مەلا بەختیار: گۆڕانگاريی گەورە لەكوردستان‌و ناوچەكە رودەدات، بۆیە پێویستە بۆ ئەگەرەكان ئامادەبین

ڕاپۆرت 15/04/2019



مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، رۆژی (14/4/2019) پێشوازی لەبەڕێوەبەرو ستافێكی رۆژنامەنوسان‌و كارمەندانی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان كردو لەدیدارێكی هەمەلایەنەشدا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە ئەمڕۆ هەم قسەكردنە لەسەر یادی تێپەڕیوی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان‌و هەم یادی كارەساتباری ئەنفالە‌و وتی: دووبارە هەم پیرۆزبایی ئەو یادەتان لێدەكەمەوە، چونكە یادێكی زۆر گرنگە، چ سەبارەت بەهەلومەرجی دامەزراندنەكەی، چ بەقۆناغەكانی كە ئێستگە پێیدا تێپەڕیوەو هەموو ئەمانەش یادو بیرەوەری جوانی تێدایەو خەڵكانێكی زۆریش وەك تێكۆشەر لەساڵانی تەمەنی ئێستگەكە هەر لەشاخەوە بۆ دوای راپەڕین بەشداریان تێداكردووە.
وتیشی: دەشتوانم بڵێم یەكێك لەو ئێستگانەو زیاتر لەهەموو ئێستگەكانی تر توانیوێتی كاریگەری لەسەر رای گشتی دابنێت‌و فەلسەفە، رێبازەكەی، سیاسەتی یەكێتی‌و قارەمانێتی پێشمەرگە بڵاوبكاتەوە، رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان بووەو رایگەیاند:
رۆژی دامەزراندنی ئێستگەی دەنگی گەلی كوردستان، رۆژی وەرچەرخانی یەكێتییە لەمێژووی شۆڕشی نوێداو بەردەوامییەكەشی لەدوای راپەڕینەوە هەتا ئێستا دەیبینین.
مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ گرنگی‌و پێگەی ئێستگەكەش لەرابردوودا كردو رونیكردەوە ئەگەر ئێستگەكە نەبوایە ئەستەم بوو یەكێتی بەوشێوەیە بڵاوببێتەوەو پەیوەندی بەرایگشتییەوە هەبێت‌و هەزاران تێكۆشەرو كادریش گۆشبكات‌و تەنانەت لەڕوی عەسكەریشەوە، خزمەتێكی ئێجگار گەورەی كردووە، چونكە لەوكاتەدا بەهۆی ئەوەی ئامێری بێتەلمان نەبوو، بۆیە هەموو سەرتیپێك جفرەیەكی هەبوو، بەخوێندنەوەشی لەرادیۆوە سەرتیپەكان دەیانزانی كە مەكتەبی سیاسی‌و عەسكەری چ پەیامێكیان بۆی هەیە‌و جەختیكردوە: ئێستگە لەلای من جێگەیەكی ئێجگار گەورەی هەیە‌و بەقۆناغە جیاوازەكانیشدا تێپەڕیوە چ شۆڕش‌و چ شكست، ئەگەرچی ئێستگەكە لەدوای كارەساتی هەكاری سەریهەڵداوەو یەكێكیش لەفاكتەرە گرنگەكانی هەڵسانەوە لەدوای ئەوكارەساتە، ئێستگەكە بوو.
لەدیدارەكەدا، مەلا بەختیار ئاماژەی بۆ راگەیاندن، جومگەكانی، ئاراستەكانی، فەلسەفەی راگەیاندن لەم ساڵ‌و ساڵانی رابردوودا كرد، كە سیماكانی راگەیاندنی هاوچەرخ جوانتر دەركەوتون، كە ئایا ئێمە لەڕابردوو دەچین؟ ئایا بەڕەگەزەكانی راگەیاندنی كلاسیكی، دەتوانین ئەركەكانی هاوچەرخ لەم سەردەمی جیهانگیریی‌و پڕ لەگۆڕانكاریی دەرەقەتی هەموو ئەو ململانێیە بێین، كە ئێستا رووبەڕومان بۆتەوە؟ نەخێر، بێگومان زۆریش مەترسیدارە كە لەرابردوودا بمێنینەوە‌و ئەو وتەیەی دوپاتكردەوە، كە: ناكرێ‌ تێكۆشەری كۆڵنەدەری قۆناغی رابردووبین‌و بەجێماوی ئەم سەردەمەبین. چونكە ئەگەر وابێ‌، ئەوا ئەوەی هەشمانە دەكەوێتە قوڕگی نەیارەكانمانەوەو دووچاری كێشە دەبینەوە‌و لەو روانگەیەوە، وتی:
مێدیای یەكێتیی، بەسەرجەم كەناڵەكانییەوە پێویستی بەستراتیجی نوێ‌، بەپرۆژەی نوێ‌‌و رەخنە لەخۆگرتن هەیە‌و دەبێ‌ هەمەلایەنە بەڕاگەیاندندا بچینەوە. ئەگەرچی هەندێك لەوانە پێشكەوتوون، بەڵام لەكۆی گشتیدا پێویستی بەستراتیجی نوێ‌و رەخنەگرتن هەیە.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بەشرۆڤەكردنی گۆڕانكارییەكانی سەردەمیش، هەر لەتاكەوە بۆ كۆی كۆمەڵ، خێزان‌و پەیوەندییەكانی كۆمەڵایەتی، رەهەندە جیاوازەكانی تەكنەلۆژیا‌و تەكنیك‌و كاریگەرییەكانی لەسەردەمی زانیاریدا لێكدایەوەو كاریگەرییە دەرەكییەكانی بەقوڵ‌وفراوان‌و مانای نەهێشتنی پەرژینە جۆاروجۆرەكان ناوبرد‌و وتی: بێگومان لەگەڵ هەموو ئەم كاریگەریی‌و گۆڕانكارییانەشدا، هەڵوێستە سیاسسیەكان، بزوتنەوە سیاسییەكان، ئایدۆلۆجیەتە سیاسییەكان، فەلسەفەكان، پەیوەندی حزبایەتی‌و خێزانیش دەگۆڕێت. 
