چۆن رێگری لەمیز بەخۆداكردنی منداڵەكەت دەكەیت ؟

تەندروستی 16/04/2019

چاودێر: تابان رەزا
هەندێ منداڵ لەسەرو تەمەنی پێنج ساڵییەوە خۆی تەڕئەكات و میز ڕاناگرێت بەشەو كە دەبێتەهۆی دڵەڕاوكێ و شپرزەی دایك و باوك بە تایبەت كە سەردانی ماڵی كەسوكار دەكەن یان گەشت دەكەن، لەوبارەیەوە د. كاوە فەقێ ڕەحیم، پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلەو میزو میزەڕۆ دەڵێت" لە5-10% ی منداڵان بەشەو میز دەكەن بەخۆیاندا لەسەرو تەمەنی ٥ ساڵیەوەن"

بۆچی هەندێ منداڵ بەشەو میز بەخۆیاندا دەكەن؟
د.كاوە فەقێ ڕەحیم،پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزو میزەڕۆ و نەزۆكی پیاوان، ئاماژبەوەدەكات،  بەشێوەیەكی گشتی لە ٥_۱٠٪ ی منداڵان بەشەو میز دەكەن بەخۆیاندا لەسەرو تەمەنی ٥ ساڵیەوە. كوڕان زیاتر لە كچان تووشی  دەبن لە سەدا ۷٥٪ ی  ئەومنداڵانەی ئەم كێشەیان هەیە یان دایكیان یان باوكیان بە منداڵی وابووە، واتە خۆیان تەڕكردووە.
 وتیشی، لەگەڵ گەورە بوونی مناڵەكەدا زۆربەیان باشدەبن تادەگەنە تەمەنی هەرزەكاری. تەنها لە۱٪ یان دوای تەمەنی هەرزەكاری هەر چاك نابن.
هۆكارەكان
ئەو پسپۆڕە، باس لەوەدەكات، خۆتەڕكردن تەنها بەشەو، واتە منداڵەكە بەڕۆژ هیچ كێشەی نیەو گرفتی میزكردن یان ڕانەگرتنی نیە. ئەمە بەربڵاوترین هۆكارە،  ئەم جۆرە هەتا ئێستا بە تەواوی نەزانراوە كێشە بنچینەییەكە چیەو بۆچی ڕوودەدات، بەڵام سێ بیرۆكە هەیە. لەوانەیە مناڵەكە خەوی قورس بێت. كە میزی دێت خەبەری نابێتەوە بۆ میزكردن و دەیكات بەخۆیا. لەوانەیە منداڵەكە زیادەگرژبوونی میزەڵدانی هەبێت، واتە میزەڵدانی بچوكترە لە مناڵێكی ئاسایی و میزەڵدانی زوو پڕدەبێت و گرژدەبێت.
ناوبراو وتیشی، كەمی هۆڕمۆنی دژە میزكردن، منداڵی ئاسایی لە ۲٠٪ ی ڕێژەی ئەومیزەی لە ۲٤ كاتژمێردا دەیكات لەشەودا دروست دەبێت، بەڵام ئەو منداڵانەی كە میزدەكەن بە خۆیاندا كێشەی كەمی ئەم هۆڕمۆنەیان هەیەو شەوانە گورچیلەكانیان ڕێژەیەكی زۆر میز دروست دەكەن،خۆتەڕكردن بەڕۆژ وشەو، واتە منداڵەكە بە ڕۆژ كێشەی میزڕانەگرتن یان هەوكردنی میزەڕۆ یان كێشەیەكی ئەندامی هەیە وەك كرانەوەی بۆری گورچیلە لەناو لەشی منداڵی كچدا.
دەست نیشانكردن نەخۆشیەكە  
د. كاوە فەقێ ڕەحیم، دەڵێت" ئەگەر نەخۆشەكە حاڵەتی یەكەمی هەبێت و هەر لەوكاتەوەی لە دایك بووە بە بەردەوامی بەشەو خۆی تەڕكردووە ئەوە هەموو پشكنینەكان ئاسای دەبن. لەبەر ئەوە پرسیاركردنی تەواو لە دایك و باوكی منداڵەكە زۆر پێویستە وە ڕەنگە ئەوە بەس بێت بۆ دەست نیشان كردنەكەی،بەڵام ئەگەر گومان هەبوو یان نەخۆشەكە كێشەی كەی هەبوو پێویستە سۆنەر و زەرعەی میزبۆ نەخۆشەكە بكرێت"
چارەسەرەكان
 ئەو پسپۆڕە،  لەبارەی  چارەسەرەكانەوە رونیدەكاتەوە،  زۆربەی كات ئەگەر منداڵەكە بچووك بێت و كێشەی بۆ خێزانەكە درووست نەكردبێت جگە لە دڵنەوایی هیچی كە پێویست ناكات. لەهەندێ نەخۆشدا لەوانەیە ئەمانەی خوارەوە سوودی هەبێت.
۱ـ كەم كردنەوەی خوادنەوەوی شلەمەنی زۆر لەشەودا وەك چا، قاوە، نیسكافە، ساردی و فانتا و خواردنی توون.
۲ـ هەڵسانی منداڵەكە بە پاداشتكردنی ئەگەر شەوێك خۆی تەڕنەكرد.
۳ـ بەكارهێنانی جەڕەسی بەئاگا هێنانەوە، دۆشەكێكی تایبەتە كە لەژێر منداڵدا ڕادەخرێت و لەسەری دەخەوێت. كە مناڵەكە خۆی تەڕكرد جەڕەس لێدەدات و مناڵەكە خەبەری دەبێتەوە.
٤ـ بەكارهێنانی شروب یان حەبی دژی زیادەگرژبوونی میزەڵدان.
٥ـ بەكارهێنانی حەبی هۆڕمۆنی دژە میزكردن.