەگەری دەرهێنانی دەستنووسەکانی کافکا لە ئارادایە

ڕەخنەی چاودێر 21/04/2019

ڕەخنەی چاودێر

دادگایەکی بەرایی لە شاری زیوریخی سویسرا بڕیاری دا ئەو قاسانەی کە دەستنووسەکانی نووسەری ناسراو فرانتس کافکایان تێدایە، بکرێنەوە و ناوەڕۆکەکانیان بدرێن بە کتێبخانەی نیشتیمانیی ئیسرائیل. بەمجۆرە دەستنووسەکانی کافکا کە لە دوای مردنی خۆیەوە لە شاری زیوریخ لە چەند قاسەیەکدا پارێزراون، ئەگەری دەرهێنان و چاپکردنیان لە ئارادایە.


بە تەواوی نازانرێت چی لە قاسەکاندا هەیە، بەڵام هەندێک لە چاودێران پێیان وایە بەشە تەواونەکراوەکانی هەندێک لەو بەرهەمانەی کافکا کە دوای مردنی چاپ کراون، لەو قاسانەدا بن. ماوەیەک لەمەوبەر ئاشکرا کرا بەشێک لە دەستنووسەکانی کافکا لای خێزانێکی جوو لە تەلئەبیب دۆزراونەتەوە کە لە دۆخێکی خراپدا پارێزرابوون، بۆیە دادگای باڵای ئیسرائیل بڕیاری دا دەست بەسەر ئەو دەستنووسانەدا بگیرێت. دادگای بەرایی زیوریخیش لە بڕیارەکەی خۆیدا پشتی بەو بڕیارەی دادگای باڵای ئیسرائیل بەستووە.
بڕیارەکەی دادگای زیوریخ سەرەتای کۆتاییهێنانە بە پڕۆسەیەکی درێژی لێکۆڵینەوەی یاسایی سەبارەت بەوەی داخۆ کێ خاوەنی ڕاستەقینەی میراتی ئەدەبیی کافکایە! لێپرسراوی ئەنستتیوتی ڤان لێر لە شاری ئۆرشەلیم/قودس بنیامین بالینت پێی وایە ئەم پڕۆسەیە لەبارەی میراتێکەوە بەڕێوە دەبرێت کە کەس نازانێت چی تێدایە. بالینت دەڵێت ئەگەرچی بڕیارەکەی دادگای زیوریخ خاڵی کۆتایی بۆ ئەو پڕۆسە درێژخایەنە داناوە، بەڵام پرسی "ئایا لە ڕووی کولتووری و میراتەوە کێ خاوەنی دەستنووسەکانی کافکایە" تا ماوەیەکی تریش هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
فرانتس کافکا کە ساڵی ١٩٢٤ لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا مرد، بەر لە مردنی، دەستنووسەکانی خۆی دابوو بە هاوڕێی وەشانگەری خۆی ماکس برۆد و تکای لێ کردبوو پاش مردنی، بێ ئەوەی بیانخوێنێتەوە، بیانسووتێنێت. بەڵام برۆد پابەندی وەسێتەکەی کافکا نەبوو و پاش مردنی ئەو ڕۆمانەکانی "دۆز" و "کۆشک" و "ئەمەریکا"ی چاپ و بڵاو کردەوە و هەر ئەو هەنگاوەیش بوو کە کافکای کرد بە نووسەرێکی ناسراو لەسەر ئاستی جیهان.
برۆد سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠ بەشێک لە دەستنووسەکانی کافکای دابوو بە ئیلزێ ئێستەر هۆفی سکرتێری خۆی. هەر لەو ساڵانەدا ئیسرائیل بە بیانووی ئەوەی کە کافکا جوو بووە، داوای خاوەندارێتیی دەستنووسەکانی نووسەری کرد و بەو جۆرە پڕۆسەیەکی لێکۆڵینەوەی یاسایی درێژ لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و میراتگرەکانی هۆفدا دەستی پێ کرد کە پێ دەچێت بڕیارەکەی دادگای زیورخ بۆ لەمەودوا بیگەیەنێت بە سنووری کۆتاییپێهێنان.
لە ئەکاونتی نووسەر و وەرگێڕ بەکر شوانییەوە