لێپرسراو دەستەی كارگێڕی، هەموو ئەوانەی بەگۆڕانی بابەتی ناوبردو هێمای بۆ ئەوەكرد كە رادیۆی گەلی كوردستان، لێپرسراوێتییەكی گەورەیان لەسەر شانەو وتی: ئەوەندەی لێپرسراوێتییەكەتان بۆ زیاتر هۆشیاركردنەوەو ئاراستەكردنی رایگشتییە، ئەوەندە لێپرسراوێتییەكەتان بۆ ئەوەنییە كە شانەو پۆل‌و كەرت‌و كۆمیتەكان پەروەردە بكەن، چونكە سەرەنجام دەمانەوێ‌ سیاسەتی یەكێتیی، گەلپەسەندبێ‌‌و تەئكیدی كردەوە: سەرەڕای ئەوەی ئەگەر هەر كێشە‌و گرفتێك هەبێ‌ یان نا، بەڵام ئێوە پێویستە بەسیاسەتێكی گونجاو، سیاسەتی راگەیاندنێكی كاریگەر بەردەوامبن، بۆئەوەی رایگشتی ئامادەبكەن‌و كاریگەربن لەسەریان ئەگەر حزبەكەمان رووبەڕووی هەر ئەگەر‌و پێشهاتێك بۆوە.
لەبارەی كۆی هەلومەرجی ئێستاشەوە، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لەناو منداڵدانی دۆخی ئێستادا، گۆڕانگاری گەورەو وەرچەرخانی گەورە هەم لەكوردستان‌و هەم لەناوچەكەش پێشبینی دەكەم. بۆیە پێویستە سیاسەتی ئێمەو بەرپرسیارێتی ئێمە بەو چەشنەبێ‌، كە بۆ هەر ئەگەرێك لەئەگەرەكان ئامادەبین، دەبێ‌ سیاسەتی رابەرایەتیكردن‌و زاڵبون بەسەر رووداوەكانماندا هەبێت، ئەمەش بەگواستنەوەی یەكێتییە لەقۆناغی رابردوو بۆ ئەم سەردەمە‌و یەكێتییەكی هاوچەرخ، ئەمەش بەوە دەبێ‌ كە لەكۆنگرەی ئاییندەدا سەراپا پێیدا بچینەوە.
بەخوێندنەوەی پەیوەندییەكان‌و هاوكێشەكانی نێوان عیراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەش، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: ئێمە لەدۆخێكی رۆژهەڵات ناوەڕاستی، هەرێمایەتی‌و عیراقیدا دەژین، كە تا ئێستا ناتوانین دەستەبەرمان هەبێت‌و وتی: ئەم دۆخە هەم ئەگەری مەترسیداری تێدایەوەو هەم دەرەتانی دڵخۆشكەرەشی تێدایە‌و راشگەیاند: كاری تێكۆشەر، كادری راگەیاندن‌و ئۆرگانی یەكێتی ئەوەیە، ئەوەی بەدڵمان نییە بیگۆڕین‌و ئەوەی ئامانجی جوانیشە بەخەباتی بۆ بكەین‌و بەدیبهێنین. چونكە كۆڵدان پیشەی تێكۆشەر سیاسی‌و راگەیاندنكارو كادری دەربەست نییە بەستراتیجی حزبەكەی، نەتەوەكەی، بەپرەنسیی دیموكراسی‌و مەدەنییەت، بەڵكو دەبێ‌ خەباتی بۆ بكەین‌و ئێوەش وەك رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان، خوێندنەوەی نوێتان بۆ روداوەكان هەبێت‌و لەژێر رۆشنایی ئەو خوێندنە نوێیانەش كاری خۆتان بكەن.