پانۆرامای کۆتا ڕۆژی چالاکییەکانی بیستوودووهەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ

ڕەخنەی چاودێر 20/04/2019

ڕەخنەی چاودێر


ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی ٤ی ٢٠١٨، کۆتا ڕۆژی چالاکییەکانی بیستوودووهەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بوو، کە لە لایەن بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژەوە لەژێر درووشمی "ڕەخنەی ئازاد دەستەبەری کرانەوەیە" سازی کردبوو و تیایدا سەرەڕای چەندان چالاکی، براوەکانی فێستیڤاڵەکەش بۆ بوارەکانی شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە ڕاگەیەندران.


ساڵانە بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە تەوەرێک بۆ خولەکە دیاری دەکەن، تەوەرى سەرەکیی ئەمساڵ بریتییە لە (نووسینەوەى بیرەوەرى "ئۆتۆبایۆگرافى" لە نێوان ئەدەب و مێژوودا).


لە سەرلەبەیانییەکەیدا، لێکۆڵینەوە کوردییەکان پێشکەش کران، کە بابەتەکانیان لە بواری ئەدەبی، کولتووری، مێژوویی و ئۆتۆبایۆگرافیدا بوون و دواتریش لە لایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆ کران، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆشدا مەراسیمی کۆتایی فێستیڤاڵ ڕێک خرا و تیایدا چەندان وتار و چالاکیی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بەڕێوە چوون.


سەرەتا هەڤاڵ مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، لە وتاری کۆتایی فێستیڤاڵدا ئاماژەی بەوە دا، کە ئەمساڵ بە هۆی قەیرانەوە فێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ سێ ڕۆژ کەم کراوەتەوە و هیواشی خواست لە ساڵانی داهاتوودا قەرەبووی بکرێتەوە.
وتیشی: "ئەمساڵ بە پێچەوانەی ساڵانی ترەوە هەوڵمان دا تەنها ئەوانە بەشدار نەبن کە بە لێکۆڵینەوە و بابەت بەشدارن لە فێستیڤاڵەکەدا، بەڵکوو وامان کرد فەزای دیالۆگ زیاتر بێ تا هەموو ئەوانەی دێنە فێستیڤاڵ بەیەکەوە بابەتیان هەبێت یان نا بەشداریی دیالۆگەکان بکەن، بۆ ئەوەش کەمتر بواری شیعر و چیرۆکمان دا و ئەم شێوازەش لە چەند ساڵی داهاتووشدا تاقی دەکەینەوە."
سەرپەرشتیاری گشتیی فێشتیڤاڵ سەبارەت بە تەوەری ئەمساڵی فێشتیڤاڵ، (نووسینەوەى بیرەوەرى "ئۆتۆبایۆگرافى" لە نێوان ئەدەب و مێژوودا.) پێی وا بوو لە ماوەی ڕۆژانی فێستیڤاڵدا کە زیاتر لە دە لێکۆڵینەوە لەو ڕووەوە پێشکەش کراون زانیاریی گرنگ و پڕبایەخی تێدا بووە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو شێوازە لە نووسینە.
"هەندێک لە بەشدارانی شۆڕش و سەرکردایەتیی حزبەکان کە بیرەوەرییان نووسیوەتەوە بەشێکیان تەواو مێژوویان شێواندووە و ئەوەش ناحەقییە مێژوو بشێوێندرێت، دەبێت لە نووسینی بیرەوەریدا چاک و خراپ بنووسرێت و بووێرانە ئەو کارە بکرێت." سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵ وای وت.
سەبارەت بە گەشەی ئەدەبی و ڕووناکبیرییشمان، هەڤاڵ مەلا بەختیار وتی: "ئەگەرچی من دژی ئەو بۆچوونەم کە بڵێ ئێستا ئێمە داهێنانمان نییە و هیچ نەکراوە، بەڵام ئەگەر ئاوڕێک بدەینەوە ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە بە ئەندازەی ساڵانی شەستەکانی خۆمان ڕچەشکێنی بکەین و داهێنان بکەین، ئەو سەردەمە ڕچەشکێنی هەبوو ئێستا نیمانە، تا ئێستا ئێمە نەمانتوانیوە وەرچەرخان بکەین."
ناوبراو دڵنیایی دا لە بەردەوامبوونی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە ساڵانی داهاتوو و هاوکات زیاتر کارکردن بۆ برەودان بە ڕۆشنگەری و ڕەخنە و بڵاوکردنەوەی عەقڵی ئازاد.


پاشتر تیپی مۆسیقای سلێمانی بە بەشداریی هەر دوو هونەرمەندان نیان عەبدوڵڵا و ئاریان کەریم چەند گۆرانییەکیان پێشکەش کرد.


لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتێک هەیە بە ناوی "فوئاد مەجید میسری" و ئەمساڵ ئەو خەڵاتە بە د. کوردستان موکریانی بەخشرا.

