وادەی كۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان ئاشكرا بوو

کوردستان 15/04/2019

 چاودێر:

 بڕیارە سبەینێ شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆببنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم.
بەپێی زانیارییەكانی چاودێر، سبەینێ شاندی باڵای پارتی و گۆڕان كۆدەبنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
بەپێی ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی كە تا ئێستا واژۆنەكراوە، جێگرێكی سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی زیادكراوە.
   لای خۆیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند "هۆكاری دواكەوتنی واژۆكردنی پڕۆتۆكۆلی شێوازی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەسەر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، چونكە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان تەواویان نەكردووە دیارە نیگەرانیەك هەیە". 
ئاشكراشیكرد "پێم وایە سبەی سێ شەممە ئەو بابەتە كۆتایی پێدێت."
لەلایەكی دیكەوە فازیل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی بە مێدیاكانی حزبەكەی ڕاگەیاند، بەمنزیكانە لایەنەكان دەگەنە ڕێككەوتن لەسەر كێشەكان.