چی دەبێتە هۆی ئازار لەپاژنەی پێدا؟

تەندروستی 20/04/2019


چاودێر: تابان ڕەزا
  زۆرێك لە خەڵك  روبەڕویی ئازار لەپاژنەی پێیان دەبن بەتایبەتی لەو كاتانەی ماوەیەكی زۆر بەپیادە دەڕۆن یان  بەپێوە دەوەستن، ئەمەش بەهۆی هەوكردنی  پەردەی ژێرەوەی پێ(planter fasciitis )  دروست دەبێت، لەوبارەیەوە د. ئازا عبدالحمید بابان، پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسك و شكان،دەڵێت" یەكێَك لەهۆكارەكانی دروستبونی ئازاری پێیەكاندا لە لەپێكردنی پێلاوی ناتەندروست و زیادبونی كێشە"

چۆن ئازاری پاژنەی پێ دروست دەبێت؟
د. ئازا عبدالحمید بابان، پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسك و شكان، ئاماژەبەوە دەكات، یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی ئازاری پاژنەی پێ بریتیە لە هەوكردنی پەردەی یاخود بەستەری ژێرەوەی پێ (planter fasciitis)، كە بەشێكی زۆری خەڵك تووشی دەبن،  ئەوەی باوە لەناو خەڵك كە هۆكارەكەی بوونی ئێسكی زیاد لە پاژنەی پێیە، بەڵام لە راستیدا هەوكردنی پەردەی ژێرەوەی پێ (planter fascia) ئازار دروست دەكات.
 وتیشی، لەوانەیە لە ئەشیعە (X Ray) ئێسكی زیاد دەربكەوێت،بەڵام زۆربەی جار ئێسكی زیاد هۆكاری ئازارەكە نییە بەڵكو هەوكردنە نزیك ئێسكەكە.

نیشانەكان
 ئەو پسپۆڕە، باس لەوەدەكات، گرنگترین نیشانەكانی  ئەم نەخۆشییە ئەوەیە كە نەخۆش بەیانیان لەگەڵ یەكەم هەنگاو ئازاری پێی دەستپێ دەكات، دواتر هێدی هێدی ئازاری كەمدەبێتەوە لە گەڵ رۆیشتن،بەڵام ئەگەر ماوەیەك دابنیشیت وە دووبارە هەستێتەوە ئەوا ئازار پەیدا دەبێتەوە.
هۆكارەكان
د. ئازا عبدالحمید بابان، دەڵێت" هۆكارەكانی توش بوونی زۆرجار روون نییە، هەندێك جار بە بێ هۆكارێكی دیاریكراوە، بەڵام بە زۆری لە ئافرەتان دەبێت وە هەندێ هۆكاری تر وەك، زۆر رۆیشتن یان وەستان بۆ ماوەكی زۆر، لەپێكردنی پێلاوی ناتەندروست ،زیادبونی كێشی لەش یاخود گرژی پەردەی ژێرەوەی پێ وە هەندێك نەخۆشی وەك رۆماتیزم"
چارەسەرەكان
د. ئازا عبدالحمید بابان،  لەبارەی چارەسەری ئەم حاڵەتەوە وتی،  بە پێدانی دەرمان وە لە پێ كردنی پیلاوی نەرم وە ئەنجامدانی هەندێك وەرزشی دیاری كراو دەبێت،  ئەگەر ئەوانەش هەر سوودی نەبوو ئەوا پێوستی بە دەرزی دەبێت بۆ پاژنەی پێ یان نەشتەرگەری.