د. کوردستان موکریانی، زیاتر لە ٥٠ کتێبی بە زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە و زیاتر لە سی لێکۆڵینەوەی زانستیشی لە گۆڤار و ناوەندە زانستییەکان بڵاو کردووەتەوە.
د. کوردستان موکریانی سەبارەت بە بەخشنی ئەو خەڵاتە سوپاسی هەڤاڵ مەلا بەختیار و ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی گەلاوێژی کرد و دڵخۆشیی خۆی ڕاگەیاند و پێشی وا بوو بەسەرکردنەوەیان لە بۆنەیەکی ئاوادا زۆر دڵخۆشی کردوون.
وتیشی: "ئەم خەڵاتە بە وەرچەرخان لە تێڕوانینی پیاوی کورد دەبینم بۆ بیری ڕەگەزی مێ، چونکە پێشتر کەم ئاوڕ لە ژنان دراوەتەوە وەک بیرمەند."
زیاتر وتیشی: "من بۆ نووسین هاتوومەتە دونیا، عاشقی نووسین و لێکۆڵینەوەم، عاشقیش هەرگیز لە هیچ بارودۆخێکدا بێت مەعشوقەکەی لەبیر ناکات و منیش وام کرد، سەرەتاش کە نووسینم هەڵبژارد چاوەڕوانی خەڵات نەبووم، بە پێچەوانەوە سەیرم کرد ناوەکەم (کوردستان) خۆی کێشەیە، بەڵام هەر ڕێگرییەک هاتە پێشم لەناوم برد و بەردەوام بووم."

خەڵاتەکە لە لایەن هەڤاڵ مەلا بەختیارەوە بە د. کوردستان موکریانی بەخشرا.



لە فێشتیڤاڵەکەدا خەڵات بەسەر ئەو نووسەرە عەرەب و فارس و کوردانەدا دابەش کرا کە لێکۆڵینەوەیان سەبارەت بە تەوەری ئەمساڵ (نووسینەوەى بیرەوەرى "ئۆتۆبایۆگرافى" لە نێوان ئەدەب و مێژوودا.) پێشکەش کردبوو.


دواتر وتاری لیژنەکانی هەڵسەنگاندنی چیرۆک، شیعر و لێکۆڵینەوە خوێندرانەوە. وتاری هەر سێ لیژنەکە جەخت کردنەوە بوو لەوەی کە هیچ کام لە ئەندامانی لیژنەکە تا کۆبوونەوەی کۆتایی ئاگایان لە یەکتری نەبووە، هاوکات ئاشکرایان کرد هەڵسەنگاندنەکانیان بە پێی ڕێباز و تیۆرییە ئەدەبییەکان بووە و هیچ دەستوەردانێکیش لە کاروبارەکانیاندا نەبووە.


لیژنەی لێکۆڵینەوە، لە هەر یەکە لە د. مارف عومەر گوڵ، د. مەولود ئیبراهیم حەسەن و د. هێرش ڕەسوڵ بوون. کە ١٨ لێکۆڵینەوەیان بۆ هاتبوو و تیایدا شەش لێکۆڵینەوەیان بۆ فێشتیڤاڵ هەڵبژاردبوو.
*خەڵاتی یەکەمی لێکۆڵینەوە درا بە هیوا کەریم حسێن بە لێکۆڵینەوەی: بوونیادی هونەریی ئۆتۆبیۆگرافیا؛ ئۆتۆبیۆگرافیای "نووسین بەئاوی خۆڵەمێش"ـی شێرکۆ بێکەس بە نموونە.
*خەڵاتی دووەمی لێکۆڵینەوە درا بە د. حەمە مەنتک بە لێکۆڵینەوەی: پێکهاتەی فەزای دەلالی لە چیرۆکدا؛ چیرۆکەکانی "سەدرەدین عارف" بە نموونە.
*خەڵاتی سێیەمی لێکۆڵینەوە درا بە ئیسماعیل مەحمودی بە لێکۆڵینەوەی: حاجی قادری کۆیی و سەرهەڵدانی گوتاری تازەگەریی کوردی.

لیژنەی شیعر ڕایانگەیاند کە ٦٤ دەقی شیعرییان بە دەست گەیشتووە و توانیویانە دە دەق بەشداریی فێستیڤاڵی پێ بکەن.
*خەڵاتی یەکەمی شیعر بە هاوبەشی درا بە زاموا محەمەد بۆ شیعری "فەهرەستی کات و یادی خوداکان کە چیدی یاریمان لەگەڵدا ناکەن" و غەمگین بۆڵی بۆ شیعری "تەرمێک لەسەر زمان دەنێژم".
*خەڵاتی دووەمی شیعر بە هاوبەشی درا بە کۆچەر ئەبووبەکرد بۆ شیعری "تابلۆکەی مارتن" و ئەمیر ئەمین بۆ شیعری "من مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیم".
*خەڵاتی سێیەمی شیعر بە هاوبەشی درا بە هیوا موسا بۆ شیعری "مانیفستۆی جەنگ .. مانیفستۆی نیشتیمان" و بەشدار سامی بۆ شیعری "شەوشاد".

لیژنەی چیرۆکیش ئاماژەیان بەوە دا کە ٢٩ چیرۆکیان بە دەست گەیشتووە و ٦ چیرۆکیان بەشداری پێ کردووە.
*خەڵاتی یەکەمی چیرۆک درا بە بەڵێن سابیر عومەر بۆ چیرۆکی "چەند تەقەیەک و سەدوهەشت پلیکانەی ڕک".
*خەڵاتی دووەمی چیرۆک درا بە ڕەنج ڕەسوڵ بۆ چیرۆکی "نووستن لەسەر سکەی قیتار".
*خەڵاتی سێیەمی چیرۆک درا بە محەمەد حەسەن بۆ چیرۆکی "یادەوەریی شکاو".

لە کۆتاییشدا خەڵاتی تایبەت درا بە کەناڵی ئاسمانیی کوردسات کە لە ماوەی سێ ڕۆژی فێستیڤاڵدا بەردەوام لەگەڵ گەلاوێژدا بوون و خەڵاتیش درایە کتێبخانەی گشتیی سلێمانی.