تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە هەڵكشان دەكات

کوردستان 15/04/2019

 چاودێر:
  وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد  "بە بەرارود بە ساڵانی پێشووتر ساڵ دوای ساڵ ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان لە زیادبوونە".
خاڵس قادر بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ ڕوونیكردەوە "رێژەیەكی كەمی زیادبوون ساڵ دوای ساڵ هەیە، لە كۆی گشتی لە سێ ساڵی ڕابردوودا ساڵانە نزیكەی پێنج هەزار و 180 كەس تووشی شێرپەنجە بوون و وەكو تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون".
ڕاشیگەیاند "لەهەرێمی كوردستان ئەگەر ژمارەی تووشبوان بەراورد بكەین بە تووشبوان لە وڵاتانی دیكە ئەوا ڕێژە و ژمارەكە كەمترە، لەهەرێمی كوردستاندا لە هەر 100 هەزار كەسێك ساڵانە 95 تا 99 كەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن".
ئاماژەی بەوەشكرد "بەپێی داتای ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و دەزگای نێودەوڵەتیی تایبەت بە توێژینەوە لە نەخۆشی شێرپەنجە ساڵانە لەو 100 هەزار كەسە 200 كەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن لە وڵاتانی جیهاندا، واتە رێژەی تووشبوون لەهەرێمی كوردستان ساڵانە نزیكەی 50 لەسەد كەمترە لەو ڕێژەیەی لە وڵاتانی دیكە هەیە".