رەخنەی چاودێر

ئەدەبیاتی نەهەنگ ئەدەبیاتی دەریا

پێش 1 هەفتە


شاڵاو حەبیبە

کۆنترین شێوازەکانی ڕاوەنەهەنگ بۆ سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لە سییەکاندا ساڵانە پەنجا هەزار نەهەنگ دەکوژران. تەنیا لە ١٩٨٦ـدا بوو، کە (کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕاوەنەهەنگ)، لە پێناو ڕەگەزکوژنەکردنی ئەو گیاندارە ئاوییەدا، بە هەموو شێوەکان ڕاوەنەهەنگی قەدەغە کرد. هەرچەند بە بیانووی جۆراوجۆر و بە دزییەوە، هێشتا نەهەنگ ڕاو دەکرێت و لە کۆتاییی ٢٠١٨ـیشدا ژاپۆن ڕایگەیاند لەو کۆمیسیۆنە دەردەچێت، بۆیە وا بە نیازە لە ٢٠١٩ـدا دەست بە ڕاوەنەهەنگ بکاتەوە، چونکە پێی وایە هەنووکە نەهەنگ لە ڕەگەزفەوتان ڕزگاری بووە و دەبێت ڕاوکردنی ئاسایی بکرێتەوە. بەڵام نۆڤلێتی (پاڤانا)، نووسینی ژۆن ماغی گوستاف لۆکلێزیۆ، مەسەلەکە لە ژاپۆن قووڵتر دەبینێت.

یەک: نۆڤلێتەکە چەندێک بیەوێت ستایشی نەهەنگ بکات، وەک نەهەنگدۆستێک؛ جووڵەکەی، بۆنی تیژی هەناسەی، تێپەڕینەکەی بە تەنیشت بەلەمەکانەوە، سەرئاوکەوتن و شەپۆلەدروستکردنەکانی؛ هێندە دەیەوێت ڕەخنە لە ئینسان بگرێت، لەو چاوەی مرۆڤ کە ڕووی لە سروشت وەرگەڕاندووە.

دوو: تەکنیکی گێڕانەوەی نۆڤلێتە خۆشفۆرم و سادەیە. دوو کارەکتەری سەرەکیمان هەیە، جۆن و سکامۆن. جۆن منداڵێکە لە کەشتییەکانی ڕاوەنەهەنگدا و سکامۆنیش ڕاوچییەکی نەهەنگ، یاخود یەکەم دۆزەرەوەی ماڵی نەهەنگەکانە. بە چەند بەشێک جۆن و سکامۆن هەرکەیە و دەبنە ڕاویی خۆیان. جۆن دەبینین کە چۆن ڕۆحی بەم توندوتیژییە وێران دەبێت. منداڵییەکەیشی دەتوانین بەو ئاماژەیە وەربگرین کە بەرەو داهاتوویەکی وێرانیش دەڕۆین، هاوکات سکامۆنیش وەک وێرانکەرێکی ڕۆح دەبینین، وێرانکەری سەردەمانێک کە هێشتا جوانی مابوو، سروشت ڕێزلێگیراو بوو، بوونەوەرایەتی مابوو.

سێ: سکامۆن خۆی سەرکۆنە دەکات کە ئەو یەکەم کەس بووە مۆڵگەی نەهەنگەکانی دۆزیوەتەوە، بەڵام ئاخۆ گرنگە کێ یەکەم جار تاوانەکە ئەنجام دەدات؟ ئایا هەست بە جیاوازییەکی زۆر ناکەیت لە نێوان نەکردنی تاوانێکدا و ئەوەی کە نەختێک درەنگتر بیکەیت؟ کاتێک نەهەنگەکان دەکوژرێن، ئاخۆ گرنگە کێ دەیانکوژێت؟ کاتێک لاشەی نەهەنگێک لە کەناراو کەوتووە، ئەو چیتر هەناسە نادات، چیتر ستوونی ئاوەکە لە کونەکەی پشتییەوە بەرز نابێتەوە، بۆیە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ڕاوچییەک لەو هەموو ڕاوچییەی ناو دەریا هەم کارێکی ئەستەمە هەمیش بێهوودەیە، هێندەی دەبێت دژ بەو هەوڵە لەناوبەرەی سروشت بوەستینەوە، کە سەردەمانێکی زۆرە بەشێکە لە ئادگاری مرۆڤەکان.

چوار: جۆن قوربانییەکی کۆمەڵگەی توندوتیژی ڕاوچییەکانە، کە داهاتوویەکی نیگەران، مۆتەکەئاسا، خوێناوی، بە ڕۆحێکی هیلاکەوە چاوەڕێی دەکات. سکامۆن ئەگەرچی ڕاوچییە، بەڵام ئەویش قوربانیی مەیلە توندوتیژەکانیەتی بۆ ئاژەڵکوژی و پارە، ئەگەرچی ئەو لە پەشیمان دەچێت، بەڵام پەشیمانێکی دوای تاوانە گەورەکانە. ئەو نەک هەر نەهەنگەکانی کردووە بە قوربانیی خۆی، بەڵکوو جۆنـی منداڵیش یەکێکە لە قوربانییەکانی ئەو.

پێنج: ئەدەبیاتی دەریا، باشترین ناوێکە بۆ دنیای ئەم جۆرە لە نووسین- کە بە خەیاڵمدا دێت. دەتوانین (پیرەمێرد و زەریا)ـی ئەرنێست هەمینگوای، (ئەفسانەی ١٩٠٠)ـی باریکۆ و هێندێک لە چیرۆکەکانی غوڵامحوسێن ساعێدی، بە نموونەی دیکە وەربگرین، کە دەریا تێیدا- لەو جۆرە ئەدەبیاتەدا- هێندەی کارەکتەرێک گرنگ و بەرچاوە، زۆر جاریش هەڵبەت هەر خۆی کارەکتەرێکی چیرۆکەکەیە.

شەش: ناتوانم بڵێم ڕۆژێک لە داهاتوودا نەهەنگەکان وەک دایناسۆرەکان تووشی ڕەگەزفەوتان دەبن، ناشتوانم بڵێم ئەمە هەرگیز ڕوو نادات، بەڵام بە بوونی وڵاتانێکی وەک ژاپۆن، کاتێک ئەم تەرزە لە بیرکردنەوە هەواداری زۆرتر دەبێت، پێشبینیی ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان چیتر نەهەنگەکان لەنێو دەریاکان نەمابن، ئاسانترە، بۆیە ئەوکات (پاڤانا)ـی ژۆن ماغی گوستاف دەبێتە گەواهیدەری ئەوەی کە: ڕۆژگارێک نەهەنگەکان لەگەڵ ئێمەدا دەژیان، بەڵام ئێمە توندوتیژ بووین.

حەوت: لۆکلێزیۆ نایەوێت تەنیا هۆشدارییەکمان سەبارەت بە نەهەنگکوژی بداتێ، ئەو دەخوازێت وانەیەکی مەزنترمان فێر بکات، کە پێکەوەژیانە. دەربارەی وشەی پێکەوەژیان زۆرتر بە تەنیشت مرۆڤەکانەوە باس کراوە، لێرەدا واتاکانی پێکەوەژیان فراوانتر دەبن، وەک: لەگەڵ-نەهەنگ-ژیان، لەگەڵ-درەخت-ژیان، لەگەڵ-هەوا-ژیان.

هەشت: لێرەدا، بۆ من، لە (پاڤانا)ـدا، کۆمەڵکوژیی نەهەنگەکان، وەک کۆمەڵکوژیی ئەرمەن، کورد و جوولەکەکان، بەرباسە. بایەخی ئەدەبیات و ئەدیبەکان ئەم کاتە باشتر دەردەکەوێت، کە خەریکن لە پێناو کەسانێکدا دەنووسن، کە نازانن کتێب بخوێننەوە، بەڵام دەتوانن زۆر بە جوانی مەلە بکەن، بە چەشنێک تۆ سەرسام دەبیت. کەواتە تۆ چۆن دەتوانیت تەقە لە کەسێک بکەیت کە خەریکە لە دەریادا بەو جوانییە مەلە دەکات؟

نۆ: من داوا دەکەم، یان دەیشتوانین بڵێین من داواکارم- ئەم ڕۆژانە هێندێک لە ڕەخنەگرانی زمانی کوردی کێشەیان زۆر بووە لە مەسەلەی (کردن)دا- کە پێش خولەکانی فێربوونی مەلەوانی، بەڵێننامە بە فێرخوازان، مەلەوانان، کەشتییەوانان پڕ بکرێتەوە، کە هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان تەقە لە نەهەنگەکان نەکەن، چونکە ئەوان هاوڕێ دەریایییەکانی ئێمەن. ڕاستە وەکوو ئێمە ناتوانن کتێب بخوێننەوە، بەڵام خۆ هەزاران ساڵ پێش ئێمە فێری مەلە بوون، بۆیە پێویستە ڕێزیان لێ بگرین.

دە: پێشەوا فەتاح، بە پێچەوانەی ئەو وەرگێڕ و نووسەرانەوە کە وەک باوە بە گشتی یەکەم-کارەکانیان خراپە؛ (پاڤانا) هەم یەکێکە لە جوانترین و کۆنترین هەڵبژاردنەکانی، (کوردییەکەی ٢٠١١ بڵاو بووەتەوە) هەمیش بەو شێوازە وەری گێڕاوە کە ئەمڕۆ کتێبێکی پێ وەردەگێڕێت. وەرگێرێک کە هەر لە یەکەم کاریەوە هێند بەسەلیقە و وردەکار بووە، مایەی دڵخۆشییە. گلەییم لە وەرگێڕانەکە تەنیا ئەوە بوو کە (پاڤانا) نۆڤلێتێکی یەجگار کورتە. مەبەستم ئەوەیە: ئاسایی مرۆڤ حەز دەکات سەردەمە خۆشەکانی ژیانی درێژتر بکاتەوە. تۆ لە کاتی خوێندنەوەی ئەم نۆڤلێتەدا، هەستێکی ئاوا داتدەگرێت.   

یازدە: ئەکادیمیای سویدی لە ٢٠٠٨ـدا لەبەر (... سەربووردەی شاعیرانە...) خەڵاتی نوبێلی ئەدەبیاتی بە لۆکلێزیۆ بەخشی. ئەگەر پاڤانا لە فۆڕمدا شاعیرانە بێت، کە هەڵبەت وایە، ئەوا لە ناوەڕۆکدا ڕۆحی شاعیرانە دەمرێت.